دابەشكردنی هاوكاریی دارایی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەر رزگاربووانی دەستی داعش، بۆ هەردوو مانگی پێنج و شەش دەستی پێ كرد.
سەرۆكی لقی شێخانی بنكەی لالش رای گەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەم 28ـی تەمووز، پرۆسەی دابەشكردنی هاوكاریی دارایی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەسەر رزگاربووانی دەستی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، بۆ هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران "پێنج و شەش" دەستی پێ كرد.
پرۆسەكە لە شارۆچكەی شێخانەوە دەستی پێ كردووە و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ناوچەكانی شاریا و خانكێ و كەمپەكانیش بگرێتەوە.
ئازاد موراد سەرۆكی لقی شێخانی بنكەی لالش گوتی، بڕی هاوكارییەكە بۆ هەر كەسێك 150 هەزار دینارە و بەشێوەی تاكەكەسی دەدرێت، بەبێ گوێدانە تەمەن و رەگەزی رزگاربووەكان.
روونیشی كردەوە، ئەگەر خێزانێك چەند رزگاربوویەكی تێدابێت، هەریەكەیان بە جیا بڕی 150 هەزار دینارەكەیان پێ دەدرێت. بە كۆی گشتی زیاتر لە سێ هەزار و 500 كەس لەم بڕیارەدا سوودمەند دەبن.
هەروەها باسی لەوەش كرد، پاڵپشتییەكانی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا لە رووی داراییەوە نییە، بەڵكو هاوكاریی دەروونی بۆ رزگاربووان دابین دەكرێت. هەر رزگاربوویەك ئارەزووی خوێندنی هەبێت تا قۆناغی زانكۆ، سەرجەم تێچووەكانی لە ئەستۆی حكوومەت دەبێت.
بەگوتەی ئازاد موراد، هەر رزگاربوویەكی دەستی داعش تا ئێستە ناوی تۆمار نەكراوە، دەتوانێت لە رێگەی لینكێكی تایبەتەوە ناوی خۆی تۆمار بكات، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی وڵاتیش بێت.
لە ساڵی رابردووەوە بە بڕیار مەسروور بارزانی، پڕۆژەی پاڵپشتیی دارایی و دەروونی بۆ رزگاربووانی ئێزیدی لە دەستی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش راگەیەنرا.