وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ شاندێكی حكوومەتی فیدراڵ كۆبووەوە، بەدواداچوونیان بۆ یەكخستنی سیستمی گەراجەكان، مەنەفێست و كارتی تۆماری ئۆتۆمبێل كرد.
وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێم بە یاوەریی ڕاوێژكاران لە دیوانی وەزارەت لە شاری هەولێر، پێشوازیی كرد لە شاندێكی وەزارەتی گواستنەوەی حكوومەتی فیدراڵ.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا بەدواداچوون بۆ یەكخستنی سیستمی گەراجەكان، مەنەفێست و كارتی تۆماری ئۆتۆمبێل لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەی حكوومەتی فیدراڵ كرا، بۆ سنوورداركردنی گواستنەوەی لە دەرەوەی هێڵە فەرمییەكان .
بەپێی راگەیەنراوەكە، د. ئەحمەد مووسەوی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتی بۆ بەڕێوەبردنی گواستنەوەی تایبەت سەربە حكوومەتی فیدراڵ ئامادەبوو، پێشنیاری حكوومەتی فیدراڵی بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی خستەڕوو، بە مەبەستی رێكخستنەوەی سیستمی نوێی دیجیتاڵی بۆ مەنەفێستی ئۆتۆمبێل و هێڵەكانی دەرەوە و رێكخستنی گەراجەكانی گواستنەوە.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم، گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانی ئەلیكترۆنی كەرتی گواستنەوەی لە هەرێم بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، كە ئێستە لە قۆناغێكی پێشكەوتوودایە و ئاسانكاریی زۆری بۆ شوفێران هاووڵاتییان كراوە لەم بوارەدا.
وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە میانی دیدارەكەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی سیستمی جووڵەی ئۆتۆمبێل لە نێوان گەراجەكانی حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، ڕێكارەكانی یەكخستنی كارتی تۆماری ئۆتۆمبێل بەشێك بوو لە گفتوگۆی كۆبوونەوەكە، هەروەها یەكخستنی سیستمی مەنەفێستی ئەلیكترۆنی بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم گوتوویەتی، ئەم هەنگاوە ئامانجی دڵنیابوونە لە ئاڵوگۆڕی زانیاری بە ئاسانی و ڕێكخستنی كارەكانی گواستنەوە، بەپێی میكانیزمە ستانداردەكان و یەكخستنەوەیان.