نرخی زێڕ بەردەوامە لە دابەزین

:: AM:09:18:24/07/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 24ی تەمووزی 2026، نرخی زێڕ بەردەوام بوو لە دابەزین، دوای ئەوەی بەهۆی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران و گرژییەکانی ناوچەکەوە جارێکی تر نرخی نەوتی برێنت 100 دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی مەترسییەکان لەسەر هەڵاوسان و بەهێزبوونی پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، لە ئەنجامدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 4030 دۆلار دابەزی.

نرخی زێڕ لە مامەڵە راستەوخۆکاندا بە ڕێژەی 0.4% دابەزی و گەیشتە 4030.09 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، بەمەش زیاتر لە 130 دۆلار لەو نرخە بەرزەی ڕۆژی چوارشەم تۆماری کردبوو، دوور کەوتەوە. هەروەها گرێبەستەکانی ئەمەریکا بۆ زێڕی مانگی ئاب بە ڕێژەی 0.4% دابەزین و گەیشتنە 4033.20 دۆلار. سەرەڕای ئەم دابەزینە، پێشبینی دەکرێت زێڕ لەسەر ئاستی هەفتانە قازانجێکی کەمی 0.4% تۆمار بکات.

براین لان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گۆڵد سیڵڤەر سێنتراڵ ڕای گەیاند، لەسەر ئاستی کورتخایەن، پێشبینیی ناجێگیریی زیاتر دەکەین... زێڕ لە نێوان 3980 دۆلار و 4170 دۆلاردا مامەڵەی پێوە کراوە و چەندین هەفتەیە لەو چوارچێوەیەدا ماوەتەوە. هەر جارێک نرخەکان لە 4000 دۆلار نزیك دەبنەوە یان کەمێک دادەبەزن، کڕیارە گەورەکان دەردەکەون و جارێکی تر نرخەکەی بەرز دەکەنەوە.

هۆکاری سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییانە دەگەڕێتەوە بۆ هەڕەشەیەکی دوێنێی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر ئێران، دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سعودی لە دەریای سوور، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی 7% و بۆ یەکەمجار لە مانگی ئایارەوە 100 دۆلاری تێپەڕاند.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت مەترسییەکانی هەڵاوسان زیاد دەکات، ئەمەش وا دەکات پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەهێزتر بن. هەرچەندە زێڕ بە شێوەیەکی گشتی وەک قەڵغانێک دژی هەڵاوسان سەیر دەکرێت، بەڵام لە کاتی بەرزبوونەوەی سوودی بانکیدا، خواست لەسەری کەم دەبێتەوە چونکە هیچ قازانجێکی نییە.

بازاڕەکان چاویان لەسەر کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمەریکایە. هەرچەندە پێشبینی دەکرێت لەم کۆبوونەوەیەدا گۆڕانکاری لە نرخی سووددا نەکرێت، بەڵام بازرگانان ئەگەری 81%ی بەرزکردنەوەی سوود لە مانگی ئەیلوولدا دەبینن. بانکی ناوەندیی ئەوروپاش نرخی سوودی وەک خۆی هێشتووەتەوە، بەڵام دەرگای بۆ بەرزکردنەوەی لە مانگی ئەیلوولدا واڵا کردووە.

سەبارەت بە کانزا بەنرخەکانی تر، نرخی زیو بە ڕێژەی 0.7% دابەزی و گەیشتە 57.29 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، بەڵام لەسەر ئاستی هەفتانە قازانجی 2.5%ی تۆمار کردووە. نرخی پلاتین بە ڕێژەی 1.3% دابەزی و گەیشتە 1579.49 دۆلار، هەروەها پلادیۆم بە ڕێژەی 1.5% دابەزی و گەیشتە 1237.50 دۆلار، هەردووکیان بەرەو زیانێکی هەفتانە دەچن.



وشە - پۆڵا مەحموود