"گرووپە مەزەوییەكانی عێراق دەیانەوێت فەیلییەكان لە كورد دوور بخەنەوە"

:: PM:01:19:09/12/2023 ‌

فەیلییەكان لە دەستووری عێراقدا وەك نەتەوەی كورد ناسێنراون، ئێستە پرسی كوردی فەیلی لەو ناوچەیە لە نێوان گرووپە مەزەوییەكان و حزبە ئیسلامییەكان، پاشەكشەی كردووە و فەیلییەكانیش دەڵێن، حزبەكانی عەرەبی نوێنەرێك بەناوی ئەوانەوە دەستنیشان دەكەن كە بە ڕاستی نوێنەری كوردی فەیلی نییە.

د. ئەشواق جاف بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا، لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" گوتی، كوردانی فەیلی وەك چۆن لە مێژوودا بەشێكی سەرەكی بوون لە نەتەوەی كورد، وەك بەشێك لە كورد دەمێننەوە، ئەوان بەهۆی تەعریب و ستەمی حكوومەتەكانی عێراقەوە پەرتەوازە بوون، بەڵام ئەو هەستەیان وەك خۆی ماوە كە كوردن و بەكوری قسە دەكەن.

 جاسم عەلی كوردێكی فەیلی دانیشتووی هەولێرە و بۆ "وشە" گوتی، كوردانی فەیلی بەهۆی ئەوەی وەك مەزەو شیعەن، ئەمە كاریگەرییەكی خراپی كردووەتە سەر باوەڕی كوردایەتییان، ئەم چەند ساڵە گرووپە مەزەوییەكانی شیعی لە عێراق كاریان بۆ ئەوە كردووە كە فەیلی بەهۆی مەزەوییەكەیانەوە وەك كورد نەیەڵن، تا ئاستێكی زۆریش لەمەدا سەركەوتوو بوون.

 گوتیشی پێشتر كوردێكی زۆر لە كووت و لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ژیاون، لە ناوچەكانی مەندەلی، زڕباتییە، بەدرە، جەسان، خانەقین، كەركووك، بەغدا، عیمارە و بەسرە كوردی فەیلی هەبوون، بەڵام بەهۆی تەعریبی حكوومەتەكانی پێشووی عێراق و كاری مەزەویی شیعەكان، لەم چەند ساڵەدا ئەو ڕێژەیە زۆر كەم بووەتەوە، ئێستە زۆر فەیلی دەبینی خۆیان بە كورد نازانن. 

لەمبارەیەوە د. ئەشواق جاف ئەوەی نەشاردەوە كە حكوومەتی عێراق لە دوای 2003وە، لە پرسی كوردانی فەیلی كەمتەرخەم بووە، هاوكات ئەو ماوەش هەندێك لە گرووپەكان لە هەوڵی ئەوەدان كوردانی فەیلی بەهۆی مەزەوەكەیانەوە لە كوردبوون دووریان بخەنەوە، بەڵام كوردانی فەیلی راِستە زۆرینەیان وەك مەزەو شیعەن، بەڵام وەك نەتەوە كوردن و شانازی بەكوردبوونیانەوە دەكەن.

پەرپرسی لقی پێنجی پارتی ئاماژەی بەوەش كرد، هەندێك پلان هەن كە دەیانەوێ كوردانی فەیلی بەڕێی مەزەوەوە لە كوردبوون دوور بخەنەوە و ئەوەش سەر ناگرێت، دەبێ هەموو لایەك لە عێراق وەك كوردی فەیلی قبووڵیان بكەن، ساڵی 2005 سەرۆك بارزانی كۆنگرەیەكی بۆ كوردانی فەیلی لە هەولێر رێكخست، لەو كۆنگرەیەدا كار كرا، ئێمەش لە پەرلەمانی عێراق فراكسیۆنی پارتی فشارمان كرد، پەرلەمان ناچار بوو ئەو بابەتەی خستە پڕۆژەی كار و پاشان دەنگ لەسەر ئەوە درا، كە ئەوەی بەرانبەر كوردی فەیلی كراوە، جینۆساید بووە، بەڵام ئەوەبوو حكوومەتی عێراق لەسەر ئەو بڕیارانەی پەرلەمان كاری نەكرد.

لەبارەی سەرژمێرییەكی دروستی كوردە فەیلییەكان لە بەغدا و ناوەڕاستی عێراق، ئەشواق جاف گوتی، تا ئێستە هیچ داتایەكی تەواو لە بەردەست نییە، بەڵام هەموو دەزانین لە ساڵەكانی شەستەكان و دواتریش بەغدا زۆر كوردی فەیلی تێدا بووە. هاوكات گوتیشی ئەوەش بەهۆی ئەوەیە كوردی فەیلی لەم پێنج دەیەدا پەرتەوازە كراون، لەو كۆنگرەیەی كە سەرۆك بارزانی بۆ كردانی فەیلی لە هەولێر كردی، بڕیار بوو تاداپێسێك دروست بكرێت تا بزانین ڕێژەكە چەندە.

فەیلییەكانی عێراق بەشێوەیەكی كارا بەشدارییان لە شۆڕشەكانی كورددا كردووە، بەم هۆیەشەوە لە ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، عێراق نزیكەی ٤٠ ھەزار فەیلی بە گومانی ئێرانیبوون دەركرد، كە چەندان نەوە لە نزیك بەغدا و خانەقین ژیاون. لە ساڵی ١٩٧١ تا ١٩٨٠ زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار كوردی فەیلی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە لە زێدی خۆیان دوور خراونەتەوە. 






وشە - سۆران عەزیز