ئاماژەكانی نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتنی پارتی و یەكێتی بۆ زوو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نەیارانی كوردی لە عێراق تەنگەتاو كردووە، لە پێشهاتێكی نوێدا رەیان كلدانی لە رێگەی چەند كەسێكی بەناو مامۆستای ناڕازییەوە، خەریكی جێبەجێكردنی پیلانی رێگرتنە لەو هەوڵانەی بەرەو سەقامگیریی زیاتری كوردستان دەنرێت.
رۆژی 16ی ئەم مانگە، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی كە لە زانكی ئەمەریكی بەڕێوە چوو، مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی چاویان بە یەكتر كەوت، زیاتر لە هەر كاتێكی تر نزیكبوونەوەی پێكهێنانی كابینەی 10ی لێ خوێندرایەوە، لە 17ی ئەم مانگەش كۆبوونەوەی شاندی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی بووە مایەی دانانی بەردی بناغەی پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی نوێ.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی ئێوارەی ئەمرۆِی چەند كەسێكی خانەنشین و بەناو مامۆستای ناڕازی لە سلێمانی، دژی پڕۆژەی "هەژماری من"، لە بنەڕەتدا لەسەر بڕیاری كلدانی بووە، تا لەو رێیەوە جارێكی تر هانی ئەو كەسانە بداتەوە، كە هێشتا نان و مووچەی چەور لەسەر ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دەخۆن.
لە زانیارییەكان ئاماژە بەوە دراوە، كلدانی لە رێگەی دڵشاد میرانی سەردەستەی بەرەی موقاوەمە و یەك دوو كەسی تر لەوانەی لە ماوەی رابردوو چەندین شەو لە ژێر خێوەت مانەوە و دواتر كە زانیان هیچیان بۆ ناكرێ و بافڵ تاڵەبانی پێی گوتبوون ئەو دەیەوێ لەگەڵ پارتی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم پێك بێنن و باشترە واز لەو مانگرتنە بێنن، هەوڵێكی نوێی دەست پێ كردووە.
"وشە"، لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدارەوە گەیشتووە بەوەی كلدانی لەم رۆژانە و دوای ئەوەی لە لایەن د. بەرهەم ساڵحەوە بانگهێشتی دیداری سلێمانی نەكرابوو، چونكە ئێستە ئەوانە گرووپێكی تیرۆریستین و لە لایەن ئەمەریكاوە لە هەر كاتێكدا بن دەكرێنە ئامانج، بۆیە بەكرێگیراوەكانی ئاگەدار كردووەتەوە كە نابێت بێدەنگ بن و چەندین ساڵە پارەیان بۆ دەنێرێت، رازی نییە بەو شێوەیە هاوكارییەكانیان بەردەوام بێت.
لای خۆیەوە عوسمان كەریم مامۆستایەكی سلێمانیە بە "وشە"ی گوت، ئێستە هەرێمی كوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێكی نوێی سیاسی و ئابوورییە و وڵاتانی زلهێز و ئەوروپا چاویان لە پێشكەوتنەكانی دوای پێكهێنانی كابینەی نوێیە، مووچە كەوتووەتەوە سەر سكە و دۆخی خەڵك باشتر دەبێت، بۆیە نامانەوێ لەمەولا زیاتر زیان بە ئایندەی قوتابیان بگات و ناچینە ژێر باری هیچ داواكارییەك كە ئەجیندای دەرەكی لە پشتەوە بێت.
باسی لەوەش كرد، مادەم ئێستە یەكێتی و پارتی بە ئاگەداریی بانكی ناوەندی و حكوومەتی عێراقەوە لەسەر "هەژماری من" رێككەوتوون، گرنگ ئەوەیە مانگانە مووچە بدرێت و پێشبینی دەكەم ئەمساڵ پرۆسەی خوێندن لە سنوورەكە بگەڕێتەوە سەر رێچكەی راستەقینەی خۆی.
وشە/ تایبەت