شووتی گران بووە و چاوەڕێی بەرهەمی پێنجوێنن نرخەكە داشكێنێت

:: PM:01:54:23/07/2026 ‌
نرخی شووتی لە عەلوەكانی سلێمانی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، كیلۆیەك بە كۆ گەیشتووەتە 750 دینار و لەسەر شەقام و دوكانەكانیش كیلۆی بە هەزار دینارە.

لەبارەی هۆكاری گرانبوونەكەیەوە سەروەر عەلی سەرۆكی عەلوەی سەندیكای سلێمانی گوتی، دوو رۆژە نرخی شووتی لە عەلوەكانی سلێمانی بەرز بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی كەمبوونەوەی بەرهەم و زیادبوونی خواست لەسەری.

پێشتر یەك كیلۆ شووتی بە كۆ بە 300 بۆ 400 دینار بوو. سەروەر عەلی گوتی: "ئێستە گەیشتووەتە 750 دینار و لە بازاڕەكانیشدا بە هەزار دینار و زیاتر دەفرۆشرێت."

سەرۆكی سەندیكای عەلوەی سلێمانی دەڵێت: "پێشتر شووتیی خۆماڵیمان لە شارەزوور و هەولێرەوە بۆ دەهات، بەڵام ئێستە ئەو بەرهەمە زۆر كەمی كردووە، چاوەڕێ دەكەین هەفتەی داهاتوو شووتیی پێنجوێن پێ بگات و بگاتە عەلوەكانمان، ئەوكات نرخەكەی دادەبەزێتەوە."

هاوكات لە هەولێریش شووتی گران بووە و نرخەكەی هەمان نرخی سلێمانییە، لەسەر شەقامەكان بە هەزار دینارە و لەسۆپەرماركێتەكان بە هەزار و 250 دینارە.



وشە - سۆران عەزیز