"دوور نییە بەهۆی پەكەكەوە كوردستان ببێتە گۆڕەپانی جەنگ و زیان بە خەڵك و نیشتمان بگات"

:: PM:09:04:23/09/2023 ‌

پەكەكە، ئەو گرووپە چەكدارە نایاساییەی دەیان ساڵە لە هەرێمی كوردستان چالاكیی گوماناوی هەیە، كەچی بەرانبەر بە خاك و نیشتمان و پێشمەرگە نمەك بە حەرام دەرچوون، لەناو خاكی هەرێم ژیانی خەڵكی ناوچە سنوورییەكانی خستووەتە مەترسییەوە، بۆیە دەبێت ئەو گرووپە چەكدارییە لە هەرێمی كوردستان دەربكرێت و ناچار بكرێت بەجێی بێڵێت، چونكە سەلماندیان كە نە كوردن و نە كار بۆ بەرژەوەندی كوردستان دەكەن، كاریان بووەتە راكێشانی بۆردمان و ترس و تۆقین و لەشكركێشیی وڵاتان بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان.

پەكەكە دەڵێ لە سنوورەكانی هەرێم لە ‌ناوچە دوورەدەستەكانی وەك پێنجوێن و شارباژێر شەڕی توركیا دەكەن، چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە كە دەبێت پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستان جێبێڵێت، چونكە شوێنی ئەوان باكور و ناوچەی ترە، هێزێكی نایاسایی و بێ مۆڵەت و چەكدارن و بوونەتە مەترسیی گەورە بۆ سەر خاكی كوردستان و هاووڵاتییانی هەرێم.

لەوبارەوە ئارام عەدنان، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە دەڵێت خەبات بۆ باكور دەكەین، 40 ساڵە پەكەكە وەك ئەوەی ئاو بكاتە ناو سوزگی هیچی دیار نییە، ئەمە كەی خەباتی پێ دەڵێن، كە هەرێمی كوردستانی بەتەواوی رووبەڕووی مەترسی كردووەتەوە، بەهۆیەوە توركیا هەڕەشەی هێرش و بۆردمانی ناوچەكان دەكات، بۆیە پەكەكە هێزێكی مەترسیدارە و چەند زوو لەناو خاكی هەرێمی كوردسان وەدەرنرێ هێشتا درەنگە.

روونی كردەوە، ئەوانە نە مۆڵەتیان هەیە و نە كوردن و نە كوردایەتیش دەكەن، بەڵكو بۆ ئەوە دروستبوون كە ببنە هۆكاری دروستكردنی كێشە بۆ هەرێمی كوردستان و تێكدانی دۆزی رەوای گەلی كورد، بۆیە شتێك هەبێت بەناوی كوردایەتی لای پەكەكە نییە، بەرنامەی ئەوان جیاوازە و هیچ پێوەندییەكی بە كوردەوە نییە و بیروبۆچوونیشیان جیاوازە، بەنایاسایی لەناو خاكی هەرێم ماونەتەوە.

"هەرێمی كوردستان هیچ مەترسی لەسەر وڵاتانی درواسێ نییە و پێوەندی زۆر باشی لەگەڵ ناوچەكە و وڵاتان هەیە، بۆیە ناكرێ پەكەكە بێت و ببێتە هۆكاری نانەوەی كێشە لە نێوان هەرێم و وڵاتانی دراوسێ، ئەگەر پەكەكە راست دەكات، باكور زۆر لە هەرێم باشتر و گونجاوترە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان بە بێ جیاوازی رێگەچارەیەك بۆ پەكەكە دابنێن و لە كوردستان بیكەنە دەرەوە، چونكە وا بڕوات بەتەواوی دەبێتە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر هەرێم و دوور نییە بەهۆی پەكەكە لە ماوەی ساڵانی داهاتوو كوردستان ببێتە گۆڕەپانی جەنگێكی فراوان و دواجار ئەوەی زیان دەكات خەڵك و نیشتمانەكەمانە"، ئارام عەدنان، چاودێری سیاسی وای گوت.

لای خۆیەوە سەركۆ جەمال، چالاكی مەدەنی بە "وشە"ی گوت، نابێت پەكەكە لە هەرێمی كوردستان بوونی هەبێت، هیچ وڵاتێك رێگە بەوە نادات لە دەرەوەی حكوومەت و دامەزراوە فەرمییەكان هێزی تر هەبێت ئازادانە و بەبێ گەڕانەوە بۆ حكوومەت و رێنمایی و مەرجەكان و بێ مۆڵەت كاری چەكداری بكات، لە هەمانكاتیشدا گرفتی گەورە بۆ حكوومەت دروست بكەن و حیساب بۆ داودەزگەكانی نەكەن و بە ئاشكرا دژایەتیی حكوومەت بكەن، هەروەها بوونەتە مەترسی گەورەش بۆ خەڵكی كوردستان، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ وڵاتێكی دراوسێ خەریكی شەڕن و هەرێمیان كردووە بە شوێنی جەنگی خۆیان.

دووپاتی كردەوە، سەرانی پەكەكە گرێدراوی هەواڵگریی توركیان و كار بۆ ئەو وڵاتە دەكەن، ئەگەرنا چۆن توركیا بە درۆن لەناو دانیشتووان و لەوپەڕی سلێمانی چەكدارێكی داماوی خێر لەخۆ نەدیوی پەكەكە دەدۆزێتەوە و بە درۆن دەیپێكێت، یان لە مەخموور و ئاغجەلەر و چەندان ناوچەی تر، بەڵام ئەو سەركردانەی پەكەكە نادۆزێتەوە، خۆ نەرۆیشتوون بە ناخی زەویدا، ئەی خێرە سەرانی پەكەكە بەئاشكرا دەردەكەون و قسە دەكەن و دەچنە سەر تەلەفزیۆن و دەستیشیان ئازاری پێ نەگەیشتووە.

پێوەست بەو بابەتە ئاكۆ جەبار، هاووڵاتییەكی سنووری شارباژێر بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، پەكەكە لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی نییە، بەڵام چەكی هەڵگرتووە و لە چەندان ناوچە هاتوچۆ دەكا و دەسووڕێتەوە، لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەمێننەوە، ئەوانە كاری چەكداری خۆیان دەكەن و تێكەڵ بە خەڵكی ناوچەكانیش دەبن، بوونەتە مەترسی بۆ سەر خەڵكی گوندەكان، هیچ كەسیش ناوێرێت قسەیان لەگەڵ بكات، كاتێكیش قسە دەكەن منەتت بەسەردا دەكەن و دەڵێن كوردایەتی دەكەین، ئاخر كوردایەتی بە دروستكردنی مەترسی بۆ سەر گیانی خەڵكی تر نابێت، ئەو كوردایەتییەشی كە بۆ باكور دەیكەن تا ئێستە هیچیان پێوە دیار نییە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل