بۆچی ئەمەریكا هێرشی كردە سەر حوسییەكانی یەمەن؟

:: PM:10:13:16/03/2025 ‌

لە دوای هێرشەكەی بزووتنەوە ی حەماسی فەلەستینی بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023، حوسییەكان رۆڵێكی سەرەكیان لە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل راستەوخۆ لە رێگەی درۆن و مووشەك و ناراستەوخۆ لە رێگەی هێرشكردنە سەر كەشتییەكانی بۆ ئیسرائیل كار دەكەن لە دەریای سوور، بەڵام ئیدارەی پێشووی ئەمەریكا هیچ كاردانەوەیەكی بەرانبەریان نەبوو، ئەوەش نیشانەی پرسیاری دروست كردبوو، بەڵام دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ شەوی رابردوو یەكەم گورزی لە حوسییەكان وەشاند.

بەرپرسانی ئەمەریكا چەند هۆكارێك بۆ هێرشەكەی دوێنێ بۆ سەر حوسییەكان باس دەكەن، لەوانە راگەیاندنی هەفتەی رابردووی ئەو گرووپە بە دەست پێكردنەوەی هێرشەكانی لە دەریای سوور، جیا لەوە وەك ترەمپ خۆی رای گەیاند كە حوسییەكان هەڵمەتێكی بەردەوامی چەتەیی و توندوتیژی و تیرۆریان لە دژی كەشتی و فڕۆكە و درۆنەكانی ئەمەریكا ئەنجام دەدا و وەڵامی بایدن ئەوەندە لاواز بوو جێی بەزەییهاتنەوە بوو، بۆیەش حوسییەكان لە هێرشەكانیان بەردەوام بوون، چیتر چاوپۆشی لە هێرشەكانیان ناكەین و هێزیان لە دژ بەكاردێنین، ئەوە لە پاڵ ئاراستەكردنی پەیامێك بۆ ئێران لە دوای پەیامەكەی دوایی ترەمپ بۆ تاران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.

سكۆت بسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا لەبارەی هێرشەكانی وڵاتەكەی بۆ سەر حوسییەكان لە دیدارێكی "ئێن بی سی"، گوتی، سەرۆك ترەمپ ویستی پەیامێكی بەهێز و جیاواز لە ئیدارەی پێشوو ئاراستەی ئێران بكات، پێویستە ئێران و حوسییەكان بزانن كە ئەو هێرشانە سەرەتان و كۆتاییان نەهاتووە، هۆكاری هێرشەكان ئەوەیە كە حوسییەكان بە پاڵپشتیی ئێران هەڕەشە لە ئازادیی رێڕەوی كەشتیوانی دنیا و نۆكەندی سوێس دەكەن و كێشە بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی دروست دەكەن.   

روونی كردەوە، بەر لە دوو هەفتە سەرۆك ترەمپ كاركردنی بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری لە دژی ئێران راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی ئیدارەی جۆ بایدن رێگەی بە ئێران دا 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە هەناردە بكات، لەوكاتەی ئامانجی ئیدارەی ئێستەی ئەمەریكا بەسفركردنی ئەو ژمارەیە.

لای خۆیەوە مایك واڵتز راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە دیدارێكی كەناڵی "ئای بی سی"، گوتی، هێرشە ئاسمانییەكانی دوایی لەوەی ئیدارەی بایدن جیاوازن و بچووك نین، وەڵامدانەوەیەكی توند بوون و ژمارەیەك سەركردەی حوسییەكان كرانە ئامانج و لەناو بران، بۆیە جیاوازییەكە ئەوە بوو سەركردەی حووسییەكان كرانە ئامانج و دووەم بەرپرسیارەتییەكە خرایە ملی ئێرانەوە. 

روونی كردەوە، تاران بە بەردەوام پاڵپشتی و راهێنانی بۆ حوسییەكان دابین كردووە و بۆ كردنەئامانجی كەشتییە شەڕوانەكانی ئەمەریكا و رێڕەوی گەشتیوانیی دنیا یارمەتی داون، وای كرد زیاتر لە 70%ب رێڕەوی بازرگانیی دنیا رێگەی خۆیان بگۆڕن، ئەوەش نرخی باری گران كردووە و ئابووریی دنیای پەك خستووە، بۆیە سەرۆك ترەمپ ئەوانەی قبووڵ نەكرد، ئێمە دۆخێكی كارەساتبارمان لە بایدنەوە بۆ مایەوە، ئەو هێرشانەش هەوڵێكن بۆ راستكردنەوەی ئەو دۆخە هەڵەی هەبوو و كردنەوەی رێڕەوە ئاوییەكانی بازرگانیی دنیا.

راوێژكاری ئاسایشی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە سەرۆك ترەمپ بە بەردەوام ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە نابیت ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، بۆیە هەموو بژارەكان بۆ ئەو مەبەستە كراوەن، یان دەبێت بە رێككەوتن وازی لێ بێنن، یان رووبەڕووی زنجیرەیەك لە سزا ببنەوە.

لە ماوەی دوایی ئەمەریكا و رۆژئاوا بە رژدی دركیان بە مەترسیداریی حوسییەكان كرد، ئەوان لە تەنیا گرووپێكی خیڵەكی چەكدار  بوونە رێكخراوێكی بەهێزی سەربازی لە رێگەی ئێرانەوە، ئێران بە مەشق و چەك و راهێنان یارمەتیان دەدات، سوپای پاسداران مووشەك و درۆنیان بۆ دابین دەكات، ژمارەیان لە 30 هەزار كەس لە 2015 بۆ 350 هەزار كەس لە 2023 زیادی كردووە، جیا لەوەی مووشەك و درۆنی پێشكەوتوویان هەیە، ئەوان هاوئاهەنگی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە دەكەن و منداڵ و گەنج دەبەن بۆ شەڕ.

سەیف رەعد توێژەری تەناهی دەڵێت، هێرشی دوایی ئەمەریكا بۆ سەر حوسییەكان تەنیا هێرشێكی ئاسایی نەبوو، بگرە لە چوارچێوەی ستراتیجیەتێكی فرەوانتر دێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، جۆری چەكە بەكارهاتووەكان لە هێرشەكە ئاماژە بۆ پەرەسەندنی شێوازی هێرشەكان دەكات، هێرشەكە پلانێكی رێكخراو بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی سەر رێڕەوی بازرگانیی نێودەوڵەتی.

ئاشكرای كرد بەكارهێنانی مووشەكی پێشكەوتووی چینی لە لایەن حوسییەكانەوە ئاماژەیەك بوو بۆ بوونی رەهەندێكی نێودەوڵەتیی ململانێكان لە ناوچەكە، ئێران راستەوخۆ پاڵپشتیی لە حووسییەكان دەكات، چینیش سوودی لە هێرشی ئەوان بۆ تاقیكردنەوەی چەكەكانی لەو رێگەیەوە وەردەگرت، بۆیە یەمەن بووبووە گۆڕەپانێكی ململانێی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ئەجیندای زلهێزەكانی تێكەڵ بووبوو، كە خەریكە هاوكێشەكانی هێز لە ناوچەكە دێتەوە داڕشتن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل