سەرۆکی راگوزەری سوریا، بردنەوەیەکی نوێی تۆمار کرد بە یەکخستنی هێزی کوردی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئەمەریکاوە.
دوای ئەوەی کوشتنی تائیفی و گرژییەکانی نێوان کەمینەکانی توندتر کرد، حکوومەتی سوریا ڕێککەوتنێکی واژۆ کرد بۆ تێکەڵکردنی "میلیشیا"یەکی گەورە /مەبەست هێزەكانی سوریای دیموكراتە، بە سەرکردایەتیی کوردەکان کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێ، لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەكەیدا، ئەمەیش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵی زیاتر لە دیمەشقەوە بەسەر وڵاتەکەدا، دوای ئەوەی ڕاپەڕینێکی چەکداری لەلایەن لایەنگرانی پێشووی ڕژێمەوە کوشتنی تائیفی لێ کەوتەوە.
ڕێککەوتنەکە داوای یەکخستنی سەرجەم "دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان" لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات، بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی دوو لاپەڕەیی کە ئاژانسی هەواڵی "سانا" بڵاوی کردووەتەوە، دەرکەوتووە "ئەو دوو سەرکردەیە ڕێککەوتنەکەیان واژۆ کردووە".
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، "فڕۆکەخانە، دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە گازییەکانی ناوچەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزە کوردییەدان، دەخرێنە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتەوە. هەروەها لە بەرانبەردا هاتووە: "کۆمەڵگەی کورد بەشێکی ڕەسەنی دەوڵەتی سوریایە و دەوڵەت گەرەنتی هاووڵاتیبوون و هەموو مافە دەستوورییەکانیان دەکات".
ڕێککەوتنەکە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، یەکێک لە گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم حکوومەتی نوێی دیمەشق بە سەرۆکایەتیی ئیسلامییەکان لا دەبات کە لە کانوونی یەکەمی رابردووەوە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، دوای ئەوەی یاخیبووان بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەیان ڕووخاند.
بەڵام لە هەردوو سەردەمەكەدا هێزەکانی هەسەدە بە سەرکردایەتیی کورد و پشتیوانی سەربازیی ئەمەریکا و هێزی ئاسمانی، بەشێک لە سوریا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوراتیان کۆنتڕۆڵ کردووە کە ساڵانێکە لەگەڵ سوپای ئەمەریکا دژی توندڕەوانی دەوڵەتی ئیسلامیی شەڕیان کردووە.
هەروەها ئەم ڕێککەوتنە دوای زیاتر لە هەفتەیەک دێت لە پەیامی سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی كرێكاران (پەکەکە) كە داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە و داماڵینی چەکی کرد، لە دوای دەیان ساڵ یاخیبوون لە دژی تورکیا و مانەوەیان لە بنکەکانیان لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ.
هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشێک لە ئەندامانی لقی سوریای پەکەکە لەخۆ دەگرێت کە لەلایەن ئەمەریکا و تورکیاوە بە گرووپێکی تیرۆریستی ناوزەد دەکرێت.
لەوکاتەوەی هێرشی یاخیبووان حکوومەتی ئەسەدی ڕووخاند، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمەریکای ئاگادار لە دانوستانەکان، واشنتۆن نێوەندگیری دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و گرووپە یاخیبووەکانیان کردووە، لە نێویاندا لایەنەکانی سەربە تورکیایش.
ئەم گرێبەستە سەرکەوتنێکی گرنگە بۆ حکوومەتی شەرع، لە ساتێکدا کە هەوڵ دەدات قەیرانێک لە ناوچەی کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست کە زۆرینە عەلەوین، کەم بکاتەوە. حکومەت ڕۆژی دووشەمی رابردوو ڕای گەیاند "کۆتایی بە وەڵامدانەوەی سەربازی هێناوە بۆ هێرشی یاخیبووان کە بووەتە هۆی دەست پێکردنی خولێکیتری توندوتیژی و چەقبەستنی گواستنەوەی سیاسی وڵاتەکە".
لەوبارەیەوە، چارڵز لیستەر بەرپرسی دەستپێشخەری سوریا لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن، دەڵێت: "ئەمە دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆ حکوومەتی کاتی بە تایبەتی دوای ڕۆژانی ترسناکی پێشوو". دووپاتیشی كردەوە، بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چارەسەرێکی ئەگەرکراو بۆ ناکۆکییەکانی هیزەکانی سوریای دیموکرات و دیمەشق، نوێنەرایەتیی پێشکەوتنێکی گەورە دەکات بۆ قۆناغی ڕاگوزەری سوریا.
حکوومەت ڕۆژی دووشەم بەڵێنی دا بەردەوام بێت لە لەناوبردنی پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد، هاوكات لێکۆڵینەوە لە توندوتیژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەکات. شەڕەکە شەوی پێنجشەمی رابردوو دوای دەستپێکردنی زنجیرەیەک هێرشی کوشندە بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان لەلایەن لایەنگرانی ڕژێمی ئەسەدەوە دەستی پێ کرد و بووە هۆی کوشتن و ئاوارەبوونی بە کۆمەڵی هاووڵاتییانی مەدەنی بە درێژایی کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست لە وڵاتەکە.
توندوتیژییەکان ڕێگای بەرتەسک کردووەتەوە بۆ ئەوەی حکوومەتی تازە دامەزراوی شەرع، متمانە لە نێوان گرووپە ئاینی و سیاسییەکانی سوریادا دروست بکات کە دوای نزیکەی 14 ساڵ شەڕی ناوخۆ، تووشی زەبروزەنگ بوون و نیگەرانن لە نوێبوونەوەی ململانێی تائیفی. کە پێشتر نزیکەی نیوملیۆن کەس تێیدا کوژا.
گرژبوونی توندوتیژییەکان ترسی تۆڵەسەندنەوەی زیاتری کەمینە ئاینییە عەلەوییەکانی سوریای لێ کەوتووەتەوە، راستییەكەی لەوکاتەوەی یاخیبووانی ئیسلامی سوننە سەرکردایەتی ڕووخاندنی ئەسەدیان کردووە، عەلەوییەکان لە دڵەڕاوکێدان لەبارەی داهاتوویانەوە.
عەلەوییەکان نزیكەی 10%ی دانیشتوانی سوریا پێک دێنن، هەندێكیان پێگەی گرنگیان لە ڕژێمی ئەسەددا هەبوو، بەڵام زۆرجاریش وەك پێكهاتە بوونە قوربانی سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو.
دارین خەلیفە ڕاوێژکاری باڵای گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تەواوی قۆناغی گواستنەوە. لەیارەی وەڵامی حکوومەتیش وتی: "ئەوان خراونەتە ناو تەڵەکەوە و بە خراپترین شێوە مامەڵەیان کردووە."
ڕێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سەرکردایەتیكراو لەلایەن کوردەوە، دەسكەوتێكی بەرچاوە بۆ حکوومەت لە دیمەشق، دەبێتە دەرفەت و پاڵپشتی بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی نێودەوڵەتی و گۆڕینی ململانێ لەگەڵ زلهێزە دەرەکییەکان کە بەرژەوەندی کێبەڕکێکارانەیان لە سوریادا هەیە، لەوانە: ڕووسیا، تورکیا، ئیسرائیل و ئێران.
"تەحریر شام" كە گرووپی یاخیبووی پێشووی ئەحمەد شەرعە، لەلایەن ئەمەریکاوە بە گرووپێکی تیرۆریستی دانراوە، هەست بەوەیش دەكرێ ئیدارەی ترەمپ هەوڵەكانی خۆی لەبارەی سوریاوە خاو کردووەتەوە، بەراورد بە ئیدارەی بایدن كە كەوتبووە جووڵە بۆ سووککردنی گەمارۆکان. بەڵام یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا سزاکانی سەر سوریایان سووک کردووە.
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی یەکشەمی رابردوو گوتی "سەركۆنەی كردەوەی تیرۆریستە ئیسلامییە توندڕەوەکان دەکەین، لە ناویاندا جیهادییە بیانییەکان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خەڵکیان لە ڕۆژئاوای سوریا کوشتووە."
لای خۆیەوە ئەحمەد شەرع شەوی یەکشەم لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا سوێندی بۆ میلەتەكەی خوارد کە لێپرسینەوە لەگەڵ هەر کەسێک دەکات کە خەڵکی مەدەنی کوشتبێت یان پێشێلکاری مافی خەڵكی كردبێ. هاوکات دڵسۆزانی ڕژێمی ئەسەدی بە هاندەری توندوتیژییەکان خستە ڕوو.
"ئەوان ئەو دیوارەیان شکاند کە ئاشتی مەدەنی دەپارێزێت، هێرشەكەیان بووە هۆی ئەو پێشێلکاری و ئاژاوەگێڕییەی هەموومان شاهیدی بووین" شەرع وای گوت. دووپاتیشی كردەوە كە "هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نابێت و هەموو ئەوانەی دەستیان بە خوێنی سوریاییەكان سورە، زۆر زوو ڕووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە نەک درەنگ".
تا ئێستەیش کاربەدەستانی سوریا و ڕێکخراوەكانی نێودەوڵەتی کار بۆ یەکلایکردنەوەی ڕاستییەکانی ئەوەی ڕووی دا، دەكەن. دوای ئەوەی دڵسۆزانی ڕژێم هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حکوومەتی ڕاگوزەر، ئەمەیش خولێكی نوێی توندوتیژیی لێکەوتەوە.
"کڵاو سپییەکان"، ڕێکخراوێکی فریاگوزاری بەناوبانگی نێودەوڵەتین لە سوریا، نەیانشاردەوە كە تیمەکانیان لە شاری بانیاسی کەناراوەکانی سوریا، 22 تەرم كە ژن و منداڵ لە ناویاندا بووە، دۆزیوەتەوە. هاوكات دانی بەوەدا نا كە هاوکاری دەیان خێزانیان کردووە بۆ چۆڵکردنی شوێنەكانیان لە بانیاس و لازقییە.
نووسینگەی هاوهەنگی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕای گەیاند "هەزاران کەس ئاوارە بوون و شەش نەخۆشخانە و چەندان ئەمبوڵانس بەهۆی شەڕەکەوە لە خزمەتگوزاری کەوتوون".
وۆڵ ستریت جورناڵ
وەرگێڕانی وشە