ئەمڕۆ یادی 37 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجەیە

:: AM:09:01:16/03/2025 ‌
ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاو تێپەڕ دەبێت كە بە گازی خەردەل، پێنج هەزار كوردی بێتاوانی لە ماوەی 60 خولەكدا شەهید كرد و 10 هەزار كەسی تریشی بە قورسی بریندار كرد، تا ئێستەیش برینەكانیان ساڕێژ نابێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی ئادار، یەكێكە لە ڕۆژە ناخۆشەكانی كورد و كوردستان، لەم ڕۆژەدا كورد چەكی كیمیایی بەسەردا تاقی كرایەوە، لە ماوەی سەعاتێكدا زیاتر پێنج هەزار كورد پێكهاتبوون لە ژن و منداڵ و پیاو و بەساڵاچوو، بە گاز و بۆمبی قەدەغەكراو كیمیاباران كران.

دادگەی نێودەوڵەتی لە لاهای، كیمیابارانی هەڵەبجەی بە كۆمەڵكوژی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند و وڵاتانیش ساڵانە لە ڕێی میدیاكاندا باسی دەكەن، لەگەڵ ئەوەیشدا پێچەوانەی هێرۆشیما و ناكازاكی كە دوای بۆردمانكردنیان بە چەكی كۆكوژ، تا ئێستە قەرەبووی دانیشتووانی هەڵەبجە نەكراوەتەوە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە.

كیمیابارانی هەڵەبجە، ئەگەرچی تاوانێكی قێزەون و دژ بە هەموو بنەمایەكی مرۆڤ بوو، بەڵام لەوكاتەدا هیچ وڵاتێكی دنیا ئامادە نەبوون سەركۆنەی بكەن و هیچ هەڵوێستێكیشیان دەرنەبڕی.

لە كاتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، زیاتر لە 70 هەزار كەس لە سنووری پارێزگای ئێستەی هەڵەبجە دەژیان، لە ماوەی 60 خولەك بەهۆی بۆمباكانەوە كە هەڵگری گازی خەردەل بوون، پێنج هەزار هاووڵاتیی سڤیل لە پیر و منداڵان و ژن و پیاو بوونە قوربانی و گیانیان لە دەست دا، هاوكات 10 هەزاری تریش بریندار بوون، ئەمە جیا لەوەی ژینگەی ناوچەكە بە تەواوی بوو بە وێرانە و كارەساتبار كە تا ئێستەیش زیانەكانی كۆتایان نەهاتووە.

لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی كوردستان بەردەوامە لە چارەسەركردنی بریندارانی كیمیابارانی هەڵەبجە و چەندان خزمەتگوزاریی تەندروستیی پێشكەشی ئەو سنوورە كردووە، ئێستەیش لە قەزاوە كراوەتە پارێزگا.

ساڵانە لە سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ یادی ئەو كارەساتە هەژێنەرە دەكرێتەوە، لە تەواوی شارەكانی كوردستان بۆ ماوەی چەند خولەكێك، ئۆتۆمبێلەكان لە جووڵە دەوەستن، هاووڵاتییانیش ماوەیەك بە بێدەنگی دەوەستن و یادی ئەو شەهیدانە بەرز رادەگرن.

كەشی هەڵەبجە جیاوازە لە هەر شارێكی تر و خەڵك بە لەبەركردنی جلی رەش، سەردانی گۆڕستانی شەهیدان دەكەن و كەسوكاریان بەسەر دەكەنەوە.

یەكێكی تر لەو شوێنانەی لە هەڵەبجە خەڵك لەم رۆژەدا سەردانی دەكەن، مۆنیۆمێنتی هەڵەبجەیە كە تێیدا مۆزەخانەیەك كراوەتەوە، زۆرجار رێوڕەسمە گرنگەكانی حكوومەتیش بۆ یادی كیمیابارانەكە هەر لەو شوێنەدا ئەنجام دەدرێن. لە مۆزەخانەكەدا ئەو پەتە خراوەتەڕوو كە عەلی حەسەن مەجید كە بە "عەلی كیمیایی" ناسرابوو، تاوانباری سەرەكی كیمیابارانی هەڵەبجە بوو و بەهۆیەوە لە سێدارە درا.

لە تەواوی شارەكانی كوردستان جگە لەو رێزلێنانە گشتییەی خەڵك بۆ یادەكە دەینوێنن، رێوڕەسمی جۆراوجۆر بۆ یادەكە دەكرێتەوە.

ئەوەی بەرانبەر بە هەڵەبجەییەكان كرا، كۆمەڵكوژی و جینۆساید بوو، بەڵام هێشتا هیچ دادگایەكی نێودەوڵەتی بە جینۆسایدی نەناساندووە و حكوومەتی فیدراڵی عێراقیش قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی نەكردووەتەوە.


وشە - رامیار جەواد