چاودێران: پەكەكە زیانی بە هەرێم گەیاندووە و دەبێت رێی لێ بگیرێت و چەك بكرێت

:: PM:11:54:25/09/2023 ‌

سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر كوردی لە هەرچوار پارچەی كوردستان هێناوە، پەكەكە لە سیاسەتە گوماناوییەكان و جێبەجێكردنی ئەجیندای دوژمنانی كورد ناوەستێت، بێباكە لە هاواری دەنگە رەسەن و دڵسۆزەكانی كوردستان، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە دەبێت ئەو گرووپە لە چەك دابماڵرێت و شوێنەكانی پێ چۆڵ بكرێت، چونكە بوونیان نایاسایی و نائاساییە و كار بۆ تێكدانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

لەمبارەیەوە كاوە ئەحمەد، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، هەر هێزێكی چەكداری نایاسایی و دوور لە رێنماییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەدەر لە هێزە تەناهییەكان و هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان، ناشەرعی و نائاسایی و نایاساییە.

زیاتر گوتی، بەدڵنیاییەوە ئێمە لەگەڵ ئازار و خەمی كوردانی پارچەكانی تری كوردستانین، بەڵام سەردەمی چەكداری و كاری تێكدەرانە و زمانی جەنگ و ئاژاوە نەماوە، بەڵكو پێویستە بە سیاسەت و پلان و بەرنامە كار بكەن، بۆیە پێویستە پەكەكە بیر لەوە بكاتەوە كە شێوازی خەباتی خۆی بگۆڕێت، بگەڕێتەوە ناو خەڵك و بە شێوازێكی مەدەنی و ئاشتییانە كار بكات، پەنا بۆ یاسا و پەرلەمان و پرۆسە سیاسییەكان ببا و سوود لەو سامانە مرۆییەی كوردانی باكور وەربگرێت.

"پێویستە هێزەكانی پارچەكانی تری كوردستان رێز لە شكۆ و سەروەریی هەرێمی كوردستان بگرن، چونكە ئەم قەوارەیە بە رووبارێك خوێن و قوربانیدانی هەزاران شەهیدی قارەمان دروست بووە، بۆیە ئەوەی كە پەكەكە دەیكات زۆر نەشیاو  و خراپە، لە سنوورەكانی ئێران ئەو ناوچەیەی قۆرخ كردووە و لە سنوورەكانی توركیاش كە وای كردووە بەهۆیەوە توركیا بێتە ناو خاكی كوردستان و هاووڵاتییانیش ئەو دەڤەرە چۆڵ بكەن"، كاوە ئەحمەد، چاودێری سیاسی وا دەڵێت.

دووپاتی كردەوە، هاوكات بەمەوە ناوەستن و بە هەموو شێوەیەك هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە میدیاكانەوە، بۆیە بەدڵنیایی لە رابردوو و ئێستەش مایەی ئاژاوە و دووبەرەكی و ئاڵۆزی بوون و سڵ لە هیچ كارێكی خراپ ناكەنەوە، هەر ئەوەش وای كرد كە بخرێنە لیستی تیرۆرەوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە پێویستە ئەو هێزە چەك بكرێ و رێگە نەدرێت كە لەوە زیاتر قۆرخكاری و پاوانخوازی ئەنجام بدات ببێتە سەرئێشە بۆ هەموو لایەك.

هەر لەمبارەیەوە د. میدحەت سلێمان، نووسەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، هەر لە ساتی دروستبوونی پەكەكەوە ئەو هێزە نازانێ بۆچی كار دەكا و ئامانج و پلانی چییە؟، هەر رۆژە و باس لە سیستمێكی سیاسی دەكا كە كاری لەسەر دەكات، ئێستە بڕوای بە كوردستانی گەورە نەماوە و باس لەوە دەكات كە بڕوای بە دیموكراسی بۆ گەلانی توركیا هەیە، دەی فەرموون لەوە ئاسانتر نییە بچنەوە و چەك دابنێن و بەشێوەیەكی مەدەنی لە توركیا سیاسەت بكەن، ئەگەر خەڵكی باوەڕی پێتان هەیە.

روونی كردەوە، هەموو سەركردە و فەرماندەكانی پەكەكە پیاوی دەزگە سیخوڕییە نێودەوڵەتییەكانن بەتایبەتی میتی توركیا، بۆیە كاری تێكدەرانە و دوژمنكارانەی پەكەكە ئەوەیە كە ئاسانكاری بۆ توركیا دەكات، لە ئەنقەرەوە دەیهێنێتە دهۆك و زاخۆ و قەندیل و شارباژێڕ و پێنجوێن و گەرمیان، بۆ ئەوەی ئارامی هەرێم تێك بچێت، بۆیە بەهۆی پەكەكەوە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان زۆر زیانیان بەر كەوتووە، كە تا ئێستە بەهۆی مەترسیی ئەوانەوە 600 گوند لەسەر سنوورەكان چۆڵ كراون و بەردەوامیش چۆڵ دەكرێن، بۆیە بێگومان بوونی پەكەكە لەو ناوچانە بە هاوكاریی حزبەكانی ناوخۆ چەند وڵاتێكی تری هەرێمییە و كارئاسانییان بۆ كراوە، بۆ ئەوەی لەو سنوورە جێگیر بكرێن و دژی ئەو هەرێمی كوردستان و دڵسۆزانی كوردستان بوەستن.

ئەو نووسەر و چاودێرە سیاسییە ئەوەشی خستە روو، بە مانەوەی پەكەكە لەم ناوچانەی هەرێمی كوردستان، بە ئاشكرا بانگەوازی ئەوە دەكەن و بە توركیا دەڵێن ئێمە لێرەین و فەرموون داگیری بكەن، ئەگەر نا بۆچی  هیچ كات ناچێتە چیاكانی باكوری كوردستان، خۆ ئەوێش چەندان چیای سەختی وەك قەندیلی تیادایە، با لەوێ شەڕی خۆیان بكەن، ئەگەر مەبەستیان ئازادی كوردستانە، بۆ دەبێت لە هەرێم بن كە خاوەنی قەوارە و ئازادی و سەربەستی خۆیەتی، ئەگەر مەبەستیان زیان و ئاڵۆزی نەبێت.

"ئێستە پەكەكە بەتەواوی بووەتە مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆیە دەبێت بە خێرایی و زووترین كات لە چەك دابماڵرێن و لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان وەدەرنرێن، چونكە چەندان ساڵە ئەوەی سەلماندووە كە كار بۆ سوود و قازانجی باشوور ناكات و تەنیا دەیەوێ زیان بگەیەنێت، قەوارەی هەرێم نەمێنێ و خۆیان دەستی بەسەردا بگرن"، د. میدحەت سلێمان، نووسەر و چاودێری سیاسی وا دەڵێت.

پێوەست بەو بابەتە حامید گەوهەری نووسەر و لێكۆڵەر بە "وشە"ی راگەیاند، بوونی هێزی نایاسایی و نا نیشتمانی لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستان چەوت و قەدەغە و یاساغە، بۆیە دەبێت بە هەموو شێوەیەك رێی لێ بگیرێت و چەك بكرێن، پەكەكە ئەو هێزەیە كە بەدرێژایی چەندان ساڵە بەبێ هیچ رەچاوكردنێكی دۆخی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان بێباكانە چەكی هەڵگرتووە و هەموو كارێكی خراپی پێ كردووە، ئەمەش بە زیانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان و قەوارەكەی كەوتووەتەوە.

ئاماژەی كرد، لە بنەڕەتدا پەكەكە بۆ ئەوە دامەزراوە كە هێز و وزەی كورد نەهێڵێت و بە هەموو شێوەیەك زیان بە كوردستان بگەیەنێت، لەگەڵ دوژمنانی كورد دەست تێكەڵ بكا و لە بەرژەوەندییەكانی كورد بدات، هاوكات پەكەكە كار لەسەر ئەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان و تەواوی هێزە كوردییەكانی تر لەناو ببات، هاوكاریی توركیا و داگیركەرانی كوردستان بكات تا بەتەواوەتی كوردستان بخاتە ژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەوە، بۆیە من دەپرسم لێیان بۆ لە هیچ جێیەكی دنیا زیان بە رژێمی توركیا و ئێران و عێراق ناگەیەنن.

وشە/ تایبەت 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل