بۆچی پەكەكە چاوی بە پارتی و هەرێمی كوردستان هەڵنایەت؟

:: PM:08:52:06/12/2023 ‌

پارتی دیموكراتی كوردستان ئارامی لە پەكەكە هەڵگرتووە و رێگە نادات پیلانەكانی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات، ئەوەش گرووپەكەی تووشی سەرلێشێوان كردووە و زوو زوو هێرش دەكاتە سەر پارتی، پەكەكە ئەوەی بیر چووە كە لە هەرێمی كوردستان هێزێكی بێزراوە و هیچ كەس دەسەڵات و بوونی ئەوی ناوێت، بگرە هیچ هێزێكی سیاسی ئامادە نییە لەگەڵ ئەودا كار بكا و پێوەندیی ئاسایی لەگەڵ هەبێت.

نازم هەركی، ئەندامی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، خەباتی ئەو حزبە روون و ئاشكرایە و بە هیچ كەس و لایەنێك و گرووپێكی چەكدار لەكەدار ناكرێت، چەترێكی گەورەیە و تەواوی پێكهاتە و چینەكانی كۆ كردووەتەوە و هەموو ئاین و نەتەوەیەك لە خۆ دەگرێت، بۆیە ئەوەی بە خراپی باسی پارتی دەكات چاوی بە هەموو ئەوانە هەڵنایەت، پارتی حزبێكی كوردستانی و نەتەوەییە و لە ناو هەموو نەتەوە و ئاینەكان رێكخستنی هەیە، ناوە ناوە لە حزبەكانی ترەوە پێوەندی بە پارتییەوە دەكرێ و دەیانەوێ لە ناو حزبەكە خزمەت بكەن.

زیاتر گوتی، ئەوانەی بە خراپە باسی پارتی دەكەن، دەبێت ئەو خەونە نەزۆكەیان ببەنە ژێر گڵ، ئەوە ئەوانن كە دەبنە دارودەستەی خەڵكی تر، دیارە ئەوانە كێن و لەگەڵ كێدا دەست تێكەڵ دەكەن، هەر پەكەكەیە بووەتە هۆكاری ئەوەی كەسانێك بێن و دەستوەردان لە هەرێمی كوردستان بكەن، پەلكێشی خەڵك دەكەن و كوردستان رووبەڕووی ئەو دۆخە دەكەنەوە، ئەوانە مۆڵەتیان نییە لە كوردستان بمێننەوە، لە شنگال و چەند ناوچەیەكی تریش بە نایاسایی ماونەتەوە، بۆیە با بچنەوە و لە شوێنی خۆیان كار بكەن، بە چ مۆڵەتێك هاتوون لە هەرێمی كوردستان دەمێننەوە و بە چ یاسایەك لە شنگال هەن؟

"پەكەكەیە بووەتە جاش و سیخوڕی بۆ وڵاتان دەكات، لە هەموو شوێنێك لە دژی هەرێمی كوردستان دەستی تێكەڵ كردووە، لە هەر شوێنێك كوردێك هەبێت، كار بۆ ئەوە دەكات بە هاوكاریی دژمنان لە ناوی بەرێت، ئەو گرووپە دەزانێت كە پارتی رێگە نادات بە ئازادی لە هەرێمی كوردستان كاری خۆی بكا و پیلانەكانی جێبەجێ بكات، بۆیە زوو زوو هێرش دەكاتە سەر پارتی، ئێمە دەزانێن پەكەكە كوێی دێشێت، هەر ئەوەندە بەسە وەڵامیان بدرێتەوە كە لە ساتی دروستبوونییەوە تا ئێستە بە قسەی خۆیان خەبات دەكەن، چییان سەوز كردووە و بە چی گەیشتوون؟، جگە لە كوشتار و بە كوشتدانی خەڵك و وێرانكردنی ماڵوحاڵی خەڵك لە رۆژئاوا و هەرێم بە هیچ نەگەیشتوون"، نازم هەركی وای گوت.

ئەو ئەندامەی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی روونی كردەوە، خەڵك ئەوان دەناسێ و پارتیش دەناسێت، ئەوان لە هەرێم رەتكراوەن و كەس لەگەڵ دەسەڵات و بوونی ئەوان لە ‌ناو خاكی هەرێم نییە، ئەوە پەكەكەیە لەگەڵ نەیاران دژی كوردستان كار دەكات، لە كوێ نەیارێكی كورد هەبێت، پەكەكە لەگەڵی رێك دەكەوێت و دەستی لەگەڵ تێكەڵ دەكات، پەكەكە لە هەموو ناوچەیەكی ئەو كوردستانە گرووپێكی رەتكراوەیە و هیچ كەس خۆشی لێ نایەت، چونكە لە هەر شوێنێك بن مایەی شوومی و نائارامین و ناسەقامگیری دروست دەكەن و نایەڵن خەڵك ئارام دەبێت، بۆیە پەكەكە هێزێكی بێزراوە و نابێت لە ناو خاكی هەرێم بێت و دەبێت بچێتەوە شوێنی خۆی.
 
لای خۆیەوە سەردار رەسووڵ، فەرماندەی پێشمەرگە بە "وشە"ی گوت، لەبەر ئەوەی پەكەكە هێزێكی هەرێمی كوردستان نییە و مۆڵەتی كاركردنی نییە و بە نایاسایی لە ناو خاكی هەرێمە، بۆیە بۆی نییە باسی هیچ هێزێكی تر بكات، بوونی پەكەكە لە ناو هەرێم نائاسایی و نایاساییە، هەرێمی كوردستان شوێنی هیچ گرووپێكی چەكداری دەرەوەی حكوومەت نییە، لە دروستبوونی پەكەكەوە تا ئێستە هەر نۆكەری بۆ بێگانە كردووە.

زیاتر دەڵێت، بۆیە ئەگەر باسی لایەنێك و پارتی بكات دەبێت شەرم بیگرێت، دەست تێكەڵكردن لەگەڵ نەیارانی كوردستان بۆ لێدان لە كورد كاری پەكەكەیە، خەڵكی كوردستان زۆرترین نەهامەتی و چەرمەسەری و ماڵوێرانییان بینیوە، ئێستەش گرووپێك بە ‌ناوی كوردایەتی و خەبات بۆ كوردایەتی بێت و دووبارە كوردستان بكاتەوە مەیدانی جەنگ، ئەمە بە هیچ شێوەیەك رێپێدراو نییە، پارتیش باش دەزانێت كوێی پەكەكە دێشێت، بۆیە پەكەكە ئارامی لێ هەڵگیراوە.

پێوەست بەو بابەتەوە هەڵۆ سەمین، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، پەكەكە بۆی نییە بە باش و خراپ باس لە هیچ هێزێكی هەرێمی كوردستان بكات، ئەو مافەی نییە و با بچێت لە باكور و رۆژئاوای كوردستان قسە بكات، چونكە ئەو هێزانەی هەرێم چەندان ساڵە خەباتیان لە پێناو گەیشتن بەو دۆخەی ئێستە كردووە.

دووپاتی كردەوە، پەكەكە با سەری خۆی هەڵبگرێت و لە كوردستان دەربچێت، پەكەكە زوو قسە لەسەر حكوومەت و پارتی دەكا و تەنیا دەیەوێ جێگەی دەست و قسەی خۆی لە ناو هەرێم بكاتەوە، بەڵام قسە و هەڵوێستەكانی وەك بڵقی سەر ئاو وان، هیچ حیسابێكی بۆ ناكرێت، ئەگەر پەكەكە خەمخۆری كورد بوایە، لە باكور خزمەتی دەكرد و چەند ناوچەیەكی ئازاد دەكرد، نەك ببێتە هۆكاری ماڵوێرانی بۆ خەڵك.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت