ئەو لیژنەیەی كە چاودێریی نرخی بەنزین دەكات، دوای ئەوەی دوێنی نرخەكەی دابەزێنرا بۆ 850 دینار، دەڵێن، هەر بەنزینخانەیەك بنووسێ نۆرماڵ نەماوە، سزا دەدرێت تا ئاستی داخستن.
ئەمڕۆ سێشەم 21ی تەمووز، لەگەڵ ئەوەی یەكەم رۆژی بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین بوو، بەڵام بەشێكی زۆر لە بەنزینخانەكان نووسیویانە نۆرماڵ نەماوە و هاوكاری بڕیارەكەی حكوومەت نین و دەیانەوێ بە گران بیفرۆشن.
لە هەولێر "وشە" بەدواداچوونی كرد و لە چەندان بەنزینخانە نووسراوە نۆرماڵ نەماوە، یان نووسینەكە لانەدراوە و كاتێك شۆفێر دەچێتە ژوورەوە دەڵێن نەماوە، لە كاتێكدا بەنزینخانەكان بەردەوام بڕی پێویستی بەنزینیان هەیە و ئەمڕۆیش بەنزین هاوشێوەی رۆژانی تر بووە و خواستی زۆری لەسەر نەبووە.
لیژنەی چاودێری بەنزینخانەكان رایان گەیاند، لە بەدواداچوون بۆ ئەو كێشەیەی دروست كراوە، چونكە دڵنیان لەوەی بەنزینخانەكان بەنزینی پێویستیان هەیە و بە ئەنقەست دژی بڕیارەكەی حكوومەت نایفرۆشن.
ئەوان گوتیان، بڕیاریان بە دەست گەیشتووە و هەر بەنزینخانەیەك بنووسێ نۆرماڵ نەماوە، تووشی سزایەكی قورس دەبێت تا ئاستی داخستنیش.