بەرهەمی هەنگوین لەمەترسیدایە.. ئەمساڵ هەنگەوانان دووجار تووشی زەرەر بوون

:: PM:09:47:01/10/2023 ‌

هەنگی هەنگەوانان تووشی نەخۆشی بووە و ئەوانیش هاواریان لێ هەستاوە، باس لەوە دەكەن كە ئەمساڵ ڤاروا، كە نەخۆشییەكە، لە هەنگی هەنگەوانانی داوە و زیانێكی زۆری پێ گەیاندوون، هەنگەوان هەیە بەشێكی هەنگەكانی بەو نەخۆشییەوە مردوون، بەهۆی زۆری نەخۆشییەكەشەوە پێشبینی دەكرێت ئەم زستانە تا بەهاری داهاتوو زۆرێك لە هەنگەكان بمرن.

ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی بەرهەمی هەنگوینی هەنگەوانان كەم بوو، بە ساڵی بێ شیلەیی و هەنگوین دانرابوو، ئەوەش بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی كە تا مانگی ئایاری رابردوو بەردەوام بوو، لە لایەكی ترەوە نەخۆشی بڵاو بووەتەوە، بەوهۆیەشەوە مێش هەنگی هەنگەوانان تووشی نەخۆشی بووە، ئەو نەخۆشییەش بەخێرایی هەنگ لەناو دەبا و زیان بە هەنگەوان دەگەیەنێت، چارەسەریشی بە دەرمانی تایبەت دەبێت كە هەنگەوانەكان بەكاری دێنن.

لەوبارەوە عارف شێروانی، سەرۆكی هەنگەوانان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ نەخۆشی ڤاروان و بەچكە گەنین بەشێوەیەكی فرەوان لەناو مێش هەنگی هەنگەوانان بڵاو بووەتەوە، ئەو ڤاروایە بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ شیلە نەبوو زۆر بڵاو بوو، هیچ ساڵێك بەو شێوەیە نەخۆشی ڤاروا زۆر نەبووە، بەچكە گەنینیش بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ شیلە نەبوو ئەویش زۆر بڵاوە كە بەهۆی نەبوونی خۆراك ئەو بەچكانە دەگەنن، بۆیە پێویستە هەنگەوان زوو زوو دەرمان بەكاربێنن، بەتایبەتی لە سەرەتای وەرزی بەهار و پایزدا، بەكارهێنانی دەرمانەكەش بە شێوەیەكی زانستی بێت، واتە زۆری بەكارنەهێنن.

روونی كردەوە، ئەمساڵ هەنگوین نەبوو، بەهۆیەوە نەخۆشییەكانی مێش هەنگ بڵاو بوونەوە، لە هەموو ناوچەیەك ئەو نەخۆشییە هەبوو، هەنگەوان هەیە بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە 30%ی مێش هەنگەكانی لەناو چوون و مردوون، هەنگەوان هەیە زیانی زۆری بەر كەوتووە، ئەو ڤاروایە دەرمانی هەیە، بەڵام دەبێت هەنگەوان پێشوەخت فریای بكەوێ و دەرمانی زۆر باشی بۆ بەكاربێنێت، واتە پێش ئەوەی لە هەموو مێش هەنگەكە بدات و لەناوی ببات.

لای خۆیەوە هاوبیر برایم، هەنگەوان و شارەزای بوارەكە بە "وشە"ی گوت، نەخۆشی ڤاروان بەشێوەیەكی فراوان لە مێش هەنگی هەنگەوانانی داوە، لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر جیاوازی هەیە، بەڵام بەگشتی ڤاروا كێشەی گەورەی رووبەڕووی هەنگەوانان كردووەتەوە، زیانێكی زۆری لە هەنگەوان داوە، هەنگەوان هەیە بەهۆی ڤاروان سەرو 10 بۆ 15 هەنگی مردووە و تیاچووە، هەنگەوان چوار وەرزەی ساڵ خزمەتی مێش هەنگەكانی دەكات، خەرجییەكی زۆری كردووە، بە نەخۆشییەك تووشی زیانێكی گەورەی كردووە.

باسی لەوەش كرد، ئەمساڵ لە لایەك هەنگەوان بەرهەمی هەنگوینی كەم بوو، بەهۆی ئەوەی باران تا نزیكی مانگی حوزەیران هەبوو، ئەوەش وای  كرد شیلەی دار و گوڵ بشواتەوە و هەنگ شیلەی دەست نەكەوت و هەنگوین نەبوو، كە ئەوەش زەرەرە بۆ هەنگەوان، چونكە هەنگەوان لەدوای بەهار چاوی لەوەیە هەنگەكانی هەنگوین بەرهەم بێنێت، چونكە كاری ئەوەیە، بەڵام هەنگوین نەبوو، لە لایەكی تریشەوە نەخۆشی لێی داوە، ئەوە دووجار تووشی زیانی بوو.

هەر پێوەست بەو نەخۆشییە عەلی یووسف، هەنگەوانێكی ترە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئەمساڵ نەخۆشی ڤاروا بەشێوەیەكی فراوان لەناو هەنگ زۆر بووە، ئەو ڤاروایە سروشتی بەو جۆرەیە كە لە هەنگ دەدات و بێهێزی دەكات و بەخێرایی تووشی بێ باڵی دەكات، واتە باڵی نامێنێت و بەهۆیەوە هەنگەكە لەناو هەنگەكانی تر دەكرێتە دەرەوە، هەموو ئەوانەی تووش دەبن بەو جۆرە تا وا دەكات هەنگەكە بەتەواوی دەمرێت و نامێنێت، بۆیە هەنگەوان زیانی زۆری لەو نەخۆشییە بەر دەكەوێت، كە هەنگەكەی دەمرێ بۆ هەر سندووقێك بەلانی كەم 100 هەزار دیناری تێچووە، هەنگ هەیە بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە دەمرێت، نرخی سندووقەكە بە هەنگەكەوە 150 هەزار دینارە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل