لە سایەی دانایی و وردبینی و سیاسەتەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئاستێكی باش كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بووە، بۆیە دابەشكردنی مووچە جووڵەی بازاڕ زیاد دەكات، هاوكات هاتنی پارە لە بەغداوە وەك ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، بازاڕ و كەرتی ئابووری كوردستان زیاتر دەبووژێنێتەوە.
لەوبارەوە پسپۆڕانی بواری ئابووری رای دەگەیەنن كە گرنگیی هاتنی پارە و مووچەی فەرمانبەران، كاریگەری لەسەر جووڵەی بازاڕ و كەرتی ئابووری و دۆخی مووچە خۆران و بژێوی تەواوی هاووڵاتییان دەبێت، ئەگەر بەغدا پارەكە لەكاتی خۆیدا بنێرێت.
لەمبارەیەوە د. خالید حەیدەر، مامۆستای زانكۆی سلێمانی و پسپۆری بواری ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەموو وڵاتانی دنیا ئەگەر پارە و مووچە هەبێت، ئەوا كاریگەری لەسەر دۆخی مووچەخۆران و هاووڵاتییان دەبێت و خواست لەسەر كڕینی كاڵاكان زیاد دەبێت، هەركاتێكیش خواست زیادەی كرد، دەبێتە هۆی بووژانەوەی بازاڕ و كەرتی ئابووری.
زیاتر گوتی، هەركاتێك دۆخی مووچە گەڕایەوە ئاستی سروشتی خۆی وەك جاران، ئەو خواستەكانی ناوخۆ پڕ دەكرێتەوە، هەركاتێكیش لە ناوخۆ بڕی پێویستی خواست لەسەر كاڵاكان زیاد دەبێت، ئەوكات كەرتی وەبەرهێنان دەبووژێتەوە و هاوردەكردن لە دەرەوە دەست پێ دەكات، بەوەش جووڵەی باشی ئابووری و بازرگانی دروست دەبێت.
"ئەگەر پارە و مووچە وەك خۆی كە لە یاسای بودجەدا هاتووە لە بەغداوە رەوانە بكرێت، ئەوا متمانە بۆ هاووڵاتی و مووچەخۆرانی هەرێم دەگەڕێتەوە، كاڵا و شتومەك و پێداویستی سەرەكیی خواستی زۆری لەسەر دروست دەبێت ئینجا كاڵا و شتومەكەكانی تر، هەروەها سەرەتا مووچەخۆران دەست دەكەنەوە بە هێنانی كاڵا بە قیست، پاشان بە كاش، بەمەش جووڵەی باش و خێرا دروست دەبێت و بازاڕ دەبوژێتەوە، هەروەها هەڵاوسان و تەنگژە و قەیران لە بازاڕەكان و كەرتی ئابووری كوردستان نامێنێت، ئەمەش چەندان مانگی پێویستە تا دۆخەكە دەكەوێتەوە سەر سكەی خۆی"، د خالید حەیدەر وای گوت.
هەر لەمبارەیەوە ئازاد ئەحمەد، ئابووریناس بە" وشە"ی گوت، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی رێككەوتنێكی باشی لەگەڵ حكوومەتی عێراق كرد، كە ئەگەر بەو جۆرە رێككەوتنەكە بەردەوام بوایە و جێگیر بكرایە، بێ گومان ئابووری هەرێمی كوردستان دەبوژایەوە و هەموو كەرتەكانیش پێش دەكەوتن، بەڵام بەداخەوە بێبەڵێنی بەغدا و گوشاری لایەنەكانی ناوخۆیی و عێراقی وای كرد كارەكان وەك خۆی بەڕێوە نەچن و گرفت بۆ پرۆسەی ناردنی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان دروست ببێت.
روونی كردەوە، بێگومان ئەگەر وەك لەكاتی خۆیدا و بەبێ گرفت پارە و مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت، ئەوا هەموو كەرتەكان بووژانەوە و گەشەسەندنی بەرچاو بەخۆوە دەبینن و خواست لەسەر تەواوی كاڵاكان وەك خواردن، خواردنەوە، كەلوپەلی ناوماڵ، ئۆتۆمبێل، جلوبەرگ، كەرەستەی خانووبەرە و ئەلیكترۆنی و سووتەمەنی و دەرمان و تەواوی پێداویستییەكانی تری ژیان خواست و ویستی لەسەر دروست دەبێت، بەمەش جووڵەی گەورە دەكەوێتەوە ناو بازاڕ و مۆڵ و شوێنە گشتییەكان، وەك شوێنە گەشتیاری و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵییەكان و تەواوی جێگەكانی تر.
"هێشتا مسۆگەر نییە كە بەغدا بەتەواوی پارەی پێویست بۆ فەرمانبەران و هاوڵاتییان بنێرێت، بۆیە پێویستە لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە رێككەوتنی یەكجارەكی لەگەڵ بەغدا بكا و ئەم نیگەرانی و دڵەڕاوكێی و خەمەی هاووڵاتییان بڕەوێتەوە، پێویستە لەسەر هاووڵاتییانیش كە ئاگەیان لە خەرجی و بەڕێوەبەردنی ژیان و گوزەرانیان هەبێت و واز لە خەرجی زیاد و ناپێویست بێنن، تا دۆخەكە یەكلا دەبێتەوە بە ئاراستەی ئاسایی خۆیدا دەڕوات، بێگومان وەك چۆن هیچ گرفتێك ناگاتە بنبەست و حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەری دەكات، بەڵام رەنگە كات و وادەی پێویستی خۆی بوێت"، ئازاد ئەحمەدی ئابووریناس وا دەڵێت.
شارەزا و چاودێران بۆ دۆخی عێراق پێیان وایە ئەوەی ئێستە دەگوزەرێت، لە گوشارێكی توندی دارایی و ئابووری بەغدا و پاڵپشتیكردن و بەلاڕێدابردنی لە لایەن چەند لایەنێكی ناوخۆیی هەرێم، تەنیا ئەلقەیەكی ترە لە زنجیرەی هەوڵەكان بۆ بەربەست دروستكردن بۆ كاروانی ئاوەدانی و گەشەسەندن و خزمەتگوزارییەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم، ئەو حكوومەتەی بەرگەی گوشاری بەهێزتری گرت و توانی هەرێم بەرەو كەناری ئارامی و ئاوەدانی بە خۆڕاگری گەلە هۆشیار و دلسۆزەكی بپەڕێنێتەوە، وەك دەڵێن ئەو گورزەی لەناوت نابات بەهێزترت دەكات، بۆیە ئەوەی روودەدات ناتوانێت ئەو كاروانە بوەستێنێت.
جێی باسە حكوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو پەسەند كردووە، هەرێمی كوردستانیش هەموو پابەندییەكی بەرانبەر بەغدا ئەنجام داوە، بەڵام بۆ چەند مانگێك گرفتی بۆ دروست بوو، دواجار سەرۆكی حكوومەتی هەرێم گرفتەكانی چارەسەر كرد و ئێستە بەغدا پەیتا پەیتا پارە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، حكوومەتی هەرێمیش لە دابەشكردنی مووچە بەردەوامە.
سلێمانی/ ئاسان محەمەد