هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی زیاتری دۆخی كەنداو و بەردەوامبوونی بێ هیچ هیوایەك بۆ ئاگربەست و دەست پێكردنی گەڕێكی تری دانوستانەكان، ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بۆ سەرووی 100 دۆلار بۆ بەرمیلێك هەڵكشا، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ ئەگەری زیاتری بەردەوامبوونی پەرەسەندنەكان و فرەوانبوونی بازنەی شەڕ.
ئەمڕۆ ئێوارە نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی
برێنت 6% زیادی كرد و نرخەكەی گەیشتە سەرووی 100 دۆلار، كاتێك بەیانی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێكی 2,2 دۆلار یان 2.3% بەرز بووبووەوە گەیشتبووە 96.27 دۆلار، كە بەرزترین نرخە لەوەتەی 8ی حوزەیرانی رابردوو، هەروەها نرخی بەرمیلێك خاوی رۆژئاوای تەكساس 1.65 دۆلار یان 1.9% بەرز بووەوە نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 88.48 دۆلار.
ئەو هەڵكشانەی نرخی نەوت لە دوای راگەیاندنی سوپای پاسدارانی ئێران دێت بەوەی كەشتییەكی نەوتبەر لە باشووری گەرووی هورمز سووتاوە و دووپاتی لەوەش كردەوە كە گەرووەكە لەژێر كۆنترۆڵیدایە و رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ كەشتییەك بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران نادات، ئەوە هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا بۆ 12مین شەو لەسەر یەك.