ئەو ژمارەیەی سەرەوە زۆر زیاترە لە هەر خەمڵاندنێكی پێشتر و تاقیكردنەوەیەكیشە بۆ حكوومەتی نوێی ئەحمەد شەرع، لەگەڵ ئەوەی پسپۆران دەترسن كۆگەكانی "سارین، كلۆر و گازی خەردەل"، پارێزراو نەبن و كارەسات بنێنەوە، چونكە بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی چەكە قەدەغەكراوەكان، گومان دەكرێت زیاتر لە 100 شوێنی چەكی كیمیایی لە سووریا مابن، پاش رووخانی سەرۆكی هەڵاتووی وڵاتەكە.
ئەوە یەكەم خەمڵاندنی گرووپێكە لە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكە كیمیاییەكان كە هەوڵ دەدەن بچنە سووریا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو پاشماوانەی لە كۆگە سەربازییە ناسراوەكەی ئەسەددا ماونەتەوە. بەڵام ئەم ژمارەیە زۆر زیاترە لەوەی ئەسەد هەرگیز ددانی پێدا نەنا. گومان دەكرێت ئەو شوێنانەی تێوەگلاون لە "توێژینەوە، بەرهەمهێنان و هەڵگرتنی چەكی كیمیایی" زۆر بن و ئەسەد قەدەغەكراوی وەك "گازی سارین و كلۆر"ی دژی شەڕكەرانی یاخیبوو و هاووڵاتییانی وڵاتەكەی بەكارهێنابێ، لە ماوەی 13 ساڵ شەڕی ناوخۆدا.
ئایا شوێنەكانی چەكی قەدەغە پارێزراون؟ ئەمە نهێنییەكە لەوكاتەوەی یاخیبووان ئەسەدیان ڕووخاندوە، هاوكات تاقیكردنەوەیەكی گەورەیشە بۆ حكوومەتی كاتی كە لەلایەن گرووپی تەحریر شام بەڕێوە دەبرێ و لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە وەك "رێكخراوێكی تیرۆریستی" پۆلێن كراوە، بەڵام پێوەندییەكانی لەگەڵ قاعیدەدا ڕەت كردووەتەوە.
مەترسییەكان گەورەن بەهۆی كوشندەیی ئەو چەكانە، بە تایبەتی كاتێك لە ناوچە قەرەباڵغەكاندا بەكار دەهێنرێن.
"سارین" مادەیەكی دەمارییە، دەتوانێت لە چەند خولەكێكدا مرۆڤ بكوژێت.
"كلۆر و گازی خەردەل"یش ئەو چەكانەن كە لە جەنگی جیهانی یەكەمدا ناسران، چاو و پێست دەسووتێنن و سیی مرۆڤ پڕ شلەمەنی دەكەن، وا دەكەن كەسی بەركەوتوو هەمان هەستی لە ئاودا خنكانی هەبێ، بۆیە پسپۆران نیگەرانن لەبارەی ئەگەری دەستڕاگەیشتنی گرووپە چەكدارەكان بە دامەزراوە كیمیاییەكان، لەبەرئەوەی بە "باشی پارێزراو نین".
لە سەردانێكی چاوەڕواننەكراودا لە مانگی ئاداری رابردوو، بۆ بارەگای ئاژانسی چاودێری چەكە كیمیاییەكان لە لاهای، وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی، حكوومەتەكەی "هەر پاشماوەیەكی بەرنامەی چەكی كیمیایی لەناو دەبات كە لەژێر حوكمی رژێمی ئەسەددا پەرەی پێ دراوە". وەزیرەكەی شەرع دڵنیایی دا كە حكوومەتی كاتی "پابەند دەبێت بە یاسای نێودەوڵەتی". ئەمە ئومێدێكی زۆری لای پسپۆڕانی چەكی قەدەغەكراو دروست كرد و دڵنیان لە راستگۆیی حكوومەتەكە. بە تایبەت كە دوای ئەو لێدوانە، حكوومەتی ئێستە رێگەی دا تیمێكی چاودێرانی نێودەوڵەتیی بچنە سوریا بۆ دەست پێكردنی كاری بەڵگەداركردنی شوێنەكانی چەكی كیمیایی. ئەمە بە گوێرەی زانیاریی كەسانێك كە ئاگەداری تیمەكەن.
بەڵام سەرەڕای بەڵێنەكان، حكوومەتی نوێ هێشتا باڵوێزی بۆ چاودێری و پێوەندی لەگەڵ ئاژانسی چەكە قەدەغەكراوەكان دیاری نەكردووە كە هەنگاوێكی سەرەتاییە وەك نیشانەی پابەندبوونی وڵاتێك بۆ دژایەتی چەكی كیمیایی دەبینرێت. لای خۆیشیەوە وەزارەتی بەرگریی سووریا وەڵامی پرسیارە نووسراوەكانی لەبارەی چەكە بەجێماوەكانەوە نەدایەوە، تەنیا رای گەیاند، پرسیارەكان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەودا نین. بەبێ ڕوونكردنەوەی زیاتر
چاوەڕوان دەكرێ وایە سووریا لە بارودۆخێكی ناجێگیردا بمێنێتەوە، بە تایبەتی دوای ئەو توندوتیژییەی لە ناوچەی كەناراوەكان لە مانگی رابردوودا لە نێوان هێزەكانی حكوومەت و گرووپەكانی پاشماوەی ئەسەد، سەری هەڵدا.
لە ساڵانی سەرەتای شەڕی ناوخۆدا، حكوومەتی ئەسەد 27 شوێنی بە ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی O.P.C.W ناساند، دواتر پشكنەرانی نارد بۆ سەردان و داخستنیان. بەڵام ئەسەد لانیكەم تا ساڵی 2018 بەردەوام بوو لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و لێكۆڵینەوەكان دەریانخست، حكوومەتەكەی بەردەوام بوو لە هاوردەكردنی مادە كیمیاییە سەرەكییەكانی ئەم بوارە. بۆیە ئێستە چاودێران مەزەندەی زیاتر لە 100 شوێن دەكەن و ڕێكخراوەكە دەڵێ، لەسەر بنەمای زانیاری توێژەران، گرووپە ناحكوومییەكان و زانیاری هاوبەشكراو لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە، گەیشتووە بەو ژمارەیە.
"هەندێك چەك ڕەنگە لە ئەشكەوت یان شوێنی تردا شارابنەوە و دۆزینەوەیان بە وێنەی مانگی دەستكرد ئەستەم بێ" ئەمە پێشبینی ئەندامانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكە و پسپۆڕانە. بۆیە مەترسیی ئەوە هەیە هەندێك لەو چەكانە كارەسات بنێنەوە. ڕائید ساڵح ئەفسەری بەرگریی شارستانی سووریا بە "كڵاوەسپییەكان"یش ناسراون، گرووپێكی خۆبەخش، بەڵێن دەدات لەگەڵ حكوومەت كار بكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی شوێنەكانی چەكی كیمیایی. ئەو دووپاتی دەكاتەوە، "چەندان شوێن هەن ئێمە نازانین لە كوێن، لەبەرئەوەی ڕژێمی ئەسەد درۆی دەكرد لەگەڵ ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی ".
لەلایەكی ترەوە، نیدال شێخانی كە سەرۆكایەتیی ناوەندێكی بە بەڵگەنامەكردنی پێشێلكارییە كیمیاییەكانی سووریا دەكات و چەندان ساڵ لەگەڵ ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی كاری كردووە، ئاماژەی بەوە دا كە گرووپەكەی دەیان شوێنی نوێیان دۆزیوەتەوە و بەگوتەی ئەو "دەكرێت كۆگەی چەكی كیمیایی یان شوێنی توێژینەوەی ڕژێمی پێشوو بن" چونكە وەك ددانی پێدا نا ئەوەی لەسەر بنەمای چاوپێكەوتن لەگەڵ زانایانی حكوومەتی سووریا كە لە ئەوروپا دەژین، دەست كەوتووە.
دۆزینەوە و كۆنترۆڵكردنی ئەم شوێنانە گرنگە، لەبەر هۆكاری زیاتر لە ئاسایش. پشكنەرانی نێدەوڵەتی دەیانەوێت بەڵگە كۆ بكەنەوە بۆ لێكۆڵینەوەكانیان لەبارەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن ئەسەدەوە. دەزانین چاودێرانی نێودەوڵەتی، توێژەرانی سەربەخۆ و گرووپە مرۆییەكانی سووریا، دەیان هێرشی ئەسەدیان تۆمار كردووە، لەگەڵ هەزاران كەس، لەوانە منداڵ لەناو قوربانییەكاندان.
ناودارترین ڕووداویش هێرشی گازی سارین بوو لە ساڵی 2013 لە ناوچەی "غۆتە" كە گەڕەكێكی دەرەوەی دیمەشقی پایتەختە. ساڵی ڕابردوویش ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی كردە سەر چەندان دامەزراوەی ڕژێمی سووریا كە چەكی كیمیاییان تێدا هەڵگیرابوو، بەڵام ڕوون نییە ئایا ئەو هێرشانە چەكەكانی لەناو بردووە یان نا.
شێخانی و كەسانی تر دەڵێن، نیگەرانن لەوەی هێرشەكان تەنیا پیسبوونی ژینگەی دروست كردبێت و بەڵگەكانیان لەناو بردبێ. ئەوە لە كاتێكدا گرووپە نێودەوڵەتییەكان هیوادارن بەڵگە كیمیاییەكان وەڵامی پرسیارە سەرەكییەكان بدەنەوە لەبارەی توێژینەوەكانی حكوومەتی ئەسەد و لێپێچینەوەی یاسایی.
ناتاشا هۆڵ هاوكارێكی پلەبەرزە لە ناوەندی لێكۆڵینەوە ستراتیجی و نێودەوڵەتی لە واشنتن، گوتی، "هێرشەكانی ئیسرائیل كە ڕاستەوخۆ دوای ڕووخانی ئەسەد ڕوویان دا، لەوانەیە كاریگەریی ئەوتۆیان نەبووبێت لەسەر هەندێك لەو چەكانە، دووریش نییە هەوڵەكانی بەرەو لێپرسینەوە شاردبێتەوە".
گازی سارین بەپێی یاسای نێودەوڵەتی قەدەغەیە. بەڵام یاساكان بۆ جۆرەكانی تری چەكی كیمیایی ناڕوونن. بەپێی قسەی كیمیازانێكی پێشووی حكوومەتی سووریا كە لە ترسی تۆڵەسەندنەوە، مەرجی ناو نەهێنانی داناوە، "بەرنامەی چەكی كیمیایی سووریا لە ساڵانی حەفتاكاندا بە یارمەتی سەتان زانا دەستی پێ كرد، زۆریان لە ئەڵمانیا و وڵاتانی تری ئەوروپا ڕاهێنرابوون.
ئەم زانایە لە بەشی چەكی كیمیایی ناوەندی لێكۆڵینەوە و توێژینەوە زانستییەكانی سوپا كاری كردووە، ئەو ناوەندە لە ژێر سزای نێودەوڵەتیدایە، بەهۆی ئەوەی كاری لەسەر چەكی نەریتی، كیمیایی و ناوەكی كردووە. پێویستە ئەوەیش بگوترێ كە زۆر لە زانایانی چەكی كیمیایی لە ماوەی شەڕدا هەڵاتوون لە سوریا، بەڵام هەندێكیش ماونەتەوە. بە گشتیی، ئەمەریكا سزای بەسەر 300 كەس و دامەزراوەدا سەپاندووە كە پێوەندییان بە بەرنامەی چەكی كیمیایی سووریاوە هەبوو.
سەرەڕای دڵنیاییەكانی حكوومەتی نوێ، پشكنەرانی چەكی كیمیایی زۆر گەشبین نین. ئاخر ئەوان لە سووریا پێشوویشدا دڵنیایی لەو شێوەیان بیستبوو.
سووریا یەكەمجار پێش 10 ساڵ ڕازی بوو لە چەكی كیمیایی ڕزگار بكرێت، بەڵام كاتێك پشكنەران دەست بەكار بوون، تێگەیشتن ئەسەد مەبەستی نییە زانیاریی تەواو لەسەر كۆگەكانی چەك ئاشكرا بكات. وەك ئەندامانی پێشووی شاندەكان دەڵێن "بەردەوام لەلایەن حكوومەتی پێشووەوە كارەكانیان سنووردار دەكرا".
لە ڕووداوێكدا لە ساڵی 2014، لەوكاتەی پشكنەر و ئەندامانی تیمی دەوڵەتی سووریا، لێكۆڵینەوەیان لەسەر شوێنێكی پێشبینیكراو دەكرد، ئۆتۆمبێلێكی كاروانەكەیان بەر بۆمبێكی چێنراوی سەرڕێگە كەوت. دوو سووری كە لە كاروانەكەدا بوون، سەرزەنشتی حكوومەتیان كرد بۆ چەواشەكردنیان و دڵنیاییدان لەوەی ڕێگەكە سەلامەتە. بەو هۆیەوە ئەندامانی تر بەردەوام لە دڵەڕاوكەدا بوون و دەترسان لەوەی حكوومەت گوێبیستی گفتوگۆكانیان بێت، یان سیخوڕییان لەسەر بكات. هەروەها "حكوومەتی ئەسەد زانیاریی ئەو هێرشانەی شاردەوە كە تێیدا گازی سارین و كلۆری بەكار هێنا دژی خەڵكی خۆی".
لە شارۆچكەی زەمەلكا نزیك دیمەشق، كێلی گۆڕەكان ناوی زۆر كوژراوی ماوەی شەڕی ناوخۆیان لەسەر تۆمار كراوە. بەڵام لەلایەكی تری گۆڕستانەكەوە گردێكی خۆڵ هەیە، بەبێ ئەوەی گرنگییەكەی دیاری بكرێت. بەرپرسێكی ناوخۆیی گوتی، خەڵكی شارۆچكەكە تەرمی پیاو، ژنان و منداڵانیان لەوێ ناشت كە بەهۆی هێرشی كیمیایی ساڵی 2013ـەوە بوونە قوربانی، بەڵام كاتێك حكوومەتی ئەسەد ساڵی 2017 كۆنترۆڵی شارۆچكەكەی گرتەوە دەست، حكوومەت كێلەكانی لابرد و گۆڕەكانی داپۆشی.
نووسینی مێگا ڕاجاگۆپالان
نیویۆرك تایمز
وشە