بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە رێككەوتنی بۆری نەوتی نێوان عێراق و توركیا كۆتایی بێت، پێشتر توركیا رای گەیاندبوو كە نایەوێ بە مەرجەكانی پێشوو رێككەوتنەكە نوێ بكاتەوە، بۆیە لە ماوەی رابردوو دانوستان لە نێوان هەردوو وڵات بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ و بەردەوامبوونی هەناردنی نەوتی عێراق لە رێگەی توركیا دەستی پێ كرد، سەرچاوەیەك باسی سەردانی شاندێكی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ توركیا دەكات.
سەرچاوەكە ئاماژەی كرد كە بەم دواییە شاندێكی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆكایەتیی نەسیر عەزیز بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری بەرهەمهێنان و ئەندامیەتی نزار شەتری بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بەبازاڕگەیاندن و و فەیسەڵ حەمادی رەمەزان بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتی باكور، سەردانی توركیایان كرد بۆ رێككەوتن لەسەر میكانیزمێكی نوێ بۆ هەناردنی نەوتی عێراق لە رێگەی توركیا.
بەپێی سەرچاوەكە شاندەكە لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی توركیا گفتوگۆیان لەبارەی رێككەوتنی بۆری نەوتی عێراق- توركیا و زیادكردنی قەبارەی هەناردنی نەوت كردووە، جیا لە پاراستنی بۆرییەكە لە كەركووكەوە تا بەندەری جەیهان و میكانیزمەكانی زیادكردنی بەرهەمهێنان.
ئەو سەردانەش پێش سەردانێكی چاوەڕوانكراوی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دێت، كە بڕیارە بەمنزیكانە ئەنجامی بدات و چەند رێككەوتنێك واژوو بكەن، بەتایبەتی لە بوارەكانی نەوت و وزە و بازرگانیدا.