سه‌رۆك تره‌مپ له سه‌ره‌تای مانگی شوباتدا، كاتێك به فڕۆكه‌ی (هێزی ئاسمانی یه‌ك) واته فڕۆكه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و ئاوه‌دا ده‌فڕی كه به‌مدواییه ناوی گۆڕیبوو به كه‌نداوی ئه‌مه‌ریكا، ڕای گه‌یاند كه باج ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر سه‌رله‌به‌ری پۆڵا و ئه‌له‌منیۆمی هاورده‌كراودا. دوای دوو هه‌فته، یاداشتێكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌ركرد كه ڕێنوێنیی نوێی بۆ پشكنینی وه‌به‌رهێنانی كۆمپانیا چینییه‌كان له ئه‌مه‌ریكا و كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان له چین داڕشت. به‌درێژایی هه‌فته‌كانی سه‌ره‌تای كارگێڕییه‌كه‌ی، تره‌مپ دووپاتی له‌سه‌ر گرنگی هێنانه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان كرده‌وه بۆ ناوخۆ و به كۆمپانیاكانی گوتووه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له باج دوور بخه‌نه‌وه، پێویسته به‌رهه‌مه‌كانیان له ئه‌مه‌ریكا دروست بكه‌ن.
باج و پارێزگاریخوازی (پرۆتێكشنیزم)، سنوورداركردنی وه‌به‌رهێنان، ڕێوشوێنێكی داڕێژراوه بۆ هاندانی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی، ڕامیاری ئابووری واشنتن له‌ناكاو به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خراپ له ڕامیارییه‌كانی په‌كین ده‌چێت، له ماوه‌ی ده‌یه‌ی ڕابردوودا یان زیاتر، واته ڕامیارییه‌كی چینی به تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌مه‌ریكی.
ستراتیجی پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ چین له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بوو كه ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا چین بخاته ناو سیستمی جیهانی له‌سه‌ر بنه‌مای یاساكان، چین زیاتر له ئه‌مه‌ریكا ده‌چێت. واشنتن بۆ ده‌یان ساڵ وانه‌ی پێشكه‌ش به په‌كین ده‌كرد له‌باره‌ی دووركه‌وتنه‌وه له پارێزگاریكردن، نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م وه‌به‌رهێنانی بیانی و دیسپلینكردنی به‌كارهێنانی یارمه‌تییه‌كان و سیاسه‌تی پیشه‌سازی، كه‌چی ته‌نیا سه‌ركه‌وتنێكی كه‌م به‌دی هات. هێشتا چاوه‌ڕوانییه‌كه ئه‌وه‌بوو كه ئاسانكاریی بۆ ته‌واوكردنی یه‌كگرتن بكات.
ڕاستییه‌كه‌ی به پله‌یه‌كی باش نزیكبوونه‌وه ڕووی داوه، به‌ڵام ته‌نیا به‌و شێوه‌یه نییه كه داڕێژه‌رانی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكی پێشبینییان كردبوو. له‌بری ئه‌وه‌ی چین له ئه‌مه‌ریكا بچێت، ئه‌مه‌ریكا زیاتر وه‌ك چین ڕه‌فتار ده‌كات. ڕه‌نگه واشنتن سیستمی كراوه و لیبراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای یاساكان دروست كردبێت، به‌ڵام چین قۆناغی داهاتووی خۆی پێناسه كردووه: پارێزگاریخوازی، پاڵپشتیكردن، سنوورداركردنی وه‌به‌رهێنانی بیانی و سیاسه‌تی پیشه‌سازی. ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌مه‌ریكا ده‌بێ سه‌ركردایه‌تیی خۆی دووپات بكاته‌وه بۆ پاراستنی ئه‌و سیستمه‌ی كه له‌سه‌ر بنه‌مای یاساكان دامه‌زراندووه، قسه‌یه‌كه بێ ئاگایه له ناوه‌ڕۆكی پرسه‌كه، چونكه ئێسته سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیستی چین زاڵه به‌سه‌ر سیستمی ئابووری نێوده‌وڵه‌تیدا. واشنتن له ئێسته‌وه له دنیایه‌كدا ده‌ژی كه دنیای په‌كینه.
كرانه‌وه؟
له ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان و ساڵانی سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا، هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه بوون كه چین له ڕێپێوانێكی بێ وه‌ستاندایه به‌ره‌و لیبرالیزمی ئابووری. به بنیاتنانی پرۆسه‌یه‌ك كه له كۆتایی هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له سه‌رده‌می دێنگ شیاوپینگ سه‌رۆكی چین ده‌ستی پێ كرد، چین خۆی به‌ڕووی وه‌به‌رهێنانی بیانی‌دا كرده‌وه. پاشان سه‌رۆك جیانگ زیمین و سه‌رۆك وه‌زیران ژو ڕۆنگجی، چینیان له‌سه‌ر ڕێگه‌ی چاكسازی ئابووری هێشته‌وه، ئه‌گه‌رچی به ئازار بوو. ئه‌وان كۆمپانیا ده‌وڵه‌تییه‌كانیان سه‌رله‌نوێ داڕشته‌وه و ده‌یان ملیۆن كرێكاریان له كاره‌كانیان دوورخسته‌وه، شوێنی زیاتریان بۆ چالاكییه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت كرده‌وه، ڕێگه‌یان به بازرگانه‌كان دا نرخه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌ڵامی بارودۆخی بازاڕدا ڕێكبخه‌ن و چوونه ناوه‌وه‌ی چینیان بۆ ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی ده‌ست پێ كرد.
جیانگ و ژو چه‌ندان جار ڕایان گه‌یاند كه چین به‌رده‌وام ده‌بێت له كرانه‌وه. زۆركه‌س له ڕۆژئاوا پێیان وابوو ئه‌م ئازادكردنه ئابوورییه ده‌بێته هۆی ئازادكردنی سیاسی چین، كه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سه‌رمایه‌داری به تێپه‌ڕبوونی كات ده‌بێته كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراسیتر، ئه‌و گریمانه‌یه چه‌وت ده‌رچوو. سه‌ركرده‌كانی چین هه‌رگیز به راستی بیریان له چاكسازی سیاسی نه‌كرده‌وه، به‌ڵام پێشكه‌وتنی ئابووری چین سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش سه‌رنجڕاكێش بوو. به‌پێی ئاماره‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، به‌رهه‌می ناوخۆیی وڵات له ٣٤٧.٧٧ ملیار دۆلاره‌وه له ساڵی ١٩٨٩ بۆ ١.٦٦ تریلیۆن دۆلار تا ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ١٧.٧٩ تریلیۆن دۆلار له ساڵی ٢٠٢٣. هیوایه‌كی زۆر هه‌بوو كه تێكه‌ڵكردنی چین له سیستمی بازرگانی له‌سه‌ر بنه‌مای یاساكان، بتوانێت ببێته هۆی دنیایه‌كی ئارامتر و خۆشگوزه‌رانتر. جیهانگیری به‌ڕاستی زیاتر له ملیارێك كه‌سی له هه‌ژاری ده‌رهێنا، ئه‌مه‌ش سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو، به‌ڵام سووده‌كانی ئه‌و پێشكه‌وتنه به یه‌كسانی دابه‌ش نه‌بوون و به‌شێك له كرێكاران و پێكهاته‌كانی وڵاتانی پیشه‌سازی، له كۆتاییدا باجی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌وانی تریان داوه.
پاشان سه‌رۆك هو جینتاو هاته ناو دیمه‌نه‌كه‌وه، دواتر سه‌رۆك شی جینپینگ. ده‌ركه‌وت ڕێڕه‌وی ئابووری چین كه‌متر ڕاسته‌هێڵی و كه‌متر حه‌تمی ده‌ركه‌وت له‌وه‌ی كه له سه‌ره‌تادا چاوه‌ڕوان ده‌كرا. له سه‌رده‌می هو جینتاودا، چین زیاتر پشتی به ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت له ئابووریدا به‌ستبوو، به ئامانجی دروستكردنی "پاڵه‌وانی نیشتمانی" له كه‌رته ستراتیجییه‌كان له ڕێگه‌ی پاڵپشتی دارایی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه. به واتایه‌كی تر حكوومه‌ت ڕۆڵی خۆی فراوانتر كرد نه‌ك به‌دوای ئازادكردنی زیاتری بازاڕدا بڕوات. له هه‌مان كاتدا لێشاوی هاورده‌كردنی كاڵای هه‌رزانی چینی، ڕه‌وتی پاشه‌كشێی پیشه‌سازیی له ئه‌مه‌ریكا خێراتر كرد و به ڕێژه‌یه‌ك ئه‌و كاره‌ی كرد كه كه‌م كه‌س ئه‌گه‌ر هه‌بوو بێت، به ته‌واوی پێشبینی بكه‌ن. چین بوو به زه‌وی به‌رهه‌مهێنانی دنیا، له ده‌یه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا پێش كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ژاپۆن و ئه‌ڵمانیا كه‌وت. به‌پێی ئاماره‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، له ساڵی ٢٠٠٤دا چین 9%ی به‌های زیادكراوی به‌رهه‌مهێنانی دنیای پێكهێناوه و له ساڵی ٢٠٢٣دا بازدانی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێناوه و گه‌یشتووه‌ته ٢٩%.
چۆن چین سه‌ركه‌وت؟
واشنتن فشاری خسته سه‌ر په‌كین بۆ ئه‌وه‌ی به درێژایی ئه‌م ماوه‌یه، كارنامه‌ی چاكسازییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات و داوای له چین كرد، بازاڕه‌كانی بكاته‌وه و خۆی بپارێزێت له سه‌پاندنی باجی به‌رز و به‌ربه‌ستیی تر به‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه له ئه‌مه‌ریكاوه هاورده ده‌كرێن. داكۆكی له‌وه ده‌كرد كه كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان، ڕێگه‌یان پێ بدرێت وه‌به‌رهێنان له چین بكه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی له هه‌ندێك كه‌رت دوور بخرێنه‌وه، یان پێویست بكات بچنه ناو كۆمپانیا هاوبه‌شه‌كانه‌وه، له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌مه‌ریكی بگوازنه‌وه بۆ كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان. واشنتن داوای كرد حكوومه‌تی چین واز له پاڵپشتیكردنی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنی كاڵاكان بهێنێت، ئه‌مه‌ش بازاڕی دنیای شێواند، به‌ڵام ئه‌م سكاڵا و گله‌ییانه تا ئاستێكی زۆر نه‌بیستران.
له ساڵی ٢٠٠٩دا ئیداره‌ی ئۆباما، سه‌ركردایه‌تیی هه‌وڵێكی كرد بۆ كۆتاهێنان به خولی دۆحه كه دانوستانێكی بازرگانیی فره‌لایه‌نه له ژێر سه‌رپه‌رشتی ڕێكخراوی بازرگانی جیهانیدا له ساڵی ٢٠٠١ ده‌ستی پێ كرد. ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ی به چین ده‌دات كه چێژ له "مامه‌ڵه‌ی تایبه‌ت و جیاواز" وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه بوو كه چین ده‌یتوانی خۆی به‌دوور بگرێت له وه‌رگرتنی هه‌مان ئاستی پابه‌ندبوون و دیسیپلینه‌كان، له‌باره‌ی ده‌ستڕاگه‌یشتن به بازاڕ و پاراستنی مافی خاوه‌ندارێتی فیكری و پرسه‌كانی تر، وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی پیشه‌سازیی تر. واشنتن له‌و كاته‌دا ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه بووه‌وه له دنیادا به‌هۆی هاندانی چاوخشاندنه‌وه به بنه‌ماكانی دانوستانه‌كه، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ش ڕوون بوو كه ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، پراكتیزه ئابوورییه‌كانی چین به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو سیستمی بازرگانیی جیهانی تێكده‌ده‌ن.
ئه‌مه‌ریكا له دنیای چیندا ده‌ژی
نیگه‌رانییه هاوشێوه‌كان، پاڵنه‌ری ئیداره‌ی ئۆباما بوون بۆ به‌دواداچوونی هاوبه‌شی ترانس پاسیفیك (TPP)، كه ڕێككه‌وتنێكی بازرگانی ستانداردی به‌رزه و له نێوان 12 وڵاتی ده‌وروبه‌ری لێواری زه‌ریای هێمن دانوستانیان له‌سه‌ر كراوه. ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه بۆ ئه‌وه دانرابوو كه جێگره‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش بدات به وڵاتانی ناوچه‌ی ئاسیا و زه‌ریای هێمن بۆ ئه‌و مۆدێله‌ی كه چین پێشكه‌شی كرد. كۆمه‌ڵێك وڵاتی هه‌مه‌چه‌شنی كۆكرده‌وه كه ئاماده بوون پاراستنێكی به‌هێز له بواری كار و ژینگه‌ییدا دابنێن، سنوورداركردنی به‌كارهێنانی یارمه‌تییه‌كان، سه‌پاندنی دیسیپلین به‌سه‌ر كۆمپانیاكانی سه‌ربه ده‌وڵه‌ت و چاره‌سه‌ركردنی نیگه‌رانییه جیاوازه‌كانی تایبه‌ت به چین، وه‌ك پاراستنی مافی خاوه‌ندارێتی فیكری. به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ی دانوستانه‌كانی TPP له ساڵی ٢٠١٥ ته‌واو بوو، ڕێككه‌وتنه بازرگانییه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی چین داڕێژرابوون، له ناوخۆدا له ڕووی سیاسییه‌وه ژه‌هراوی بوون و ئه‌مه‌ریكاش له كۆتاییدا له ڕێككه‌وتنه‌كه كشایه‌وه.
له ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٧ سه‌ره‌تا وه‌ك جێگری ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ كاروباری ئابووری نێوده‌وڵه‌تی و دواتر وه‌ك نوێنه‌ری بازرگانی ئه‌مه‌ریكا كارم ده‌كرد. له‌و ماوه‌یه‌دا به‌رده‌وام هاوتا چینییه‌كانم ئاگادار ده‌كرده‌وه كه ئه‌و ژینگه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كه بووه‌ته هۆی سه‌ركه‌وتنی چین، نامێنێت، مه‌گه‌ر په‌كین ده‌ستكاریی سیاسه‌ته ئابوورییه تاڵانچییه‌كه‌ی بكات. به‌ڵكو چین تا ئاستێكی زۆر ڕێڕه‌وی كاركردنی خۆی پاراست، به‌ڵكو دوو هێنده هه‌وڵه‌كانی زیاد كرد. كاتێك شی له ساڵی ٢٠١٢دا هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر كۆتایی به سه‌رده‌می "چاكسازی و كرانه‌وه" هێنا كه پێشتر له سه‌رده‌می (هودا) وه‌ستابوو، چینی خسته سه‌ر ڕێڕه‌وێك بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ته‌كنه‌لۆجیا گرنگه‌كاندا، به‌رهه‌مهێنانی تا ئه‌وپه‌ڕی توانا زیاد كرد و پابه‌ند بوو به گه‌شه‌كردن له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌نارده‌كردن. ئه‌مڕۆ وه‌ك ئابووریناس براد سێتسه‌ر ئاماژه‌ی پێ كردووه، قه‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی چین به ڕێژه‌ی سێ هێنده خێراتر له بازرگانی دنیا گه‌شه ده‌كات. له كه‌رتی ئۆتۆمبێلدا، له‌سه‌ر ڕێڕه‌وێكه كه توانای به‌رهه‌مهێنانی دوو له‌سه‌ر سێی خواستی ئۆتۆمبێلی دنیای هه‌یه. وه‌ك باڵاده‌ستییه‌كه‌ی له ئۆتۆمبێل زیاتریش درێژ ده‌بێته‌وه؛ هه‌روه‌ها چین زیاتر له نیوه‌ی ئاستی دابینكردنی جیهانی پۆڵا و ئه‌له‌منیۆم و كه‌شتی به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
له كۆتاییدا ته‌نانه‌ت كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان كه هه‌میشه باڵانس بوون له پێوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كاندا، له چین سوور بوونه‌وه، چونكه موڵك و ماڵی فیكرییان دزرا یان مۆڵه‌تی زۆره‌ملێیان پێ درا، ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به بازاڕ بۆ چین به توندی سنووردار كرا یان دواكه‌وت و یارمه‌تییه‌كان و په‌سندكردنی چین بۆ كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان ده‌رفه‌ته‌كانیان خوارد. به‌بێ هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك پێوه‌ندییه‌كه تێكچوو. سیاسه‌تمه‌دارانی هه‌ردوو حزب و جه‌ماوه‌ری ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستی خۆیان له‌سه‌ر چین توندتر كرد. وڵاتانی ئه‌وروپا و ئابوورییه تازه‌پێگه‌یشتووه‌كانی وڵاتانی تریش دوژمنایه‌تیی گه‌وره‌ی سیاسه‌ته‌كانی په‌كینیان كرد. به كورتی ژینگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی نه‌رمونیان نه‌ما.
واشنتن كه نه‌یتوانی په‌كین ڕازی بكات كه سیاسه‌ته ئابوورییه تاڵانچییه‌كانی بگۆڕێت یان بلۆكی بازرگانی جێگره‌وه بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی چین به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رێت، یه‌ك بژارده‌ی له‌به‌رده‌مدا مایه‌وه: ئه‌مه‌ریكا ده‌بوو زیاتر له چین بچێت. دوای چه‌ندین ده‌یه له هێرشكردنه سه‌ر چین به‌هۆی سه‌پاندنی باجی زۆر و سنوورداركردنی تر له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی ئه‌مه‌ریكا، ئێستا ئه‌مه‌ریكا هه‌مان به‌ربه‌سته‌كان داده‌نێت وه‌ك چین. هه‌روه‌ك چۆن ئابووریناس "چاد بۆن" لێكی داوه‌ته‌وه، تره‌مپ له یه‌كه‌م كارگێڕی خۆیدا، ڕێژه‌ی تێكڕای باجی له‌سه‌ر هاورده‌كردن له چینه‌وه 3% بۆ 19% به‌رز كرده‌وه كه دوو له‌سه‌ر سێی سه‌رجه‌م هاورده‌كردنی چین له خۆ ده‌گرێت. سه‌رۆك بایدن ئه‌و باجانه‌ی پاراست و باجی له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی تری چین زیاد كرد، له‌وانه ئامێره‌كانی پاراستنی كه‌سی، ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی، پاتری و پۆڵا، ئه‌مه‌ش كه‌مێك تێكڕای باجی له‌سه‌ر هاورده‌كردن له چینه‌وه زیاد كرد. كه‌متر له دوو مانگ به‌سه‌ر ئیداره‌ی دووه‌میدا، تره‌مپ باجی 20%ی زیاده‌ی به‌سه‌ر هه‌موو هاورده‌كردنی ئه‌مه‌ریكا له چینه‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی گه‌وره‌تره له باجه‌كانی كارگێڕی یه‌كه‌می و ئیداره‌ی بایدن بوو به‌یه‌كه‌وه.
به هه‌مانشێوه ئه‌مه‌ریكا ڕێبازه‌كه‌ی له دژایه‌تیكردنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م زۆربه‌ی ڕه‌وتی وه‌به‌رهێنانی دوولایه‌نه، گۆڕی بۆ سنوورداركردنی توندی وه‌به‌رهێنانی چین له ئه‌مه‌ریكا و وه‌به‌رهێنانی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ندێك كه‌رتی هه‌ستیار له چین. به‌پێی ئاماره‌كانی گروپی ڕۆدیۆم، وه‌به‌رهێنانی ساڵانه‌ی چینی له ئه‌مه‌ریكا له 46 ملیار دۆلاره‌وه له ساڵی 2016 بۆ كه‌متر له پێنج ملیار دۆلار له ساڵی 2022 دابه‌زیوه. دوای ئه‌وه‌ی داوای له په‌كین كرد ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌ته‌كانی پاڵپشتی و پیشه‌سازی بێت، واشنتن خۆی له سه‌رده‌می ئیداره‌ی بایدندا هه‌موو شتێكی خسته سه‌ر سیاسه‌تی پیشه‌سازی، لانیكه‌م 1.6 تریلیۆن دۆلاری خسته سه‌ر یاسای وه‌به‌رهێنان و هه‌لی كار له ساڵی 2021، یاسای چپس و زانستی (كه ته‌رخانكردنی ٢٨٠ ملیار دۆلار)ه 2022 بۆ توێژینه‌وه، و یاسای كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان له ساڵی 2022
.
ئه‌گه‌ر ناتوانی به‌سه‌ریاندا زاڵ بیت، بچۆ پاڵیان
وه‌رگرتنی ڕێبازی چینی ده‌توانێت به مانای وه‌رگرتنی ئامرازێكی سه‌ره‌كی بێت له سندووقی ئامرازه‌كانی په‌كین: داواكردن له كۆمپانیا چینییه‌كان كه وه‌به‌رهێنان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ن ، كۆمپانیای هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان دابمه‌زرێنن و به‌شداریی له گواستنه‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆجیادا بكه‌ن. ستراتیجییه‌كی له‌و جۆره ده‌توانێت نه‌ك ته‌نیا توانای كێبه‌ركێی پیشه‌سازیی ئه‌مه‌ریكا به‌رز بكاته‌وه، به‌ڵكو توانای وڵاتانی تریش به‌رز بكاته‌وه كه به‌هۆی توانای زیاده‌ی چینه‌وه كاریگه‌ریی نه‌رێنییان له‌سه‌ره، له ناویاندا زۆر له وڵاتانی ئه‌وروپا.
كه‌رتی وزه‌ی پاك وه‌ك نموونه‌یه‌كی ئاشكرا وه‌ربگره. به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی چین خێراتر داهێنان ده‌كه‌ن و ئۆتۆمبێلی كوالێتی به‌رز، زۆر هه‌رزانتر له كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنن، هه‌ندێك له ئۆتۆمبێله چینییه‌كان به ڕێژه‌ی 50% كه‌متر گرانن له هاوتا ئه‌مه‌ریكییه‌كانیان، چین نزیكه‌ی 60%ی فرۆشی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی له سه‌رانسه‌ری دنیادا پێكده‌هێنێت. به‌رهه‌مهێنه‌رانی پاتری و به‌رهه‌مهێنه‌رانی پانێڵی خۆر و كۆمپانیاكانی ئامێری وزه‌ی پاك له چین سوودی هاوشێوه‌یان هه‌یه.
له ئه‌مه‌ریكادا پشكی بازاڕی چین له ئۆتۆمبێله كاره‌باییه‌كان نزیكه له نه‌بوون. پێده‌چێت باجه‌كانی ئێسته و سنوورداركردنی تر ڕێگری له هه‌ر لێشاوێكی هاورده‌كردن له داهاتوودا بكه‌ن. له هه‌مان كاتدا به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئۆتۆمبێلی ئه‌وروپی، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له ئه‌ڵمانیا، به‌هۆی سیاسه‌تی په‌سندكردنی ناوخۆیی و توانای كێبه‌ركێی كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان له بازاڕی چیندا كه بۆ گه‌شه‌كردن پشتیان پێ به‌ستووه، تووشی فشار ده‌بن. له‌مدواییانه‌دا چین له بازاڕی ئه‌وروپادا ده‌ستی به گه‌شه كردووه. پشكی بازاڕی ئه‌وروپی ئۆتۆمبێله كاره‌باییه‌كانی چین له مانگی یه‌كی ساڵی ٢٠١٩دا، له سه‌دا سفره‌وه بووه به زیاتر له 11% له مانگی حوزه‌یرانی ٢٠٢٤دا.
دوابه‌دوای پێشه‌نگیی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وروپا له كۆتایی ساڵی ڕابردوودا باجی له‌سه‌ر ئۆتۆمبێله كاره‌باییه‌كانی دروستكراوی چین خسته‌ڕوو. ئه‌مه‌ش گه‌شه‌ی پشكی بازاڕی چینی خاو كرده‌وه، به‌ڵام ته‌نیا ڕاگرتنی به‌رزبوونه‌وه‌ی هاورده‌كردن، ڕه‌نگه كێشه‌كانی پیشه‌سازیی ئۆتۆمبێلی ئه‌وروپی چاره‌سه‌ر نه‌كات. بۆ پاراستنی هه‌لی كار و توانای به‌رهه‌مهێنان، پێده‌چێت ئه‌وروپا كراوه بێت بۆ وه‌به‌رهێنانی چینی له به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی له ئه‌وروپا. (به پێچه‌وانه‌وه، ڕوون نییه كه ئایا تره‌مپ پێشوازیی له‌و جۆره وه‌به‌رهێنانه ده‌كات، یان به‌رده‌وام ده‌بێت له قه‌ده‌غه‌كردنی ئۆتۆمبێله كاره‌باییه‌كانی چینی له بازاڕی ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی توانای به‌دواداچوونی جووڵه‌ی هاووڵاتییان یان داخستنی هاتوچۆ). ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا بیه‌وێت خۆی له ئۆتۆمبێله كاره‌باییه‌كانی چینی به‌دوور بگرێت، له‌وانه‌یه ناچار بێت تاكتیكێك له په‌كین قه‌رز بكات و داوا له كۆمپانیا چینییه‌كان بكات، بچنه ناو وه‌به‌رهێنانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌وروپییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیا بگوازنه‌وه.
چۆن به‌سه‌ر چیندا زاڵ بین؟
هێشتا ڕوون نییه ئایا ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێت پلاننامه‌ی خۆی له چین تێپه‌ڕێنێت یان نا. پێده‌چێت په‌كین توانای نزیكه‌ی بێ سنووری هه‌بێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه و ده‌ستكاریكردنی سیاسه‌تی بازرگانی و وه‌به‌رهێنان له خزمه‌ت ئامانجه درێژخایه‌نه‌كانیدا. له‌لایه‌كی تره‌وه یاسای كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان له واشنتن و یاسای چپس زانست، زیاتر ناجۆر بوون له هه‌نگاوه یه‌كه‌مه‌كانی ڕه‌وتێكی فراوانتر به‌ره‌و سیاسه‌تی پیشه‌سازیی گه‌وره‌تر، به له‌به‌رچاوگرتنی نائارامیی نێوان یاسادانه‌رانی كۆمارییه‌كان له‌باره‌ی په‌سندكردنیان. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ته‌نانه‌ت له كاتێكدا هه‌وڵ ده‌دات پیشه‌سازیی نیمچه ڕێبه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رز بكاته‌وه، تره‌مپ داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای چپس و زانستی كردووه كه یارمه‌تی بۆ به‌رهه‌مهێنانی نیمچه ڕێبه‌ره‌كان دابین ده‌كه‌ن. ئه‌و یارمه‌تییانه‌ی كه له یاسای كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵاوسانه‌وه دابین ده‌كرێن، پێده‌چێت ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی سیاسی ببنه‌وه.
مشتومڕێكی چالاك هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئایا كارگێڕی بایدن سوودێكی ته‌واوی به‌ده‌ست هێناوه له ده‌ره‌وه‌ی چه‌ند كه‌رتێكی سه‌ره‌كی؟. وه‌به‌رهێنانی ئه‌مه‌ریكا له بواری به‌رهه‌مهێناندا ئاستی به‌رز بووه‌ته‌وه و ده‌توانین بڵێین توانای پیشه‌سازی فراوانتر بووه؟. به‌ڵام وه‌ك ئابووریناس جه‌یسۆن فورمان له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا له كاروباری ده‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێ كردووه،"رێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له بواری به‌رهه‌مهێناندا كار ده‌كه‌ن، بۆ ده‌یان ساڵه له دابه‌زیندایه و نه‌یتوانیوه به‌ره‌و سه‌ره‌وه بچێته‌وه، به‌رهه‌می پیشه‌سازیی ناوخۆیی به‌گشتی له وه‌ستاندایه، به‌شێكیش به‌هۆی فراوانكردنی دارایی كه بایدن سه‌رپه‌رشتی كردبوو، بووه هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی تێچوونه‌كان، دۆلارێكی به‌هێزتر و ڕێژه‌ی سوودی به‌رزتر، هه‌موو ئه‌مانه بوونه‌ته هۆی دروستبوونی براوه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و كه‌رتانه‌ی به‌رهه‌مهێنان كه هیچ یارمه‌تییه‌كی تایبه‌تیان له یاساكه وه‌رنه‌گرت كه ئه‌و پاڵپشتیی ده‌كرد". له‌م مشتومڕه‌دا شتێك ڕوونه: سه‌رباری له‌و كه‌رتانه‌ی كه ئیداره‌ی بایدن پاڵپشتی ده‌كردن، وه‌ك كۆنداكته‌ر و وزه‌ی سه‌وز، پێمان ده‌ڵێت هێشتا ڕێگه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی جیهانی درێژ و نادیاره بۆ ئه‌مه‌ریكا.
ڕه‌نگه ئه‌مه‌ریكا وه‌ك ئه‌وانی تر یاریی پارێزه‌رگه‌رایی بكات، به‌ڵام به‌مزووانه هه‌ڵاوسان و به‌رزبوونه‌وه‌ی تێچووی ژیان و له‌ده‌ستدانی كار له پیشه‌سازییه‌كان، یان ئه‌و كه‌رتانه‌ی كه به‌هۆی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی وڵاتانی تره‌وه كاریگه‌رییان له‌سه‌ره، ده‌ست ده‌كات به گازگرتن لێمان. تره‌مپ پێی وایه دیوارێكی گومرگی یان تاریفه‌ی سه‌ر هاورده‌كراو (هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ش وه‌ك گڵۆپ داده‌گیرسێن و ده‌كوژێنرێنه‌وه)، هانده‌رێكی به‌هێزه بۆ كۆمپانیاكان بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی به‌رهه‌مهێنانه‌كانیان له ئه‌مه‌ریكا بێت، ده‌توانن دڵنیابن كه كاڵاكانیان باجیان له‌سه‌ر نابێت. به‌ڵام وه‌ك شتێكی گشتی، ئه‌و كۆمپانیایانه كه بیر له وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌ی پێویست ده‌كه‌نه‌وه بۆ هاندانی به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازی له ئه‌مه‌ریكا، به‌دوای ژینگه‌یه‌كی سیاسه‌تی پێشبینیكراودا ده‌گه‌ڕێن، نه‌ك ئه‌و باجانه‌ی كه به‌یانیان ده‌سه‌پێنرێن و له پاش نیوه‌ڕۆدا ده‌كێشرێنه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی په‌كین به‌هۆی سنوورداركردنه‌كانیه‌وه سه‌رزه‌نشت كرا، واشنتن هه‌مان به‌ربه‌سته‌كان داده‌نێت
تۆماری مێژوویی باجه‌كان كه هانده‌ری فراوانبوونی هه‌لی كاره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و وه‌به‌رهێنانه له ئه‌مه‌ریكا، یه‌كلاكه‌ره‌وه نییه. بۆ نموونه ئه‌و باجانه وه‌ربگره كه تره‌مپ له ساڵی ٢٠١٨‌دا به‌سه‌ر هاورده‌كردنی چینی‌دا سه‌پاندوویه‌تی. وه‌ك له توێژینه‌وه‌یه‌كی ساڵی ٢٠٢٤ی توێژه‌رانی بانكی فیدراڵی ئارۆن فلاین و جه‌ستن پیرس ده‌ریانخستووه، "زیادكردنی باجه‌كان كه له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٨ه‌وه ده‌رچووه، پێوه‌ندی به كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌یی دامه‌زراندن له به‌رهه‌مهێنانی ئه‌مه‌ریكا و زیادبوونی ڕێژه‌یی نرخی به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌وه هه‌یه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنیی بچووك له پاراستنی هاورده‌كردنه‌وه دروست ده‌كات". هه‌ندێك له لێكۆڵینه‌وه‌كان مه‌زه‌نده ده‌كه‌ن كه ٧٥ هه‌زار هه‌لی كار له بواری به‌رهه‌مهێنان له‌ده‌ستچوون له ئه‌نجامی ڕاسته‌وخۆی باجه‌كان، باسی زیانه زیاده‌كانی باجی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ناكه‌ین. هه‌روه‌ها شاره‌زایانی ئابووری بن ستیل و ئه‌لیزابێس هاردینگ، بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه به‌رهه‌مهێنان له پیشه‌سازیی پۆڵا له ئه‌مه‌ریكادا كه‌می كردووه، له كاتێكدا به‌رهه‌مهێنان له كه‌رته‌كانی تردا به‌رز بووه‌ته‌وه له‌و كاته‌وه‌ی تره‌مپ له مانگی ئاداری ٢٠١٨‌دا باجی 25%ی له‌سه‌ر هاورده‌كردنی پۆڵا سه‌پاندووه. به‌رهه‌مهێنانی له هه‌ر سه‌عاتێكدا له پیشه‌سازیی پۆڵا له ئه‌مه‌ریكا له ساڵی ٢٠١٧ه‌وه به ڕێژه‌ی 32% دابه‌زیوه.
ڕه‌نگه ڕێبازی تره‌مپ بۆ گواستنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان بۆ ئه‌مه‌ریكا به‌رهه‌می هه‌بێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه ڕوو بدات، حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت ڕێگه به كۆمپانیا بیانییه‌كان بدات كه به‌ڕاستی وه‌به‌رهێنانێكی له‌و شێوه‌یه بكه‌ن. هه‌ردوو بایدن و تره‌مپ دژی كۆمپانیای ژاپۆنی نیپۆن ستیل بوون كه كۆمپانیای ی‌و ئێس ستیل بكڕێت، داڕێژه‌رانی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا هێشتا مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئایا سندووقی وه‌به‌رهێنانی گشتیی سعوودیه، ده‌توانێت پشكێكی كۆنترۆڵكه‌ر له خولی PGA Tour به‌ده‌ست بهێنێت كه پاڵه‌وانێتییه‌كانی گۆڵفی ئه‌مه‌ریكی ڕێكده‌خات، ئه‌مه پیشه‌سازییه‌كه به زه‌حمه‌ت ده‌توانین بڵێین گرنگه.
ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وانی تر لاسایی چین ده‌كه‌نه‌وه، به‌شێكی زۆر له‌به‌رئه‌وه‌یه كه چین به شێوه‌یه‌ك چاوه‌ڕواننه‌كراو سه‌ركه‌وتووبوو. سه‌ركه‌وتنی له ئۆتۆمبێله كاره‌باییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیای پاكدا به‌هۆی ئازادكردنی سیاسه‌ته ئابوورییه‌كان نه‌بووه، به‌ڵكو به هۆی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ده‌وڵه‌ت بووه له بازاڕدا به ناوی ئامانجی ناسیۆنالیستییه‌وه. ئایا ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێت له گۆڕه‌پانی بازاڕی چیندا ڕكابه‌ری چین بكات یان نا، گرنگه ددان به ڕاستییه‌كی بنچینه‌یی بنرێت: ئه‌مه‌ریكا ئێسته تا ئاستێكی زۆر به‌پێی ستاندارده‌كانی په‌كین كار ده‌كات، به مۆدێلێكی ئابووری نوێ كه پارێزگاریخوازی، سنوورداركردنی وه‌به‌رهێنانی بیانی، یارمه‌تییه‌كان و سیاسه‌تی پیشه‌سازی كه جۆرێكه له سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیستی. له شه‌ڕی ئه‌وه‌ی كه كێ ده‌گاته ئه‌وه‌ی یاساكانی ڕێگه‌كه دیاری بكات، به‌ڵام شه‌ڕه‌كه كۆتایی هاتووه، لانیكه‌م بۆ ئێسته، چین سه‌ركه‌وت.
مایكڵ فرۆمان سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌یه. له ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٧ وه‌ك نوێنه‌ری بازرگانی ئه‌مه‌ریكا كاری كردووه و جێگری ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیش بووه بۆ كاروباری ئابووری نێوده‌وڵه‌تی له ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣.
وه‌رگێڕانی/ رامیار مه‌حموود