رێوڕه‌سمه‌كانی پێشوازی له نه‌ورۆز و ساڵی نوێی كوردی، نزیكه‌ی مانگێكه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ستیان پێ كردووه و بڕیاره تا 13 رۆژ دوای نه‌ورۆز درێژه‌یان هه‌بێت، رێوڕه‌سمه‌كان بۆنی خه‌باتێكی مه‌ده‌نیشیان لێ دێت، بۆیه هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هه‌وڵی رێگریكردن له رێوڕه‌سمه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.
ئه‌و رێوڕه‌سمانه هه‌ر رۆژه و له گوند و شار یان ناوچه‌یه‌كی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كرێن و خه‌ڵكێكی زۆر پێشوازیی لێ ده‌كه‌ن، دوێنێ هه‌ینی لانی كه‌م له حه‌وت شوێنی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، رێوڕه‌سمی گه‌وره به‌ڕێوه‌چوون كه گه‌وره‌ترینیان له ساحێوی سه‌قز بوو، به ده‌یان هه‌زار كه‌س به‌شدارییان له رێوڕه‌سمی نه‌ورۆز كرد. جگه له سه‌قز، له ئیلام و كرماشان و شنۆ و سنه و بۆكان و چه‌ند شوێنێكی تر ئاگری نه‌ورۆز كرایه‌وه.
هێزه چه‌كداره‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بریتییه له ئیتڵاعات و سوپای پاسداران و یه‌كه‌ی تایبه‌ت به پێشێلكردنی ئازادیی كۆبوونه‌وه‌ی هاووڵاتییانی كورد، له شاره‌كانی كرماشان، شنۆ، بۆكان و سه‌قز، هه‌وڵیان دا كێشه بۆ رێوڕه‌سمه‌كان دروست بكه‌ن.
یه‌كێك له‌و هۆكاره سه‌ره‌كییانه‌ی وایكردووه ده‌سه‌ڵاتی ئێران پێی تووڕه بێت ئه‌وه‌یه، رێوڕه‌سمه‌كانی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ به دروشمی نه‌ورۆزی خاكیپۆشان به‌ڕێوه ده‌چن كه جلێكه هێمای پێشمه‌رگه‌یه و به جلوبه‌رگ و جامانه‌ی ملیان، په‌یامی ئه‌وه به گوێی ئێران ده‌چرپێنن كه هه‌مووان پێشمه‌رگه‌ن و هه‌نگاوێك له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان پاشه‌كشه ناكه‌ن.
به‌پێی زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، هێزه‌كانی ئێران به چه‌كی نیوه‌قورسی وه‌ك دۆشكه، له‌سه‌ر رێی گوندی "سینگان"ی شنۆ به ئامانجی ڕێگریكردن له به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمی نه‌ورۆز، خاڵی پشكنینیان ساز كرد.
هه‌ر له‌و شاره‌دا هێزه‌كانی رژێم به پشكنین، بڵاوه‌پێكردنی ئاماده‌بووان و جێگیربوون له دوو گوندی "كانی سوورك" و گردی "قه‌ڵاتۆك"، له به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمی نه‌ورۆز له "تاچیناوێ"ی شنۆ، ڕێگرییان كرد كه له ئاكامدا تێكهه‌ڵچوونی هێزه ته‌ناهییه‌كان و خه‌ڵكی لێ كه‌وته‌وه و ژماره‌یه‌ك له هێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كانی حكوومه‌ت له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه چه‌ك كران.
هاوكات سوپای پاسداران له بۆكان رێگه له چوونی هاووڵاتییان بۆ چیای "ته‌ره‌غه"، شوێنی دیاریكراوی به‌ڕێوه‌چوونی نه‌ورۆز كرا.
له سه‌قز هێزه‌كانی رژێم به سازكردنی به‌ربه‌ست و خاڵی پشكنین، هه‌وڵیان دا له به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمی نه‌ورۆز له چیای جاقلی ئه‌و شاره ڕێگری بكه‌ن. له ئاكامدا ئه‌و ڕێوڕه‌سمه له كاتێكدا به فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی هێزه‌كانی رژێم چاودێری ده‌كرا، به به‌شداریی به‌رفراوانی خه‌ڵك به‌ڕێوه چوو.
ئێواره‌ی دوێنێ هه‌ینی له گه‌ڕه‌كی ده‌ڕه‌درێژی كرماشان، هێزه‌كانی سوپا و ئیتڵاعات جێگیر بوون تا رێگه له رێوڕه‌سمی نه‌ورۆز بگرن، به‌ڵام له ئاكامدا سه‌ره‌ڕای ڕێگرییه‌كان، رێوڕه‌سمه‌كه به‌ڕێوه چوو.