وەك هەمیشە پەكەكە و رێكخستنەكانی هەموو هەلێك بۆ لێدانی قەوارە و حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان دەقۆزنەوە و لە دەستی نادەن، ئێستە پیلانێكی تری قێزەوەنیان لە سلێمانی بە دەستەوەیە، كاتێك دزەیان كردووەتە ناو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی مامۆستایان و دەیانەوێ پشێوی دروست بكەن، پەكەكە داوای لە لایەنگر و رێكخستنەكانی كردووە بچنە ناو مامۆستایان و هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و گێرەشێوێنی و گۆڕینی شێوازی خۆپێشاندانەكان بۆ توندوتیژی بدەن، بۆ ئەوەی دۆخەكە بتەقێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی "وشە" كەوتووە، لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا، رێكخستنەكانی پەكەكە و ئەندام و لایەنگرانیان لە سلێمانی و چەمچەماڵ و چەند ناوچەیەكی تری سنوورەكە، ئاگەدار كراونەتەوە كە بەشداریی خۆپێشاندانەكان بكەن و بچنە ناو مامۆستایان و بە ناوی ناڕەزایەتییەوە كار بۆ تێكدانی دۆخەكە بكەن، بە ئاراستەكردنی خۆپێشاندانەكە بەرەو گرژی و ئاڵۆزی و گۆڕینی شێوازی ناڕەزایەتیی مەدەنییانە بۆ تێكدان و ئاژاوەگێڕی و لەدەستدەرچوونی دۆخەكە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لە ماوەی رابردوو حزبی دەسەڵاتداری سنوورەكە كۆنترۆڵی خۆپێشاندانەكانی كردبوو و خۆی مامۆستایانی ئاراستە دەكرد، بەڵام چەند هەفتەیەكە هەستی بەوە كردووە كە خۆپێشاندانی مامۆستایانی ئەو سنوورە لە كۆنترۆڵی خۆی دەرچووە و لە چەند لایەكەوە دەستوەردان دەكرێ و ناتوانێت كۆنترۆڵی دۆخەكە بكات، یەكێك لەوانەش بەشداریكردنی رێكخستن و ئەندامانی پەكەكەیە لە سنوورەكە لە ناڕەزایەتییەكان، هەروەها گرنیگدان و بڵاوكردنەوەی وێنە و هەواڵی خۆپێشاندانی مامۆستایان لە میدیا سێبەرەكانی سەر بەو گرووپە بە شێوەیەكی فراوان.
مامۆستایەك لەوبارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، ئاشكرایە كە هەر خۆپێشاندانێك لە سنووری سلێمانی بكرێت، بەهۆی ئەوەی پەكەكە رێكخستنێكی زۆری لە سنوورەكە و بگرە بنكە و بارەگاشیان هەیە، بە نهێنی ئەندام و لایەنگرانی خۆی ئاگەدار دەكاتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە خۆپێشاندانەكان بكەن و بچنە ناو ناڕەزایەتییەكانەوە، كار بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانەكان بكەن و شێوازی مەدەنیانەی بۆ گرژی و ئاژاوەگێڕی بگۆڕن، چونكە ئەمە بەرنامەی ئەوانە كە كاری تێكدەری بكەن.
زیاتر گوتی، لە سلێمانی و چەمچەماڵ بە ئاشكرا هەست بەوە دەكرێت كە ئەندام و لایەنگرانی پەكەكە بەشداری لە ناڕەزایەتییەكان دەكەن، بەڵام تا ئێستە مامۆستایان جڵەوەی دۆخەكەیان كردووە و رێگە بەوە نادەن شێوازی هێمنانە و مەدەنییانەی خۆپێشاندان بۆ ئاراستەیەكی خراپ بگۆڕێت و دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەربچێت، پەلاماری هیچ شوێنێك نەدرێت و بەو جۆرەی دەستیان داوەتێ بەردەوام بە خۆپێشاندان بدەن، بە ئاشكراش لە كاتی خۆپێشاندانەكان لە ناو بارەگەكانیان ئەندامێكی زۆری لێ كۆ دەبێتەوە.
پەكەكە لە سنووری سلێمانی بە شێوەیەكی فراوان هەیە و بە ئاشكرا رێكخستنەكانی كاری خۆیان دەكەن، بەردەوامیش لە ناو شاری سلێمانی بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت خۆپێشاندان لە شەقامی سەهۆڵەكەوە بۆ بەردەم باخی گشتی ئەنجام دەدەن، گرفتی هاتوچۆ دروست دەكەن و وێنەی سەركردەكەیان بەرز دەكەنەوە و دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار دەكەن.
پێشتر "وشە" ئەوەی بڵاو كردەوە كە یوسرا رەجەب، هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی، كە گرووپێكی سەر بە پەكەكەیە، داوا لە لایەنگرانی پەكەكە لە سلێمانی دەكات، ئەوانەی ئەندامی ئەوانن و لە سلێمانین، بچنە ناو خۆپێشاندانی مامۆستایان، چونكە خۆپێشاندانەكە گرنگە.
تۆمارە دەنگییەكە شەوی رابردوو بۆ گرووپێكی سۆشیال میدیای ئەندامانی پەكەكە هاتووەتە ناردن، وەك لە قسەكانی یوسرا دەردەكەوێت، كە پێ دەچێت دوای خۆپێشاندانەكە بە نیازی سەردانی پرسەی لایەنگرێكی خۆشیان بن، چونكە لە بەشێكی تریدا دەڵێت، جارێ خۆپێشاندانەكە زۆر پێویستە، دواتر كە تەواو بوو پێكەوە دەچینە پرسەكە.
ئەو هەوڵانەی پەكەكە لە سنووری سلێمانی گرفت و كێشەی زۆری تەناهی بۆ سنوورەكە دروست كردووە، كاتێك لە ماوەی ئەمساڵدا درۆنی توركیا بە بەردەوام بەسەر ئاسمانی شاری سلێمانی و ناوچەكانی شارباژێر و پێنجوێن و چەمچەماڵ و گەرمیان و دوكان سووڕاونەتەوە و خەڵكی ترسیان لێ نیشتووە، چەندانجاریش بەهۆی ئەندام و چەكدارەكانی پەكەكەوە بۆردمانیان كردووە و خەڵكی مەدەنیش بووەنەتە قوربانی.
لەوبارەوە هیوا رەشید، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، چونكە پەكەكە بە ئاشكرا لە سلێمانی هەیە و كاری خۆی دەكات، بۆیە شتێكی ئاشكرا دەبێت ئەگەر بچنە ناو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكان، پیلان و بەرنامەی خۆیان جێبەجێ بكەن كە لە كۆتاییدا بە زیان بەسەر سنوورەكە و هاووڵاتییان دەشكێتەوە.
وشە/ تایبەت