بەنزینخانەكان نرخیان دابەزاند " رێكاری توند و یاسایی دەستی پێ كرد"

:: PM:05:08:20/07/2026 ‌
دوای فەرمانەكەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە رێی وەزیری سامانەسروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت بڵاو كرایەوە و نرخی بەنزین كرا بە 850 دینار، رێككارەكانی دابەزاندنی نرخەكە دەستی پێ كرد و لە ئێستەوە ژمارەیەكی زۆر لە بەنزینخانەكان نرخەكەیان دابەزاند بۆ ئاستی داواكاری. 

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" نووسراوەكە لە سبەیەوە كاری پێ‌ دەكرێت، بەڵام لە ئێستەوە ژمارەیەكی زۆر لە بەنزینخانەكان نرخەكانیان دابەزاندووە بۆ ئاستی داواكاری كە 850 دینارە. 

لەلایەكی ترەوە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دووپاتی كردەوە كە لە سبەیەوە رێكاری توند و یاسایی بەرانبەر سەرپێچیكارانی بازاڕی سووتەمەنی لە تەواوی سنووری پارێزگای هەولێر دەست پێ دەكات.

باسی لەوە كرد، بڕیار و فەرمانی دابەزاندنی نرخی بەنزینیان گشتاندووە و سەرجەم فەرمانگە حكوومی و لایەنە تەناهیی و كارگێڕییە پێوەندیدارەكانیان لێ ئاگادار كردووەتەوە بۆ ئەوەی رێكارەكان بە باشترین شێوە جێبەجێ بكرێن.

جێی ئاماژەیە كە ماوەی چەند ڕۆژێك بوو نرخی بەنزین بۆ لیترێكی نۆرماڵ گەیشتە هەزار و 400 دینار، ئەوەیش نیگەرانی زۆری هاووڵاتییانی لێ‌ كەوتبووەوە، ئێستە بە فەرمانی مەسروور بارزانی نرخەكەی هێنرایە 850 دینار. 



وشە - وشه‌