"بیانووی گرانی دۆلار نەما و كاتی ئەوەیە نرخی خۆراك دابەزێت"

:: PM:06:01:20/07/2026 ‌
داوا دەكرێت هاوشێوەی نرخی بەنزین كە ئەمڕۆ بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دابەزێنرا، نرخی كەلوپەل و خۆراكیش دابەزێنرێ‌ كە گرانبوونی بیانووی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بووە و ئێستە نرخی دۆلار روو لە دابەزینە. 

بەراورد بە چەند مانگی رابردوو، نرخی خۆراك و پێویستی رۆژانە تاڕادەیەك بەرز بووەوە كە بە گوتەی بازرگانانی خۆراك، هۆكارەكەی پێوەندی بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە هەیە كە لەوكاتەدا 100 دۆلار بەرانبەر بوو بە 155 تا 158 هەزار دینار، بەڵام ئێستە نرخی دۆلار روو لە دابەزینە. 

ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمەریكی بە كەمتر لە 150 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە كراوە، هەرچەند هۆكارێكی روون بۆ ئەو دابەزینە نییە، بەڵام خواست لەسەری نەماوە و بەمشێوەیە بێ‌ زیاتر نرخەكەی دادەبەزێ‌.

ئینجا داواكاری هاووڵاتییان ئێستە ئەوەیە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی لیژنەكانی چاودێرییەوە نرخی كەلوپەل و خۆراك دابەزێنن، چونكە ئەو بیانووەی پێشوو كە نرخی دۆلار بەرز بوو ئێستە نەماوە. 

زانا ئەسعەد شارەزایی ئابووری و بازاڕ بە "وشە"ی گوت، پێش هەموو شتێك بازرگان دەبێت كەسێكی نیشتمانی بێت، ئەوەی لە كوردستان هەستی پێ كراوە لەگەڵ بچووكترین هۆكار نرخی كەلوپەل و خۆراك بەرز دەكەنەوە، بەڵام دواتر بە ئەستەم دێتە خوارەوە. 

روونیشی كردەوە ئێستە كاتی ئەوەیە گوشار بكرێت كە نرخی خۆراك و كەلوپەل لە بازاڕەكاندا بێتە خوارەوە، چونكە بیانووی دۆلار گرانی نەماوە، تەنانەت كرێی هاتوچۆیش بەهۆی دابەزینی نرخی بەنزین كەم بووەتەوە. 

بەگوێرەی بە دواداچوونی "وشە" جیاوازی نرخەكان بۆ گرانكردنی كەلوپەلی خۆراك زۆرن، بۆ نمونە ئەگەر پێشتر 10 كیلۆ برنجی پلە یەك بە 18 هەزار دینار بووبێت ئەوە لەماوەی رابردوو گەیشتووەتە 29 هەزار دینار، هەروەها بوتڵێك رۆنی زەیت كە پێشتر هەزار و 500 دینار بوو ئێستە گەیشتووەتە سێ‌ هەزار دینار بۆ سەرەوە. 

ئەو نرخانە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵك دروست كردووە، بۆیە داواكاری خەڵكی كوردستان ئەوەیە كە سەرۆك وەزیرانی كوردستان گوشار بكات بۆ دابەزاندنی ئەو نرخانە. 



وشە - وشه‌