جەنگی ئەمەریكا و ئێران زیانی 45 ملیار دۆلاری بە عێراق گەیاندووە

:: AM:10:03:25/07/2026 ‌
له ئەنجامی داخرانی گەرووی هورمز كە شادەماری هەناردەكردنی نەوتی عێراقە بۆ دەرەوە، بەغدا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا گەورەترین زیانی پێگەیشتووە، بەهۆی كەمیی هەناردەكردنی نەوت كە 90%ی داهاتی سەرەكی وڵات پێكدەهێنێت.

موزهیر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری دارایی عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق ئاشكرای كرد، زیانەكانی عێراق لە سەرەتای دەسپێكی جەنگ لە ناوچەكە لە نێوان 40 تا 45 ملیار دۆلاری ئەمەریكییە.

زیاتر گوتی، ئەو زیانە گەورەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ كەمتر لە 10% ئاستی هەناردەكردن لە پێشوو دابەزیوە، ئەمەیش وایكردووە پڕۆژەكانی گەشەپێدان كە پێشتر حكوومەت پارەداری دەكردن، بە تەواوی بوەستێ و ڕووبەڕووی كورتهێنانی گەورە ببینەوە.

ساڵح هۆشداریی دا، تێچووی جەنگ لەسەر عێراق زۆر بەرزتر دەبێتەوە ئەگەر جەنگەكە بۆ ماوەیەكی درێژتر بەردەوامی هەبێت. 

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ئێستە عێراق بۆ خەرجكردنی مووچەك و چاودێری كۆمەڵایەتی لەسەر هێڵی سووری دۆخی داراییە، مانگانە مووچەی نزیكەی نۆ ملیۆن مووچەخۆر پێویستی بە هەشت تریلیۆن دینارە و ئەو داهاتەی مانگانەیش دەست بەغدا دەكەوێ، بەشی تەنانەت خەرجكردنی مووچەیش ناكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د