نەجووڵاندنی هیچ كەیسێك لە دژی شاسوار پێوەندی بە قوباد تاڵەبانییەوە چییە؟

:: PM:09:18:26/08/2023 ‌

شاسوار عەبدولواحید، ئەو بازرگانە قۆڵبر و ساختەچییەی كە ئەگەر بەهۆی دەستوەردانی حزب و پاڵپشتیی كەسانێك نەبێت، دەمێك بوو سوچی زیندان جێگەی بوو، چونكە پارەی نۆ هەزار خاوەن پشكی خواردووە و بە دەیان ملیۆن دۆلاری حكوومەتیشی لایە، بەڵام لایەنێك پاڵپشتیی دەكات و رێگە نادات یاسا كاری خۆی بكات لە سنوورەكە، هەر ئەوەشە وای كردووە مافی ئەو خاوەن پشكانە نەدرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەو خەریكی ساختەچیەتی و كاری لابەلایە و پێشتریش چەندان دۆسەی لەسەر بووە.

 ئەو بازرگانە بەرژەوەندیخوازە، هێشتا هیچی بە هیچ نەكردووە و هیچ شانازییەكی لەم هەرێمەدا نییە، 100 ملیار دیناری خەڵك و حكوومەتی خواردووە، بەشێكی ئەو پارەیە هی خاوەن پشكەكانە، كە ژمارەیان نۆ هەزار خاوەن پشكە و هیچ حیسابیشیان بۆ ناكات، خاوەن پشكێك دەڵێت، ئەگەر شاسوار پاڵپشتیی حزبی نەبێت، هەموو تەمەنی لە سوچی زیندان بەڕێ دەكرد و نەیدەتوانی پارە و مافی خەڵك بخوات و قسەی گەورە بكات.

لەوبارەوە نەژاد مەحموود، خاوەن پشكێكی چاڤی لاند، بە "وشە"ی گوت، با هەمووان ئەوە بزانن كە بۆچی هیچ كەیسێكی یاسایی لە دژی شاسوار ناجووڵێندرێت، ئەمە پێوەندی بە كەسانێكەوە هەیە لەناو یەكێتی، بەتایبەتی قوباد تاڵەبانی، بۆیە شاسوار پیاوی خۆیانە و هەرچی سكاڵایەك لە دژی بجووڵێندرێت، پووچەڵ دەكرێتەوە و كاری لەسەر ناكرێت، لە ماوەی رابردوو لە بنكەكانی پۆلیس لە شاری سلێمانی بە دەیان سكاڵا لە لایەن خاوەن پشكەكانەوە لە دژی شاسوار تۆمار كراوە، بەڵام هیچ سكاڵایەكیان رێڕەوی خۆی نەگرتووە، دوایینجاریش بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس چووین بە شوێنی شاسوار بۆ ماڵەكەی، بەڵام حیسابی بۆ پۆلیسیش نەكرد.

ئەو خاوەن پشكە باسی لەوەش كرد، بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندی بە یەكیان دەبەستێتەوە، ئەمە وای كردووە كە شاسوار لە دەرەوەی یاسا بێت، پارەی هەزاران خاوەن پشكی خواردووە، بەڵام چونكە لەگەڵ خۆیانە و پیاوی خۆیانە، هیچی بەرانبەر ناكرێ و دادوەرەكانیش بە فەرمانی سەرەوە هیچ رێكارێكی یاسایی بەرانبەر ناگرنە بەر، ئەگەرنا شاسوار پیاوی زیندانە نەك سەر شاشە و قسە و خۆڵكردنە چاوی خەڵك و بەكارهێنانی خەڵك و گەنج بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی، بۆیە شاسوار بووكەڵەیەكە و هەڵی ئەپەڕێنن و داوای هەرچی لێ بكەن دەیكات.

بە پێی زانیارییەكان، خاوەن پشكەكان سەروو 22 ملیۆن دۆلاریان داوەتە پڕۆژەی چاڤی لاند، كە 30 ملیار دینار دەكات، ئەوەش ئاشكرایە پارەیەكی زۆری حكوومەتی لایە كە سەروو 70 ملیار دینارە، ئەو كابرایە هیچ نەبووە ئەو هەموو پارەی خواردووە، دەبێت سبەی ئەگەر ببێتە شت و بڕیار بە دەست چاوەڕێی چیی لێ بكرێت و چی بەسەر خەڵك بێنێت.

لای خۆیەوە ئامانج حوسێن، خاوەن پشكێكی تر لە پڕۆژەی چاڤی لاند بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هیچ كەسێك وەك ئێمە شاسوار و دارودەستەكەی ناناسێت، دەبێت خەڵك وشیار بێت و دوای ئەو كابرایە نەكەوێت، چونكە كەسێكە تا بڵێی بەرژەوەندیخوازە، قسەكانی باق و بریقە و وا خۆی نیشان دەدات كە دڵسۆز و خەمخۆری خەڵكە، بەڵام ئەو كەسە بازرگانە، تەنیا خۆی مەبەستە، خەڵك بەكاردێنێت بۆ ئەوەی گوشار لە حكوومەت بكات، ئەگەر رێگری نەبێت بۆ هەر یەكێك لەو خاوەن پشكانە، دەبوو شاسوار چەند ساڵێك زیندان بكرێت، كەسێك دزی دەكات بۆ ماوەیەكی زۆر دەگیرێت، بەڵام شاسوار بە ملیۆنان دینار پارەی خواردووە و نایداتەوە، دەبێت چ سزایەك چاوەڕێی بكات؟

پێوەست بەو پرسە د. جیهاد حەسەن، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی شاسوار عەبدولواحید بازرگانی شاری سلێمانی لەگەڵ خەڵكی كردوویەتی و بە ناوی پشك و كاری تر ئەو هەموو پارەیەی خواردووە، ئەگەر لایەنێك و پاڵپشتی چەند كەسێك نەبوایە، دەمێك بوو لە سووچی زیندانەوە چاوەڕێی یەكێكی دەكرد بچێت سەردانی بكات، چونكە ئەوەی ئەو لەگەڵ خەڵك كردوویەتی و ئەو پارەی كە خواردوویەتی، مافی هەزاران كەس و خێزانە و سزاكەی زیندانیكردنە، نەك بەو شێوەی ئێستە ئازادانە بسووڕێتەوە و قسە بكات و خۆی گەورە نیشان بدات و كەسیش نەبێت پەنجەی بۆ درێژ بكات، چونكە پشتی هەیە و كەسێكە بەكاری دێنن.

ئەو باسی لەوەش كرد، ئەو كەسە ناتوانێت لە خواردنی موڵكی گشتی بەردەوام بێت، ئەو پارەیەی كە ئەو بە قەرز بردوویەتی و نایداتەوە، پارەی میلەت و خەڵكە، سەتان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گرنگی پێ دەكرێت، حكوومەت بە شەق لێی وەردەگرێتەوە، ئەوكات رووی راستەقینەی ئەو كەسە بۆ خەڵك دەردەكەوێت، كە چۆن ساڵانێك خەڵكی بەكار هێنا بۆ ئەوەی قەرزەكانی نەداتەوە بە حكوومەت و چەواشەكاری بكات و خەڵك بگەوجێنێت، بۆیە ئەگەر دەستوەردان لە دۆسیە و سكاڵاكانی سەری نەكرێت، دەمێك بوو یاسا كاری خۆی لەگەڵ كردبوو و هەموو شتێكی بۆ بڕاندبووەوە، ئەوكات دەیزانی ئازادی رادەربڕین چییە و چۆنە؟

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت