له‌كاتێكدا به ئاشكرا به‌غدا سته‌م له فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان دەکات، هیچ كام له نوێنه‌رانى كورد له به‌غدا تا ئێستە نه‌یانتوانیوه سكاڵا له دادگاى فیدراڵى بكه‌ن، ئه‌و نوێنه‌رانه به ده‌نگى هاووڵاتییانى هه‌رێم چوونه‌ته ئه‌و شوێنه و پێویستە به‌رگرى له مافه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان بكه‌ن و كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى مافى خه‌ڵك بكه‌ن.
بابه‌تى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان پێویستى به چاره‌سه‌رى ریشه‌یی هه‌یه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویستى به رێككه‌وتنى هه‌ر دوو حكوومه‌تى هه‌رێم و عێراق هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم نه‌كرێته قوربانى، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت، ناتوانرێت له دادگاى فیدراڵى سكاڵا بكرێت چونكه كێشه له رێككه‌وتنه‌كه‌دا هه‌یه.
غه‌ریب ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له فراكسیۆنى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به "وشه"ى راگه‌یاند، پرسى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانی کوردستان و دواخستنی پێویستى به چاره‌سه‌رى ریشه‌یی هه‌یه و كۆتاییهێنان به‌و دۆخه ناكرێت هه‌موو مانگێك به‌و جۆره‌ى لێ بێت، فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان هیچ تاوانێكیان نییه و له چاوه‌ڕوانى وه‌رگرتنى مووچه‌كانیانن.
ئەو گوتیشی، هه‌موو لایه‌ك له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى كێشه‌كه بکەن و ده‌بێت له رێگه‌ى یاساوه چاره‌سه‌ر بكرێت شانبه‌شانى رێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێم و عێراق، ئه‌و بابه‌ته به دادگا چاره‌سه‌ر نابێت چونكه كێشه له رێككه‌وتنه‌كان و یاساكه‌دا هه‌یه.
نه‌جوا كاكه‌یی، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق به "وشه"ى راگه‌یاند، ئه‌وه‌ى كورد بێت و خۆى به كورد بزانێت ده‌بێت داكۆكى له‌سه‌ر مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان بكات، ئه‌وه قووتى میلله‌تێكه به‌ده‌ست به‌غداوه به‌و جۆره مامه‌ڵه ده‌كات، فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان نوێنه‌ریان له په‌رله‌مانى عێراق هه‌یه و ده‌بێت داكۆكى له مافه‌كانیان بكات و به‌رگرییان لێ بكه‌ن، پێش ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى عێراق رێككه‌وتنى له‌سه‌ر بكرێت، رێككه‌وتن له‌سه‌ر مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم كراوه مانگانه له‌كاتى خۆیدا ئه‌و پاره‌یه بنێردرێت.
ئه‌و ده‌ستى ده‌ستییه‌ى كه به‌غدا ده‌یكات به‌هۆى ده‌ستوه‌ردانى هه‌ندێک لایه‌نى سیاسیی عێراقه
ئەو گوتیشى، ئه‌و دواكه‌وتنه و ئه‌و ده‌ستى ده‌ستییه‌ى كه به‌غدا ده‌یكات به‌هۆى ده‌ستوه‌ردانى هه‌ندێک لایه‌نى سیاسیی عێراقه کە وایان كردووه هه‌موو مانگێك چه‌ند رۆژێك مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم كه 700 ملیارە، دواى بخه‌ن و ره‌وانه‌ى نه‌كه‌ن، ئێسته به‌دواى ئه‌وه‌ن و گفتوگۆ ده‌كه‌ن بزانن له رووى یاساییه‌وه چۆن ده‌توانن سكاڵا بكه‌ن، ئه‌گه‌ر بزانن بۆشاییه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى سكاڵا بكه‌ن راناوه‌ستن چونكه برسیكردنى گەلێک و راگرتنى مووچه‌كه‌یان دژى هه‌موو لایه‌نه مرۆییه‌كانه.
كاوه ئه‌حمه‌د، مامۆستاى زانكۆ به "وشه"ى راگه‌یاند، ئه‌و مامه‌ڵه‌یەی به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌ته‌واوى دووره له به‌ها مرۆییه‌كان، برسیكردن و سته‌مكردنه له فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، هه‌موو مانگێك به ناوى بیانوو و ته‌كنیك و رێكاره‌كان له هه‌فته‌یه‌ك تا ده رۆژ ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم دوا ده‌خرێت ئه‌مه جگه له‌وه‌ى خۆى به‌غدا سێ مانگ مووچه‌ى نه‌ناردووه، ئه‌مه‌ى روو ده‌دات به‌شێكى هۆكاره‌كه‌ى ئه‌وه‌یه كاتى خۆى یاساى بودجه به‌و جۆره رۆیشت و په‌سه‌ند كرا، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه بوو كه هه‌ندێك لایه‌ن دروستیان كرد چونكه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیاندا بوو.
ئەو هه‌روه‌ها گوتى، دادگاى فیدراڵى له هه‌موو شتێك قسه‌ى هه‌یه و بڕیارى له‌سه‌ر ده‌دات شتێك ئه‌گه‌ر پێوه‌ندى به هه‌رێمى كوردستان و كورده‌وه هه‌بێت و له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیاندا بێت بڕیارى له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه نابینێت كه سته‌م له گەلێک ده‌كرێت و قووتى ژیانى پێ نادرێت و یاسایه‌كیش هه‌یه به‌ناوى یاساى بودجه، ئه‌وانه ده‌یانه‌وێ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنێت و له پێگه‌ی بده‌ن.
وشه/ تایبه‌ت