حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە كۆتایی بەقەیرانی بەنزین بێنێت، نرخ دابەزێت و خواستیش لەسەری كەم بێتەوە، بڕی دابینكردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك زیاد كرد.
دوای بڕیاری حكوومەتی هەرێم، لەمڕۆ پێنجشەمەوە ژمارەی بەنزینخانەكان كە بەنزینی پاڵپشتیكراو بە 750 دینار دەدەن زیاد كرا، لە هەندێك شار بۆ دوو هێندەی رۆژانی پێشوو زیاد كراوە.
حكوومەتی هەرێم، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی راسپاردووە هەموو هەوڵێك بدەن بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی و كۆتاهاتنی گرانیی بەنزین.
بەپێی زانیارییەكان، لە شاری هەولێر و سۆران ئەمڕۆ 55 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری و 850 دیناری دابەش دەكەن. پێشتر رۆژانە 20 تانكەر بەنزینیان بۆ دەچوو، ئەمڕۆ 50 تانكەریان بۆ چووە.
ئەمڕۆ لە 100 بەنزینخانەی هەولێر، 55 بەنزینخانە بەنزین دابەش دەكەن، رۆژانی دواتریش بۆ 45 بەنزینخانەكەی تر بەنزین دابین دەكرێت و ئەوانیش دابەشی دەكەن.
بڕیارەكەی حكوومەت دهۆك و سلێمانیشی گرتەوە و لەوێش دۆخەكە بەرەو هێمنبوونەوە چووە، "پێشتر رۆژانە لە دهۆك 324 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری بۆ پارێزگاكە دەچوو، ئەمڕۆ بڕەكە بۆ 396 هەزار لیتر زیادی كردووە.
لە سلێمانیش گۆڕانكاری لە بەنزیندا كراوە، بەپێی زانیارییەكانیش پێشتر رۆژانە تەنیا سێ تانكەر بەنزینمان بۆ بەنزینی پاڵپشتیكراو كە نرخی 750 دینارە دەچوو، ئەمڕۆ بووەتە چوار تانكەر و رۆژانی داهاتووش زیاتر دەبێت.
لە هەڵەبجەش پێشتر رۆژانە یەك تانكەریان بۆ دەچوو، ئەو بڕە بەشی پێویستییەكانی شارەكەی دەكرد و قەیران دروست نەبووبوو، بەڵام بڕیاری زیادكردنی ئەویش دراوە و رۆژانە دەكرێت بە دوو تانكەر.
لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی سووتەمەنی بەرزبوونەوەی پێوانەیی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێك لیتری بەنزینی سوپەر 1900 دیناری تێپەڕاند و نۆرماڵیش گەیشتە 1400 دینار.
حكوومەت نرخی لیتری بەنزینی نۆرماڵی بە 850 دینار، موحەسەن بە 1000 دینار و سوپەری بە 1200 دینار دیاری كردووە. چاوەڕێ دەكرێت هەفتەی داهاتوو كۆتایی بەقەیرانی بەنزین بێت و دۆخەكە بەتەواوی ئاسایی بێتەوە.