ئەحمەد پشدەری: ئەمساڵ كوردستان پڕ لە هەنگوین بوو چوار جار زیاتر لە ساڵانی رابردوو

:: PM:02:17:22/07/2026 ‌
بەهۆی بارانی زۆر و بەفری ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان، رێژەیەكی زۆر هەنگوین هەیە و هەنگەوانێكیش رای دەگەیەنێت، لە زۆر شوێن دووجار هەنگ بڕاوەتەوە.

سەرۆكی رێكخراوی هەنگەوانانی كوردستان، وردەكاریی بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵی لە هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" خستەڕوو.

ئەحمەد پشدەری بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی باران و بەفری زستانی رابردوو، سەراپای كەژ و كێو و دەشتەكانی كوردستان لە وەرزی بەهاردا بوونە گوڵ، بەهارێكی تەڕ و درێژ هەبوو كە چەندان ساڵ بوو هەنگەوانان ئاواتەخوازی بوون.

باسی لەوەش كرد، ئەمساڵ ژینگەیەكی لەبار و گرنگ بۆ هەنگ رەخسا و رێژەی هەنگوین لە چاو ساڵانی پێشوو، چوار جار زیاتر بوو.

باسی لەوە كرد، رێژەی هەنگوین ئەوەندە زۆر بوو لە هەندێك ناوچەی كوردستان، هەنگەوانان دووجار هەنگوینیان لە هەنگەكانیان دەرهێنا.

پشدەری ئەوەشی گوت، ئەمساڵ دڕكەزەردەیەك هەبوو كە لە سەرەتای هاوین دەركەوت، شیلەیەكی زۆری هەبوو و هەنگوینەكەشی زۆر شیرین نییە و باشترین هەنگوینە، ئەو دڕكە زۆر بوو، بۆیە هەنگوینیش گەلێك زۆر بوو.

لەبارەی نەخۆشییەكانی هەنگ باسی لەوە كرد، ئەمساڵ نەخۆشیی هەنگیش كەم بوو، بەڵام هەنگەخۆرە زۆر بوو و زیانی لە هەنگی هەنگەوانان دا.

لەبارەی رێژەی هەنگوینی ئەمساڵ ئاماژەی بەوە دا، هێشتا رێژەكە دیار نییە، بەڵام دەزانین رێژەكە لە چاو ساڵانی پێشوو زۆر زیاترە و خەڵكێكی زۆریش هەنگ بەخێو دەكەن.

لە كۆتاییدا گوتی، پڕۆژەی هەنگەوانی پڕۆژەیەكی گرنگە لە كوردستان، چونكە ژیان پێوەستە بە هەنگەوە، هەر وڵاتێك هەنگی تێدا كەم بێت، رێژەی بەرهەمی كشتوكاڵیشی تێدا كەم دەبێت، چونكە زیاتر لە 75%ی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان هەنگ دەپیتێنێ .

بەپێی نوێترین توێژینەوەی زانكۆی سەڵاحەدین، هەنگوینی كوردستان خاوەن پێكهاتەی بایۆئەكتیڤی زۆر بەهێزە و تایبەتمەندیی چارەسەریی بەرزە.

زانكۆكە دەڵێت، بە پشتبەستن بە بەڵگەی تاقیگەیی پێشكەوتوو سەلمێنرا كە هەنگوینی هەرێمی كوردستان، هاوشانی هەنگوینی بەناوبانگی "مانۆكا"ی جیهانییە، ئەمەش دەروازەیەكی نوێ و گرنگە بۆ ناساندنی بەرهەمی ناوخۆیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

 



وشە - سۆران عەزیز