نرخی دۆلار لەوە زیاتر هەڵدەكشێت؟

:: PM:06:14:20/09/2023 ‌

رەنگە بۆ كەسێكی ئاسایی هەڵكشان و دابەزینی نرخی دۆلار ئەوەندە گرنگ بێت كار لە نرخ لە بازاڕ بكات، واتە مامەڵە و كڕین و فرۆشتن و كرێ و هیتریش، بەڵام شارەزایانی ئابووری و دارایی لێكدانەوە و خوێندنەوەی قووڵتریان هەیە، تا ئێستە بانكی ناوەندی و حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلار چارەسەر بكات و ئەوەی كردوویەتی تەنیا رێگرتن بووە لە تەقینەوەی نرخەكەی و داتەپینی نرخی دینار، چونكە هۆكارەكان لە دەستی خۆی نین، شارەزایەك باسی ئەگەرێكی قورستر لەوەی ئێستە دەكات.

ئێستە محەمەد شیاع سوودانی لە ئەمەریكایە، تەنگژەی دۆلار یەكێكە لە بابەتەكانی هەگبەكەی و لەوێ، كە سەرچاوەی دۆلار و بڕیارە، خەمەكانی هەڵدەڕێژێت و داوای پاڵپشتی و یارمەتی و دەستسووكی لە واشنتن دەكات، بەڵام ئەگەرەكانی ئەوەی داواشی دەكات لاوازە، چونكە پێشوەختە مەرجەكانی واشنتن دەزانێت كە دەستبەرداربوونی لە مامەڵەی رەش بە دۆلار و بەقاچاخبردنیەتی بەرەو ئێران و ئەو وڵات و لایەنانەی سزای ئەمەریكایان لەسەرە، ئەو بابەتەی دەركەوت عێراق لەبەرانبەری دەستەوەستانە و ناتوانێت كۆنترۆڵی بكات.

فیراس موسەلەماوی، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، بەهۆی هەڵكشانی نرخی دۆلارەوە، پەرلەمان مێوانداریی پارێزگاری بانكی ناوەندی كرد، ئەو هۆكاری هەڵكشانەكەی بۆ چەند فاكتەرێكی ناوخۆیی و دەرەكی گەڕاندەوە، لە فاكتەرە دەرەكییەكان، خۆدزینەوەی بازرگانان لە دانی باج و كڕینی دۆلار لە بازاڕی رەش، جیا لە بوونی چەند بەربەستێكی ئیداری وەك ئەوەی دۆلاری بوێت پێویستە كۆمپانیایەك تۆمار بكات.

روونی كردەوە، بانكی ناوەندی هەوڵی داوە ئەو بەربەستانە لابدات، بەوەی بڕیاری داوە بە رێگەدان بە كەسەكانیش بۆ كڕینی دۆلار ئەگەر هاوردەكاری كاڵا بێت، بەڵام پێویستە پابەندی ئەوە بێت كە ئەو كاڵایەی دەیهێنێت بۆ وڵات پێویست بێت و بازرگانییەكی راستەقینە و بە وەسڵی راستەقینە بێت، لە پاڵ ئەوانە بانكی ناوەندی پێشنیازێكی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ چاوخشاندنەوە بە رێژەی باج لەسەر كالاكان و كەمكردنەوەی، ئەوەش بۆ هاندانی بازرگانان بۆ كڕینی دۆلار لە دەروازە فەرمییەكانەوە، هەروەها چەندان باندی گەورەی قاچاخی دۆلار گیراون.

لەبارەی هۆكارە دەرەكییەكان موسەلەماوی دەڵێت، ئەوەش پێوەستە بە سیاسەتەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، كە ئەوەش لە دەرەوەی دەسەڵاتی بانكی ناوەندییە، بۆیە پێشبینی دەكرێت دۆسیەی نرخی دۆلار لەو دۆسیانە بێت كە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەردانەكەی ئێستەی بۆ ئەمەریكا باسی دەكات، بۆیە رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا نرخی دۆلار بەرە بەرە دابەزێت و بەو شێوەی كار لە بازاڕ نەكات.  

لای خۆیەوە ئەحمەد فوئاد شوكری، توێژەری دارایی پێشبنی بەردەوامیی هەڵكشانی نرخی دۆلار دەكات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تا ئێستە حكوومەت رێوشوێنی راستەقینەی بۆ رێگرتن لە هەڵكشانی نرخەكەی نەگرتووتە بەر و ئەوەی كردوویەتی چەند رێوشوێنێكی خۆپارێزییە.

شوكری روونی كردەوە، حكوومەتی قەدەغەی مامەڵەكردنی بە دۆلار لە بازاڕی ناوخۆیی كرد، توانی تا ئاستێك ئەوە بكات، بەڵام بڕێكی زۆر لە كالایانەی عێراق لە دەرەوە هاوردەیان دەكات، لە وڵاتانی دراوسێ دێن كە سزای ئەمەریكایان لەسەرە وەك سووریا و ژمارەیەك كۆمپانیای توركی و ئێرانی كە بە تەواوەتی قەدەغەی مامەڵەكردنیان بە دۆلار لەسەرە، بۆیە تا ئێستە حكوومەتی عێراق میكانیزمێكی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە و كڕین و پارەدان دانەناوە.

ئەو توێژەرە داراییە ئاماژە دەكات، چەند هۆكارێكی تر هەن كە حكوومەت ئاوڕی لێ نەداونەتەوە، لەوانە بودجەی گەورەی وڵات كە مەترسیدارە و پێشبینی خراپ و نەرێنی دروست كردووە، هەروەها بەرزیی رێژەی هەڵاوسان و قەرزەكانی دەرەكیی عێراق، كە هەموو ئەوانە بوونەتە هۆی دابەزینی نرخی دیمار بەرانبەر بە دراوی بیانی بە گشتی، بەو پێیەی كە عێراق وابەستەیە بە دۆلار، ئاساییە ئەو هەڵكشانەی نرخەكەی رووبدات.

شوكری دەڵێت، ئەوانە هەمووی لەپاڵ هۆكاری سەرەكی و گەورەی هەڵكشانەكە سزاكانی ئەمەریكایە كە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ماوەی دوایی، كە رەنگە سزای زیاتر و توندتر بخرێتە سەر بانكی ناوەندی عێراق، ئەوكات عێراق تووشی دۆخێكی سەختتر و شۆكێكی گەورە دەبێتەوە، هەرچی حەواڵەی دەرەكییە، ئێستە تەنیا بە دەستی بانكی فیدراڵی ئەمەریكییە و ئەوەش مەترسییەكانی سەر حكوومەتی عێراقی زۆ رگەورە كردووە.

ئەمڕۆ جاسم مووسەوی، پەرلەمانتاری عێراق ئاشكرای كرد كە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند دیدارێك لەگەڵ ئەمەریكییەكان ساز دەكات لەبارەی تەنگژەی نرخی دۆلارەوە، دووپاتی كردەوە كە پێویستیمان بە جۆرێك لە لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، چونكە ئەو هاوبەشە لە هاتنی دۆلار لە بانكی فیدراڵییەوە و پێویستە لەو قۆناغەدا رەچاوی دۆخی عێراق بكرێت.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل