سوودانی لە بەرانبەر میلیشیاكان چی پێ دەكرێت؟

:: PM:07:26:09/12/2023 ‌

بەرەبەیانی دوێنێ هەینی میلیشیاكان دەستیان بە بۆردمانكردنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كردەوە، ئەوەش دوای وەستان بۆ ماوەی چەند مانگێك، بە تایبەتی دوای پێكهاتنی حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، كە لەسەر چوارچێوەی هاوئاهەنگیی نزیك لە ئێران حسێبە و میلیشیاكانیش لەو چوارچێوەدان و جگە لە چەندان پۆستی تەناهی و هەستیار، وەزیریشیان لەو حكوومەتەدا هەیە، ئێستە سوودانی كەوتووەتە نێوان گوشارەكانی ئەمەریكا و میلیشیاكان و هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی لێ تێكنەچێت، بەڵام دەتوانی چی بكات؟

هێرشی دوێنێی میلیشیاكان بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا، هاوكات بۆ سەر بارەگەی ئاسایشی نیشتمانی لە ناوەڕاستی بەغدا، پەیامێكی توندی ناوەخۆیی میلیشیاكانە بۆ خودی سوودانی، كە لەسەر نووری مالیكی و گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق حسێبە، بۆ حكوومەتەكەشی بۆ شەرمەزاركردنی بەرانبەر بە ئەمەریكا و بیرهێنانەوەی كە ئەوان حكوومەتەكەیان بۆ پێكهێناوە، جیا لە پەیامی ئێران بۆ ئەمەریكا بەوەی دۆخی عێراق لە دەستی ئەوە و دەتوانێت هەركاتێك تێكی بدات یان ئارام و سەقامگیری بكات.

دوای پێوەندی و كۆبوونەوەكانی بەرپرسانی ئەمەریكا لەگەڵ سوودانی، نووسینگەیەكەی لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی دەكاتەوە كە سوودانی هەڕەشەی لە ئەمەریكا كردووە و داوای لێ كردووە كە سەروەریی عێراق پێشێل نەكات و سەربەخۆ میلیشیاكان نەكاتە ئامانج، وەك بڵێی حكوومەتەكەی ئەوەندە بەهێزە نابێت ئەمەریكا بەسەریدا باز بدات، كە هەر لە بەیاننامەیەكی تری نووسینگەكە بەر لە ماوەیەك هاتبووە بڵاوكردنەوە، سوودانی بە ئەمەریكای گوتووە ئێوە بۆ پاراستنی ئێمە لە عێراقن نەك بە پێچەوانەوە.

سەبارەت بە توانای سوودانی بۆ جڵەوكردنی میلیشیاكان و بەرپەرچدانەوەیان لە ئەنجامدانی هێرشەكانیان بۆ سەر ئەمەریكا لە عێراق، شارەزایان رەشبینن، چونكە ئەو میلیشیایانە زیاتر پێوەستن بە فەرمانی وڵاتانی ناوچەكە و بێباكن لە زیانگەیاندن بە عێراق وەك حكوومەت و دەوڵەت و گەل، ئەوان باكیان بە راكێشانی عێراق بۆ ناو ململانێی ناوخۆیی و دەرەكی نییە، هاوكات دووپاتی دەكەنەوە كە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ملیشیایانە دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەكات.

د. ئیحسان شمەری، سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسی لە عێراق دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی بەیاننامەكەی حكوومەتی عێراق سەبارەت بە هێرشی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا، هێرشەكەی بە كارێكی تیرۆریستی ناو برد، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە حكوومەت رووبەڕووی ئەنجامدەرانی دەبێتەوە، چونكە بەیاننامەكە زیاتر بۆ واشنتن ئاراستە كراوە، لە رێگەی توندتركردنی ئاستی گوتاری حكوومەت بۆ سەركۆنەكردنی ئەو هێرشانە، كەچی وەك كردەنی هیچی نوێ نییە.

وەك ئەو شارەزایە دەڵێت، ئەو بەیاننامە نابێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی لە نێوان حكوومەت و میلیشیاكان، چونكە ژینگەی سیاسیی بەرهەمهێن و پاڵپشت بۆ سوودانی، هەمان ئەو ژینگەیەیە كە میلیشیاكان كاری بۆ دەكەن و سەر بەون، مەگەر سوودانی بڕیار بدات لەو ژینگەیە هەڵبگەڕێتەوە.

شمەری روونی كردەوە، هۆكاری سەرنەكەوتنی بەغدا لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی سەر ئەمەریكا لە دوو مانگی رابردوو، ئەوەیە كە بابەتەكە تەنیا پێوەست نییە بە دۆخی ناوخۆی عێراقەوە، چونكە میلیشیاكان دەڵێن بەهۆی غەزەوە ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن، لەوكاتەی ئەوان بەشێكن لە ئامرازەكانی گوشاری ئێران لە عێراق و ناوچەكەدا.

"رووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیایانە زەحمەتە، چونكە ئەوە مانای دروستبوونی شەڕی ناوخۆییە لە نێوان ئەوان و سیستمی ئاسایشی عێراق، بەهۆی مەترسیدارییەكەشی هەردوولا نایانەوێ بچنە ناو رووبەڕووبوونەوەیەكی لەو شێوە"، شمەری وای گوت.

لای خۆیەوە عەلی بەیدەر، نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، ئەگەرچی دوا كەوتووە، بەڵام هەر دەبێت حكوومەتی عێراق سنوورێك بۆ ئەو میلیشیا یاساشكێنانەوە دابنێت، كە كار بۆ دروستكردنی بۆشایی و ترازانێكی گەورە لە پێوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراق دەكەن، هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دروست دەكەن و ناوبانگی عێراق لە دنیا لەكەدار دەكەن.

ئاماژەی كرد، ئێستە بەغدا لەبەردەم تەحەدای سەلماندنی توانای خۆیەتی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاسایش و سەپاندنی یاسا و گرتنی جڵەوی یاساشكێنیی ئەو میلیشیایانە، بۆ رێگرتن لە راكێشانی عێراق بۆ ناو ململانێیەك كە لە خزمەتی ئەجیندای دەرەكییە، ئەوەش لە سایەی راكێش راكێشی ناوچەیی و دنیاییدا، بۆیە باشترین بژارە بریتییە لە بەهێزكردن و كاراكردنی بواری هەواڵگری و ئاشكراكردن و پەكخستنی ئەو هێرشانە، ئەوەش لە سایەی بێتوانایی لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ میلیشیاكان، كە زیان بە بەرژەوەندیی وڵات و سەقامگیرییەكەی دەگەیەنێت، بە تایبەتی كە ئەوان خاوەنی چەكی باشن.  

لای خۆیەوە سەردار مستەفا، شارەزای سیاسی و تەناهی دەڵێت، كردنەئامانجی باڵوێزخانەی ئەمەریكا ئاماژەیەكی مەترسیدار و سەرەتای رووبەڕووبوونەوەیەكی گەورەتری نێوان واشنتن و میلیشیاكانە، پێشتر هێرشەكان تەنیا بنكە سەربازییەكانی دەگرتەوە، بەڵام ئێستە باڵوێزخانەش، بۆیە كردنەئامانجی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و كونسوڵگەی لە هەولێر، ئاماژەیەكی مەترسیدارە و بابەتێكی شەرمەزاركەرە بۆ سوودانی لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل