وەك دەڵێن هەڵۆكە هەڵدرا ئاسمان و بەسەر سەری چەند كەسێكدا نیشتەوە، بەڵام بۆ كردنیان بە سەركردە و كوێخا نا، بەڵكو بە ساغكردنەوەی رووداوی ئاگرەكەی شارۆكەی حەمدانییە بە سەری ئەوان، ئەو ئاگرەی هەفتەی رابردوو گیانی زیاتر لە سەت كەسی كێشا و دەیان برینداریشی لێ كەوتەوە، لیژنەی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە سروشتی رووداوەكە و تێوەگلاوانی دیاری كرد، بەڵام لیژنەكە ئامانجی خۆی پێكا؟
شەوی سێشەم لەسەر چوارشەمی هەفتەی رابردوو ئاگر لە هۆڵێكی ئاهەنگەكان لە شارۆكەی حەمدانییە لە پارێزگەی نەینەوا كەوتەوە، بەو هۆیەوە تا ئێستە زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەست دا و سەتانیش بریندارن كە دۆخی نیوەیان سەختە، هاوكات لەناو قوربانییەكان 43تەرم نەناسراونەتەوە.
تا ئێستەی ئەوەی لەبارەی هۆكاری رووداوەكە راگەینداروە، ئاگرەكە بەهۆی یاری ئاگرینەوە كەوتووەتەوە و سەقفی هۆڵەكە، كە لە مادەیەكی خێرا گڕگرتوو دروست كراوە، ئاگری گرتووە و ئەو كارەساتەی لێ كەوتووەتەوە، لەوكاتەی لە ساتی رووداوەكە نزیكەی هەزار كەس لە هۆڵەكە بوونە، رووداوەكە دوای سعاتێك لە دەست پێكردنی ئاهەنگێڕان رووی داوە و لە ماوەی چەند چركەیك تەواوی هۆڵەگە گڕی گرتووە .
بە راپۆرتەكانی هەواڵ ئەوەی دۆخەكەی لەناو هۆڵەكە خراپتر كردووە، ناوپۆشی هۆڵەكە لە مادەی ساندەویج پەناڵ و ئەلیكۆبۆن دروست كراوە، كە مادەی خێرا گڕگرتوون، هەروەها هیچ مەرجێكی سەلامەتی لە هۆڵەكە نەبووە، لەوانە نەبوونی ئامرازەكانی ئاگركوژێنەوە و دەرگەی چوونەدەرەوەی فریاگوزاری، هەروەها دواكەوتنی گەیشتنی ئۆتۆمبێلەكانی ئاگركوژێنەوە دۆخەكەی خراپتر كرد.
تا ئێستە بەهۆی رووداوەكە ژمارەیەك كەس گیراون لەوانە خاوەنی هۆڵەكە، ماجد شنگالی، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، چەند هۆكارێكی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بۆ رووداكە هەن، لەوانە دروستكردنی هۆڵەكە لە مادەی خێراگڕگرتووە، كە بەكارهێنانیان قەدەغەیە، جیا لە بەكارهێنانی یاری ئاگرین لەناو هۆڵە داخراوەكە، كە ئەویش بەكارهێنانی دەبێت لە شوێنی كراوە بێت، بۆیە ئەوەی رووی دا لە ئەنجامی هەڵەی گەورە بووە و نەدەبوایە مۆڵەت بەو هۆڵە بدرێت و پێشێلی یاسا و رێنوێنییەكان بكات.
لای خۆیەوە مووسا فەرەج، سەرۆكی پێشووتری دەستەی نەزاهەی عێراق دەڵێت، زۆر پێشێلكاری و گومانی گەندەڵی لەپشت ئەو جۆرە رووداوانەن كە لە عێراق دووبارە دەبنەوە و زیانی گەورەی گیانی و مایەكیان لێ دەكەوێتەوە، كەچی تەنیا تیشك دەخرێتە سەر ئەو رووداوانەی كە قوربانی زۆریان لێ دەكەوێتەوە، وەك ئەوەی حەمدانییە.
عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی لەبارەی سزای تۆمەتباران بە رووداوەكە ئاماژە دەكات، ئەوان مادەی 342ی یاسای سزاكانی عێراقیان لەسەر جێبەجێ دەبێت، بەپێی مادەكە هەر كەسێك ببێتە هۆی سووتانی موڵكوماڵ 15 ساڵ زیندانی سزا دەدرێت، ئەگەر كەسێكیش بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا سزاكە دەگاتە ئاستی لەسێدارەدان، بۆیە سزای بەرپرسان لە رووداوەكەی حەمدانییە لەسێدارەدانە.
ئاماژەی كرد، بەرپرسان لەو تاوانە چەند جۆرێكن، یەكەمیان خاوەن هۆڵەكەیە، كە بەرپرسی یەكەمە و مەرجی سەلامەتی لەناو هۆڵەكە دابین نەكردووە، هەروەها ئەوانەی هۆڵەكەی بەڕێوە دەبەن و رێگەیان داوە بە هاتنەژوورەوەی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵك.
بە پێی راپۆرتەكان هۆڵی "هەیسەم" كە رووداوەكەی تیادا رووی داوە، لە 2013 دروست كراوە، لەو ساتەوە بێ مۆڵەت كاری كردووە، بە زیادەڕۆیی لەسەر زەوییەكی كشتوكاڵی لەبەرچاوی بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكەی ئەو شارۆكە بنیات نراوە و هیچیان بەرانبەر نەكردووە، لەكاتی رووداوەكەش خاوەن هۆڵەكە كارەبای كوژاندووەتەوە و میمۆری كامێرەكانی چاودێری لەگەڵ پارەی ناو قاسەكە و كەلوپەلە تایبەتەكانی بردووە و لە پەنجەرە هەڵاتووە، كە دواتر لە هەولێر گیراوە.
بڕیار بوو دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە ئاگرەكەی حەمدانییە رابگەیەنێت، بەڵام ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند كە ئاگركەوتنەوەكە رووداوێكی ئاسایی بووە و بەهۆی بەركەوتنی یاری ئاگرین بە چەند مادەیەكی خێراگڕگرتووی سەقفی هۆڵەكە بووە، سەعد فالح كەسار دلێمی، سەرۆكی لیژنەكە دەڵێت، هۆڵەكە شوێنی 500 كەس تیا دەبووەوە، كەچی 600 كەسی تیادا هێنراوەتە دەرەوە، هاوكات رووخانی خێرای هۆڵەكە رێگەی لە فریاكەوتنی قوربانیان گرت.
سەرۆكی لیژنەكە گوتی، بەهۆی رووداوەكەوە 107 كەس گیانیان لەدەست داوە و 82ی تریش بریندارن، ئەندامێكی تری لیژنەكە روونی كردەوە، رووداوەكە ئاسایی بێ مەبەست بووە، كەمتەرخەمی لە لایەن خاوەن هۆڵەكە هەبووە، ووداوەكە بەهۆی یاری ئاگرین رووی داوە، كە بەر دیكۆرەكانی سەقفی هۆڵەكە كەوتووە و سووتاون، جیا لەوە زەوی هۆڵەكەش بە مادەیەكی خێراگڕگڕتوو داپۆشراوە، هەروەها ئەمباری هۆڵەكەش پڕی بووە لە كحول.
بە پێی قسەكانی ئەو بەرپرسە ئەوانەی كاریان لەسەر یارییە ئاگرینەكان كردووە لە رووداوەكە بەرپرسیارن، لە كاتی رووداوەكە كارەبا بڕاوە و خەڵكەكە بەتەواوی تۆقیوە، جیا لەوە دەرگەی فریاگوزاریی ئامرازەكانی سەلامەتی نەبووە، ئەوانەش رووداوەكەیان قورستر كردووە.
لای خۆیەوە عەبدولئەمیر شمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق ئاشكرای كرد كە خاوەنی هۆڵەكە میمیۆری كامێڕكانی چاودێری بردووە بۆ هەولێر هەڵاتووە، لەوێ گیراوە و دەست بەسەر میمۆرییەكانیش گیراوە، هۆكاری رووداوەكە گڕگرتنی سەقفی هۆڵەكە بووە، جیا لە بوونی كحولێكی زۆر و زەوی هۆڵەكەش بە مادەیەكی گڕگرتوو داپۆشراوە و ژمارەیەكی زۆر زیاتر لەوەی دەیگرێت خەڵك لەناو هۆڵەكە هەبوون و دەرگەی فریاكوزاریشی تیادا نەبووە، هەموو ئەوانە بوونە هۆی رووداوەكە.
لیژنەی لێكۆڵینەوە چەند رێنوێنییەكی دەركرد، لەوانە بەردەوامیی لێكۆڵینەوە لە تۆمەتباران و هاوئاهەنگیركردن لەگەڵ دادگە و شایەتحاڵەكان، لادانی بەڕێوەبەری شارەوانی حەمدانییە بەهۆی كەمتەرخەمی و رەوانەكردنی بۆ دادگە، لادانی بەڕێوەبەری هۆبەی پۆلێنی گەشتیاری لە نەینەوا و رەوانەكردنی بۆ دادگە، لادانی بەڕێوەبەری كارەبای حەمدانییە و رەوانەكردنی بۆ دادگە و لادنی بەڕێوەبەرانی بەشی ئاگركوژێنەوە بەرگری شارستانی لە نەینەوا و پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەریان.
سەبارەت بە ئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوە، وەفا محەمەد، ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەنجامی راگەیاندراوی لیژنەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە ئاگرەكەی حەمدانییە، جێی شەرمەزاری و نەنگییە، سووكایەتییە بە گیانی قوربانیان، چونكە هەمیشە لیژنەكانی لێكۆڵینەوە ملكەچی لایەنە سیاسییەكانن و ئەوان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاریان دێنن، بۆیە لیژنەكە نەیتوانی تۆمەت ئاراستەی گەندەڵی راستەقینە بكات.
روونی كردەوە، هەریەك لە بەڕێوەبەراتی ئاگركوژێنەوە و قایمقام و بەرگری شارستانی، كە لیژنەكەی داوای لادانی كردوون، هیچ دەسەڵاتێكیان نەبووە، بۆیە ئەو بەرپرسانە بوونە قۆچی قوربانی بۆ تاوانبارە گەورەكان، بەكورتی لیژنەكە ماسییە بچووكەكانی لادا و ئەوانی كردە قوربانیی نەهەنگە گەورەكان.