بەدواداچوونی نوێ‌.. ئاوەكە روون بووەتەوە و ئاستەكەیشی دابەزیوە

:: PM:07:16:19/04/2025 ‌
گەڕان بە دوای تەرمی مامۆستا ئاڤێستا بەردەوامە كە لە ڕۆژی پێنجی ئەم مانگەوە كەوتووەتە رووباری تەنگاتوور لە مێرگەسۆر، ئەوەی ئێستە ئومێدی بۆ دۆزینەوەی تەرمەكەی داوەتە ماڵبات و تیمەكانی بەرگریی شارستانی ڕوون بوونەوە و دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەكەیە. 

مامۆستا ئاڤێستا 
ئاڤێستا تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی شاری هەولێرە، بۆ سەیران لەگەڵ خێزانەكەی رۆژی پێنجی ئەم مانگە چووبوونە بارزان، بەڵام كەوتە ئاوی رووبارەكەوە و تا ئێستەیش بێ‌ سەروشوێنە. 

چیرۆكی ئاڤێستا هەموو كوردستانی تەنی، باوكی چەندان جار دووپاتی لەوە كردووەتەوە، ئێستە پرسەكە هی ئەوان نییە و هی هەموو خەڵكی كوردستانە. 

دەست بە دوعا و پاڕانەوە بۆ خوا، رۆژانە ماڵباتی ئاڤێستا دەچنە قەراخی رووبارەكە و چاوەڕوانی دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا دەكەن. 

دەڤەری بارزان 
لە دوای رووداوەكەی ئاڤێستاوە بە تەواوەی ئەوە سەلمێنرا كە خەڵكی دەڤەرەكە مرۆڤدۆستانە هاتنە پێشەوە و تا ئێستەیشی لەگەڵدا بێت ماڵباتەكەیان جێ نەهێشتووە، تەنانەت شوێنی مانەوە و پشوودانیان بۆ ماڵباتی ئاڤێستا رەخساند.

لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرۆك بارزانی سەردانی ماڵباتی ئاڤێستای كرد و هاوخەمی خۆی دەربڕی دووپاتی لەوە كردەوە، كولتووری هاوكاری و مرۆڤدۆستی لەو دەڤەرە لە لووتكە دایە، خەڵكی سنوورەكە هەمووان خۆیان بە خزمەتكار دەزانن بەرانبەر هەر تاكێكی كورد.

لەپێش ئەوەیشدا دووجار مەلا مستەفا بارزانی "شێخ بابۆ" سەردانی ماڵباتەكەی كرد. لە بەرانبەردا یوسف بەرزنجی كە باوكی ئاڤێستایە وێنەی كچەكەی لە سنگی سەرۆك و شێخ بابۆ دا. 

دوا زانیاری
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "وشە" تا ئێستە گەڕان بە دوای تەرمی ئاڤێستا بەشێوەیەكی فراوان لەلایەن تیمەكانی بەرگریی شارستانییەوە بەردەوامە. 

رەوەند هاودیانی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، ئەمڕۆ شەموو، 19ی نیسانی 2025، بە "وشە"ی گوت، ئومێدی زۆریان هەیە كە ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو تەرمەكە بدۆزنەوە، چونكە ئێستە ئاستی ئاوەكە دابەزیوە و ئاوەكەیش روون بووەتەوە. 

ئەو دووپاتی لەوە كردەوە، خەڵكی سنوورەكە هاوكارن بۆ دۆزینەوەی تەرمەكە. ئەو ئومێدێكی تری پێشاندا كە ئێستە پلەكانی گەرما بەرز بوونەتەوە و تیمەكان باشتر دەتوانن لە ئاودا بمێننەوە.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ئەوەیشی نەشاردەوە، تیمەكانیان لە رێی وشكانی و ئاوییەوە بەردەوامن لە گەڕان و "ڕێگری لە هیچ كەسێكیش ناكرێت ئەگەر بێت هاوكار بێت بۆ دۆزینەوە تەرمەكە، بەڵام لە ژێر چاودێریی بەرگریی شارستانیی سۆراندا".

پێشتر مامۆستا فەخرەدین بەرزنجی كە مامی ئاڤێستایە، بۆ "وشە" گوتی، رووداوێكی نەخوازراو بوو، كاتێك لە سەیران بوون لە دوای براكەی لە رووبارەكە ویستوویەتی بێتە دەرەوە، بەڵام دواتر نەیتوانیوە و ئاو بردوویەتی.

"ئاڤێستا گیان، جەرگی كاكەی، دڵم نایە لەوە زیاتر بنووسم، تەنیا داواكارم لە خوای گەورە بە هاناتەوە بێت، خزمان، دۆستان، ئازیزان تكایە دوعای خێرمان بۆ بكەن ئاڤۆ بدۆزرێتەوە". ئەمە پۆستی فەیسبووكی مامی ئاڤێستایە و داوای دوعای خێر دەكات.


وشە - وشه‌