سامانی ئیلۆن مەسك جارێكی تر لە كەمیی دا

:: AM:09:29:23/07/2026 ‌
سامانی ئیلۆن مەسك جارێكی تر دابەزی و لە 1.1 تریلیۆن دۆلارەوە بووە 794 ملیار دۆلار، بەڵام هێشتا هەر یەكەمی دنیایە.

 بەردەوام هەواڵی بەرز و نزمیی سامانەكەی ئیلۆن مەسك بڵاو دەبێتەوە، بۆ خەڵكی ئاسایی مایەی تێنەگەیشتنە كە لەپڕ چاندان ملیار دۆلار دێتە خوارەوە، یان چەندان ملیار دۆلار یەكڕاست دەچێتە سەرەوە.

گۆڤاری فۆربسی ئەمەریكی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشكرای كردووە، سامانی ئیلۆن مەسك لە 1.1 تریلیۆن دۆلارەوە بۆ 794 ملیار دۆلار دابەزیوە. ئەم دابەزینە لە ماوەی تەنیا 40 ڕۆژدا بووە.

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا سامانەكەی گەیشتبووە تریلیۆنێك و 100 ملیار دۆلار، بەڵام لە ماوەی 40 ڕۆژدا نزیكەی یەك لەسەر سێی سەرمایەكەی كەمی كردووە.

ئەگەرچی لەم 40 رۆژەدا سامانی ئیلۆن دابەزیوە، بەڵام هەر هێشتا یەكەمی ناو دەوڵەمەندەكانی دنیایە. 

ئیلۆن مەسك خاوەنی چەندان كۆمپانیای زەبەلاح و جیهانییە كە بڕبڕەی پشتی سامانەكەی پێكدەهێنن. ئەو خاوەنی زۆرترین پشكەكانی كۆمپانیای سپەیس ئێكسە، هەروەها خاوەندارێتی كۆمپانیاكانی تێسلا، پلاتفۆرمی ئێكس (تویتەری پێشوو) و كۆمپانیای ژیریی دەستكردی xAI دەكات.

ناوی تەواوی (ئیلۆن رییڤ مەسك)ـە، بازرگانێكی كەنەدی- ئەمەریكییە، دایكی ئیلۆن مەسك كەنەدییە و باوكی خەڵكی ئەفریقای باشوورە، ئیلۆن لە شاری پرێتۆریا (pretoria) لە ئەفریقای باشوور گەورە بووە، ئیلۆن بۆ ماوەیەكی كاتی لە زانكۆی پرێتۆریا خوێندوویەتی پاشان ڕۆیشتووە بۆ كەنەدا و لە زانكۆی كوینز (Queen's University) خوێندوویەتی، پاشان چووە بۆ زانكۆی پێنسلڤێینیا كە لەوێ بڕوانامەی بەكالۆریۆسی وەرگرتووە لە بواری فیزیا و دارایی، لە ساڵی 1995 ڕۆیشتووە بۆ كەنەدا بۆ ئەوەی لە زانكۆی ستانفۆرد بخوێنێت، بەڵام دواتر بڕیار دەدات كە نەخوێنێت و دەست بكات بە كاری بازرگانی، یەكەم كاری بریتی بوو لە دامەزراندنی كۆمپانیای زیپ2 (Zip2) لەگەڵ براكەی بە ناوی كیمباڵ مەسك (Kimbal Musk) كە دواتر لەلایەن كۆمپانیای كۆمپاك (compaq)ـەوە لە ساڵی 1999 كڕا بەبڕی 307 ملیۆن دۆلار، لە هەمان ساڵدا كۆمپانیای ئێكس كۆم (X.com) دامەزرێنرا كە ئیلۆن یەكێك بوو لە هاوسەرۆكەكانی، كۆمپانیاكە بانكی ئۆنلاین بوو كە لە ساڵی 2002 لەگەڵ كۆمپانیای كۆنفینیتی (Confinity) یەكیان گرت و كۆمپانیای پەیپاڵ (PayPal)ـیان پێكهێنا، كە دواتر كۆمپانیای پەیپاڵ لە ساڵی 2002 فرۆشرا بە كۆمپانیای ئی بەی (eBay) بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار.

پاش جیابوونەوەی دایك و باوكی لە ساڵی 1980، ئیلۆن زیاتر لەگەڵ باوكیدا دەژیا لە شاری پرێتۆریا كە دواتر زۆر لەم بڕیارەی پەشیمان بووەوە، ئیلۆن زۆر رقی لە باوكی بوو، وەك خۆی دەگێڕێتەوە "باوكم مرۆڤێكی زۆر خراپ بوو، هەر شتێكی خراپ كە دەتوانیت بیری لێ بكەیتەوە ئەو ئەنجامی دابوو".

لە نزیك تەمەنی 10 ساڵیدا ئیلۆن حەزی لە بواری كۆمپیوتەر و یارییە ئەلیكترۆنییەكان دەكرد، خۆی فێری پرۆگرامكردنی كۆمپیوتەر كرد، تەنیا لە ڕێگەی بەكارهێنانی كتێب و كەتەلۆكەوە، لە تەمەنی 12 ساڵیدا كۆدی یارییەكی فرۆشت كە بە زمانی (BASIC) نووسرابوو بە ناوی (Blastar) بە كۆمپانیایەك بە ناوی (PC and Office Technology magazine) بە بڕی 500 دۆلار.

ئیلۆن بە منداڵی زۆر گاڵتەی پێ دەكرا، جارێك دەبرێتە نەخۆشخانە بەبۆنەی ئەوەی كە كۆمەڵە منداڵێك لە پەیژەوە هەڵیدەدەنە خوارەوە، لە ژیانی بازرگانیشیدا شكستی زۆری هێناوە، بەڵام زوو هەستاوەتەوە.




وشە - سۆران عەزیز