ترەمپ لەگەڵ ئێراندا بەرەو زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە کۆنەکە هەنگاو دەنێت

:: PM:03:53:20/04/2025 ‌
ئێران و ئەمەریکا لە ڕۆژی شەممەدا خولی دووەمی وتووێژی دیپلۆماسییان سەبارەت بە چالاکییە ناوکییەکانی تاران کۆتایی پێ هێنا، ئەجێندایەکیان دانا بۆ دانوستانە خێراکان کە بە گوێرەی بەرپرسانی ئێرانی، پێویستیی بە هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی بەرفراوانی کەرتی ئەتومیی وڵاتەکە نابێت.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ستیڤ ویتکاف، نوێنەری ترەمپ، ڕایگەیاند کە گرووپێکی پسپۆڕ لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆ دەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییە تەکنیکییەکان، لەوانە دیاریکردنی ئەو ئاستە هەرە بەرزەی کە ئێران دەتوانێت  پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا بکات، قەبارەی کەڵەکەبووی ناوکی کە دەتوانێت بیپارێزێت و چۆن پابەندبوون بە هەر ڕێککەوتنێک دەکرێت بە چاودێری پشتڕاست بکرێتەوە.

بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەو وەسفکردنەی دانوستانەکانی داهاتوودا، گریمانەیەک هەبوو کە ترەمپ ئامادە دەبێت پاشەکشە بکات لە پێداگرتنی سەرەتایی ئیدارەکە کە دەبێت هەموو شوێنە ناوکییە سەرەکییەکانی ئێران و جبەخانەی مووشەکە دوورهاوێژەکان ملکەچی ئەوە بن کە مایکڵ واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ترامپ، بە "هەڵوەشاندنەوەی تەواو" ناوی برد.

پرسیاری ئایا ڕێگە بە ئێران بدرێت توانای بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ناوکی بپارێزێت  کە مەترسی ئەوەی بتوانێت بەکاری بهێنێت بۆ دروستکردنی بۆمب، ئەمە بابەتێکە ڕاوێژکارانی ترەمپی تووشی دژبەری کردووە. ئەم ناکۆکییانە لە ڕۆژانی دواییدا بە ئاشکرا دەرکەوتوون، تەنانەت کاتێک کە ویتکاف، خاوەن موڵکێکی خانووبەرە و هاوڕێی سەرۆک، خۆی ئامادە دەکرد بۆ ئەو وتووێژانەی کە لە ڕۆژی شەممەدا بە ناوبژیوانیی عومان لە ڕۆما ئەنجام دران.

هەڵۆکانی کارگێڕیی واشنتن بە سەرکردایەتی واڵتز و مارکۆ ڕووبیۆی وەزیری دەرەوە، بەڵگەیان هێناوەتەوە کە زۆر مەترسیدارە ئێران توانای دروستکردنی سووتەمەنیی ناوکیی خۆی بهێڵیتەوە.

ڕازیبوون بە سنووردارکردنی ئەوەی کە ئێران چەند دەتوانێت یۆرانیۆمی هەبێت و چەند پیتاندن دەتوانێت ئەنجام بدات، ترەمپ دەخاتە بەردەم ڕەخنەی ئەوەی کە تەنیا لایەنە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی سەردەمی ئۆباما لە ساڵی ٢٠١٥ دووبارە دەکاتەوە، کە ناوی نابوو "کارەسات" و لە کۆتاییدا لە ساڵی ٢٠١٨ دا هەڵیوەشاندەوە.

بەرپرسانی ئێرانی گوتوویانە کە ژێرخانی ناوکی هەڵناوەشێننەوە یان لەناوی نابەن کە ملیاران دۆلاریان تێدا وەبەرهێناوە. ویتکاف بە شێوەیەکی تایبەت بە بەرپرسانی ئیدارەکەی گوتووە کە ئەگەر ئێمە پێداگری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواو بکەین، ئەگەری کەمە وتووێژەکان بە ڕێککەوتن بگات، ڕێکەوتنیش تەنیا ڕێگایەکە بۆ دوورکەوتنەوە لە هێرشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوەکانی ئێران، وەک ترەمپ گوتوویەتی. هاوکات ئیسرائیل فشار دەکات بۆ کاری سەربازی دژی شوێنە ناوکییەکانی ئێران، کە لەوانەیە وڵاتە یەکگرتووەکانی تێدا بەشدار بێت.
دوای کۆتاییهاتنی وتووێژەکان، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەکە ئاماژەی بە "پێشکەوتنی زۆر باش لە گفتوگۆ ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانماندا" کرد، واتە لایەنەکان هەم ڕووبەڕوو قسەیان کردووە و هەم لە ڕێگەی خانەخوێی عومانییانەوە قسەیان کردووە.

لە گفتوگۆ تایبەتەکانی پێش دانیشتنەکە، ئێرانییەکان بە بەرپرسانی ئەمەریکییان گوت کە ئامادەن ئاستەکانی پیتاندن کەم بکەنەوە بۆ ئەو ئاستانەی کە لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 دیاری کراون کە لەگەڵ ئیدارەی ئۆباما بەستراوە: 3.67 لەسەد، ئەو ئاستەی کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی وزەی ناوەکی.

لەوەتەی ترەمپ لەم ڕێککەوتنە کشاوەتەوە، ئێران بۆ ئاستی بەرزتر پیتاندنی کردووە کە نزیکەی 60 لەسەدی پوختەیە، کەمێک کەمتر لەوەی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی. ئەمەش دوو بژاردە دەداتە تاران، خێرا بەرەو بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بۆ چەک، یان دانوستان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستە سەرەتاییەکانی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 بڕوات.

بەڵام بژاردەی دووەم ترەمپ دەخاتە بەر ڕەخنەی ئەوەی کە دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنە دە ساڵەییەکە کە بە "کارەسات" ناوی برد و هەڵیوەشاندنەوە، تا ئێستە هیچ شتێکی باشتری بەدەست نەهێناوە.

بە گوتەی ئارۆن داڤید میلەر لە دامەزراوەی کارنیگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی" ئەوەی لە ڕۆما و عومان ڕوو دەدات، بە گاڵتەجاڕی و زیندووکردنەوەی شتێکە کە زۆر لە ڕێککەوتنە کۆنەکە دەچێت" کە ئۆباما پەسندی کرد و ترامپ بێڕێزی پێکرد .لەوانەیە باشترین شت بێت کە ترەمپ دەتوانێت بەدەستی بهێنێت. 

ویتکاف ڕێگەی بۆ ڕێککەوتنێکی لەم جۆرە خۆش کرد، کە لە چاوپێکەوتنێکدا لە ڕۆژی سێشەم بە ڕێککەوتنێکی گریمانەیی وەسفی کرد کە لە بنەڕەتدا ڕێگە بە ئێران دەدات لە ئاستی نزمدا سووتەمەنیی ناوکی بەرهەم بهێنێت، لە ژێر پشکنین و چاودێریی وردا. پاشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە کە هەڵوێستی ئەمەریکا ئەوەیە کە "ئێران دەبێت پرۆگرامی پیتاندنی ناوکی و چەکدارکردنی خۆی ڕابگرێت و نەیهێڵێت.

ویتکاف دوای کۆتاییهاتنی دانوستانەکان - خولی دووەم لە دوو هەفتەدا - قسەی نەکرد. بەڵام عومان گوتی دانوستانە تەکنیکییان لە مەسقەتی پایتەختەکەی ئەنجام دەدرێن.

کاتێک لەم هەفتەیەدا پرسیاریان لێکرا ئایا وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانێت لەگەڵ ئەوەدا بژی کە ئێران توانای سنوورداری پیتاندنی ناوکی هەبێت، بەرپرسانی ئەمەریکی خۆیان لە پرسیارەکە دزیەوە و تەنیا گوتیان کە ترەمپ بەڵێنی داوە کە ڕێگە نادات ئێران چەکی ناوکی هەبێت.
ویتکاف ئێستە دەبێت ترەمپ و هاوکارەکانی ئیدارەکەی لەبارەی دواین خولی وتووێژەکان ئاگادار بکاتەوە. بەرپرسانی ئاگادار بە گفتوگۆی ناوخۆ دەڵێن کە واڵتز و ڕۆبیۆ، هەردووکیان ڕەخنەگری توندی ڕێککەوتنەکەی سەردەمی ئۆباما بوون کاتێک لە کۆنگرێس خزمەتیان کردووە، هێشتا دژی بەجێهێشتنی ئێرانن بە هەر توانایەکی بەرهەمهێنانی ناوکی.

ڕۆبیۆ ڕۆژی هەینی لە گەشتێکدا بۆ پاریس ، گوتی هەر ڕێککەوتنێک بکرێت دەبێت ئێران لە خاوەندارێتی چەکی ناوکی دوور بخاتەوە. "دەبێت شتێک بێت کە نەک تەنها ڕێگری لە ئێران بکات لە هەبوونی چەکی ناوکی لە  ئێستەدا بەڵکوولە داهاتووشدا نابێت دەستی پێ بگات".
عەلی واعز، بەڕێوەبەری ئێران لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، گوتی کە پێشکەوتنی وتووێژەکان بۆ قۆناغی تەکنیکی ئاستێکی پراگماتیزم پێشان دەدات، ئاماژە بەوە دەکات کە باسکردنی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ناوکیی ئێران زیاتر هەڵوێستگرتنی گشتی بووە.
ئێران ئەگەری پڕۆژەیەکی هاوبەشی خستۆتە ڕوو بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی پیتاندنی ناوکی، بژاردەیەک کە ڕێگە بە ئیدارەی ترەمپ دەدات ڕای بگەیەنێت کە جۆرێکی جیاوازی ڕێککەوتنی لەچاو ئیدارەی ئۆباما ئەنجامداوە.

بەگوێرەی واعز و بەرپرسێکی باڵای ئێرانی کە ئاشنایە بە گفتوگۆکان. بەرپرسەکە ڕەتی کردەوە ناوی بهێنرێت بەهۆی هەستیاری وتووێژەکان  و گوتی ڕوون نییە کە ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان یان وڵاتێکی سێیەم، باشتر وایە یەکێک لە دراوسێ عەرەبەکانی ئێران بێت لە کەنداوی فارس بێتە هاوبەش تا ئاستێکی زیاتری دڵنیایی پێشکەش بکات کە پرۆگرامەکەی ئێڕان ئاشتیخوازانەیە.

بەرپرسە باڵاکەی ئێران هەروەها گوتی کە ئێران ئامادەیە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێندراوی بگوازێتەوە بۆ ڕووسیا یان وڵاتێکی دیکە، هەروەک لە سەرەتای ساڵی 2016 کردی کاتێک ڕێککەوتنەکەی سەردەمی ئۆباما کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێران لەوەتەی بە شێوەیەکی بەرچاو قەبارەی ئەو کۆگایەی زیاد کردووە، و بڕی پێویستی هەیە لە ماددەی 60%ی پیتێندراو بۆ دروستکردنی زیاتر لە شەش بۆمبی ناوکی، ئەگەر بیهەوێت مادەکە بکاتە چەک.

ئێستە بە پێچەوانەی دانوستانەکانی ساڵی 2015، فڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ڕووسیا و چین لەم دانوستانانە دوورخراونەتەوە.
عێراقچی بە میدیای ئێرانی گوت لە گەڵ ئەمەریکییەکان هیچ باسێکی دیکەیان نەهێناوەتە پێشەوە لە دەرەوەی بەرنامەی ناوکی. ئەو گوتبووی "پێمان گوتوون کە دانوستانەکانمان لەبارەی پرسی ناوکییە و هیچ شتێکی دیکە گفتوگۆ ناکەین".

حەمید ئەبووتالبی، دیپلۆماتکارێکی پێشوو و ڕاوێژکاری سیاسیی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لە تارانەوە گوتی کە نیشانەیەکی ئەرێنییە کە وتووێژەکان بەرەو پێشەوە دەچن، بەڵام چەندین ئاستەنگ ماون پێش ئەوەی ڕێککەوتنێک بەدەست بهێنرێت.

"ئاستەنگی ڕاستەقینە وردەکارییە تەکنیکییەکان نین؛ ئێمە پێشتر دانوستانمان لەسەر ئەم وردەکارییانە کردووە. بەرپرسانی ئێرانی و هەندێک بیرمەندی پارێزگاریخواز وێنەیەکی ئاڵای بچووکی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانیان بڵاو کردەوە کە لە تەنیشت یەکتر لەسەر مێزێک دانراون، کە جیاوازە لە سووتاندنی ئاڵای ئەمریکا کە بووەتە شتێکی سەرەکی لە خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی حکوومەت.

سەرچاوە\نیویۆرک تایمز
وەرگێڕانی\وشە



وشە - تایبه‌ت