بڕیارە سبەی چوارشەم 22ی تەمووز، دەست بە كڕینەوەی گەنمی جووتیاران بكرێت كە پێشتر بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان ئامادەكاری بۆ ئەوە كرابوو دوو كۆمپانیا گەنمەكە بكڕنەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 21ی تەمووز، هێمن سەید موراد بەرێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، رای گەیاند، لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گەنمی جووتیاران دەكڕدرێتەوە.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەمڕۆ كۆبوونەتەوە بە ئامانجی ئاسانكاریكردن بۆ جووتیاران و تاوتوێكردنی ڕێوشوێنەكانی كڕینەوەی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر.
دووپاتی كردەوە كە بڕیارە سبەی پرۆسەكە دەست پێ بكات، پێویستە جووتیاران سەردانی بەش و بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی سنووری ناوچەی خۆیان بكەن بۆ وەرگرتنی پشتگیری، تا بتوانن گەنمەكانیان ڕادەست بكەن.
پێشتر دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان رای گەیاندبوو كە گەنمی جووتیاران بۆ هەر تۆنێك 400 هەزار دیناری بۆ دانراوە و ئامانجەكەیش ئەوەیە بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ تووشی زیان نەبێـت.