شارەزایان دەڵێن بەربژێرێكی سەرەكی لە ئارادا نییە، بەڵكو چەندان ناو ئاماژەیان پێ كراوە وەك پێشاندەری ئەو ئاراستەیەی كە كەنیسەی كاتۆلیكی ڕۆمانی لەوانەیە وەریبگرێت. گریمانەكان لەبارەی ئەوەی كێ دەبێتە پاپای كاتۆلیكی ڕۆمانی داهاتوو، زۆرجار نادروست دەردەچن. پێش هەڵبژاردنی پاپا فرانسیس لە ساڵی ٢٠١٣، زۆر ئەویان تەنانەت لەناو بەربژێرە سەرەكییەكانیشدا دانەنابوو.
ئەمجارە پێشبینییەكان زیاتر ئاڵۆزن، چونكە فرانسیس لە ماوەی دەسەڵاتی لە ماوەیەكی كورتدا، چەندان كەسی دەستنیشان كرد، كۆلێژی كاردیناڵەكانی فرەچەشن كرد و ناسینەوەی بزووتنەوەكان و فراكسیۆنەكانی ناو گروپەكەی ئەستەمتر كرد. هێشتا گفتوگۆی ناوە ئەگەركراوەكان لە مێژە لە پشت دیوارەكانی ڤاتیكانەوە دەستی پێ كردووە، چاودێران چەندان ئەگەر پێشبینی دەكەن. هەندێكیان وای دەبینن كە لەسەر بەرنامەی پێشكەوتنخوازی فرانسیس كەسێك دانانێن، لە كاتێكدا هەندێكی تر گەڕانەوە بۆ شێوازێكی نەریتیتر پێشبینی دەكەن. پسپۆڕان هەروەها پێشنیار دەكەن كە كۆلێژەكە ڕەنگە پەسندی كەشیشێك یان قەشەیەك بكات كە ئەزموونی لە ئاڵۆزییەكانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا هەبێت.
ئەمانەش هەندێك لە بەربژێرەكانن:
پیەرباتیستا پیتزابالا
پیەرباتیستا پیتزابالا تەمەنی ٦٠ ساڵە، ئیتاڵییە كە بەرپرسی باڵای ڤاتیكانە بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك بەربژێرێكی سەرەكی ئەگەركراو دادەنرێت. ئەگەرچی تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣ بووە كاردیناڵ، ئەزموونی لە یەكێك لە ناوچەكانی ململانێی هەرە گەرمی دنیادا یارمەتی دا بگاتە پێگەیەكی بەرچاو.
كاردیناڵ پیتزابالا دەبێتە یەكەم پاپای ئیتاڵی لە دوای جۆن پۆڵی یەكەم لە ساڵی ١٩٧٨، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن وەك كەسایەتییەكی نێودەوڵەتی دادەنرێت و لە سیاسەتی ڤاتیكان دوورە، چونكە بەشی زۆری پیشەكەی لە قودس بەسەر بردووە. هەروەها بەگشتی خۆی دوور ڕاگرتووە لە مشتومڕە مەزەوییەكان، كە پسپۆڕان دەڵێن لەوانەیە ئەمە یارمەتی بدات زۆرینەی دوو لەسەر سێی پێویست لە كۆلێژی كاردیناڵەكاندا مسۆگەر بكات، ئەگەرچی هەندێك پێیان وایە لەوانەیە زۆر گەنج بێت بۆ ئەو ڕۆڵە.
پیێترۆ پارۆلین
كاردیناڵ پیێترۆ پارۆلین تەمەنی ٧٠ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١٣ەوە جێگری پاپا فرانسیس بووە، كاتێك فرانسیس كردی بە سكرتێری دەوڵەت. لەو پێگەیەدا كاردیناڵەكە بەرپرسیارە لە سەرپەرشتیكردنی كاروباری ناوخۆی كەنیسە و ڕێنوێنیكردنی سیاسەتی دەرەوە.
ئیتاڵییەكی هێمن و ناوەندگیرە، كاردیناڵ پارۆلین بە قووڵی ئاشنایە بەكارگێڕی ناوەندی كەنیسە، هەروەها تۆڕی بەرفراوانی نێودەوڵەتی ڤاتیكان، دوای ئەوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ وەك دیپلۆمات و جێگری سكرتێر لە دەستەی سەربە ڤاتیكان خزمەتی كردووە كە سەرپەرشتیی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی ڤاتیكان دەكات. شارەزایە لە زمانەكانی ئینگلیزی، فڕەنسی، ئیتاڵی و ئیسپانی، لە كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكاندا لەسەر ململانێی ئیسرائیل- فەلەستین، گۆڕانی كەشوهەوا و بازرگانی بە مرۆڤەوە قسەی كردووە.
هەروەها پسپۆڕی ئاسیایە، چاودێرانی ڤاتیكان بە مێشكی پلانداڕێژەری پێشكەوتنەكانی دەزانن كە ڤاتیكان لە ساڵانی دواییدا لە دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ چین و ڤێتنام بەدەستی هێناوە.
فریدۆلین ئامبۆنگۆ
كاردیناڵ فریدۆلین ئامبۆنگۆ تەمەنی ٦٥ ساڵە، سەرۆكی قەشەكانی پایتەختی كۆماری دیموكراتی كۆنگۆیە، لەو كاتەوە كە فرانسیس لە ساڵی ٢٠١٩ كردی بە كاردیناڵ، وەك بەربژێرێكی ئەگەركراو دانراوە.
پاپا فرانسیس لە مێژە داوای لە كەنیسەی كاتۆلیكی كردووە "بڕۆنە پەراوێزەكان"، مەبەستی كۆمەڵگەكانی ئەفریقا و ئاسیایە كە كەنیسە تێیاندا چالاكترینە. پرسیارێكی بەردەوام ئەوە بووە كە كەی كەنیسەكە ئەو پابەندبوونە بەهێز دەكات بە هەڵبژاردنی پاپایەك لە ئەفریقا. كاتۆلیكەكان نزیكەی 18%ی دانیشتووانی كیشوەرەكە پێكدەهێنن، لە هەر بەشێكی تری دنیا زیاتر قوتابیانی ئاینی بەرهەم دەهێنن.
پاپا فرانسیس، ئەرجەنتینی، یەكەم كەسی غەیرە ئەوروپی بوو بۆ ڕابەرایەتیكردنی كەنیسەكە لە دوای ساڵی ٧٤١. تەنانەت بەم شێوەیەش، فرانسیس لە خێزانێك بوو كە ڕەچەڵەكی ئیتاڵی هەبوو. هێشتا پارادۆكسێكی تایبەت هەیە لە هەڵبژاردنی هەر جێگرەوەیەك لە ئەفریقا. لە كاتێكدا دەبێتە شكاندنی نەریت، هەرەمی كاتۆلیكی لە ئەفریقا لە نێوان پارێزگارترینەكانە.
كاردیناڵ ئامبۆنگۆ نزیك بووە لە پاپا فرانسیس، یەكێكە لە نۆ ئەندامی گرووپێكی ڕاوێژكاری ناسراو بە ئەنجوومەنی كاردیناڵەكان، بەڵام كاردیناڵەكە ڕابەرایەتیی دژایەتیی بڕیاری ساڵی ٢٠٢٣ی فرانسیسی كرد كە كەنیسەكە دەبێت داوای نزای خێروبەرەكەت بۆ جووتە هاوڕەگەزەكان بكات.
لویس ئەنتۆنیۆ تاگلە
لویس ئەنتۆنیۆ تاگلە تەمەنی ٦٧ ساڵە، كاردیناڵێكی لایەنگری لیبراڵە و فلیپینییە و ڕاڤەكاران ناویان ناوە "فرانسیسی ئاسیایی"، بۆ چەندان ساڵ وەك بەربژێرێكی سەرەكی بۆ پاپا بوون دانراوە.
لەلایەن پاپا بێنێدیكتی شانزەیەمەوە لە ساڵی ٢٠١٢ كرا بە كاردیناڵ و دەبێتە یەكەم پاپا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. هاوڕێی فرانسیس بووە یارمەتیی ئامادەكاری گەشتەكانی بۆ ئاسیا داوە، لەوانەش گەشتێكی ماندووكەری ١١ ڕۆژی بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و زەریای هێمن لە هاوینی ٢٠٢٤. هەروەها لە ناوچەیەكی دنیاوە دێت كە كاتۆلیسیزم تێیدا ڕۆڵێكی بەرچاو دەگێڕێت.
كاردیناڵ تاگلە مامەڵەی لەگەڵ هەندێك لە بابەتە هەرە جێ مشتومڕەكانی كەنیسە كردووە، وەك بەشداریكردنی كەسانی هاوڕەگەزباز. هەروەها بە نوێنەری مەسیحایەتیی دەرەوەی ئەوروپا سەنتەر دادەنرێت.
ماتیۆ زوپی
كاردیناڵ ماتیۆ ماریا زوپی لە ئیتاڵیا تەمەنی ٦٩ ساڵە، لە نێوان بەربژێرەكاندا بەرچاو دەكەوێت كە بۆچوونی فرانسیس تێیدا ڕەنگ دەداتەوە، بەوەی كەنیسە دەبێت نوێنەرایەتیی هەژاران بكات و پشتگیرییان بكات.
فرانسیس ئەم ڕۆماییە پێشكەوتنخوازەی لە ساڵی ٢٠١٩ بەرز كردەوە بۆ پلەی كاردیناڵ و چەندان ئەركی گرنگی پێ سپارد. هەندێك پسپۆڕ گریمانەی ئەوە دەكەن كە فرانسیس ئەگەری هەیە ئەوی بە جێگرەوەی خۆی پەسند كردبێت، ئەگەرچی پاپا هەرگیز بە ئاشكرا قسەی لەسەر ئەو بابەتە نەكردووە.
كاردیناڵ زوپی پێوەندیی نزیكی لەگەڵ سانت-ئێگیدیۆ هەیە، كیومتییەكی كاتۆلیكییە كە بە خزمەتكردنی هەژاران و چارەسەركردنی ململانێ ناسراوە. بەردەوام بووە لە كاركردن لەگەڵ كەسانی هەژار و كۆچبەران. گوتوویەتی. "مەسیح بانگمان دەكات كە ڕوومان وەرنەگێڕین."
لە ساڵانی دواییدا فرانسیس كاردیناڵ زوپی بۆ ڕۆڵی سەرەكی نوێنەر بۆ كاروباری ئۆكرانیا دەستنیشان كرد. هەروەها بەخێرهاتنی كاتۆلیكە هاوڕەگەزخوازەكانی كردووە، وتاری پێشەكی بۆ وەشانی ئیتاڵی كتێبی ٢٠١٧ی كەشیش جەیمس مارتین "بنیاتنانی پردێك" نووسیوە، كە داوای لە كەنیسە كرد ڕێگەی نوێی شوانایەتی بدۆزێتەوە بۆ خزمەتكردنی كەسانی هاوڕەگەزخواز.
پیتەر ئێردۆ
كاردیناڵ پیتەر ئێردۆ لە هەنگاریا ٧٢ ساڵە، چاوەڕوان دەكرێت بەربژێرێكی سەرەكی بێت لە نێوان كاردیناڵەكاندا كە ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ پارێزگاری پاپا جۆن پۆڵی دووەم و بێنێدیكتی شانزەیەم هەیە.
جۆن پۆڵی دووەم لە ساڵی ٢٠٠٣ كڵاوی كاردیناڵی پێ دا، لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا گەنجترین كاردیناڵ بوو لەو كاتەدا. كاردیناڵ ئێردۆ وەك دیپلۆماتێكی ژیر دادەنرێت، توانای بنیاتنانی پردی لەگەڵ كاتۆلیكەكان لە ئەمەریكای لاتین و ئەفریقا هەیە و زۆرباشە لە پێوەندیكردن لەگەڵ گرووپە ئاینییەكانی تر. زۆرجار بەشداریی یادی هۆلۆكۆستی كردووە، ڕابەرانی جوو دەڵێن، پشتگیریی ئەو گرنگ بووە لە كاتێكدا كە ڕاستڕەوی توندڕەو بەرەو هەڵكشانە و دژایەتیكردنی جوو لە هەنگاریا پەرەی سەندووە. هەروەها چەندان كتێبی نووسیوە، زمانەكانی ئینگلیزی، فڕەنسی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، ڕووسی و ئیسپانی دەزانێت، كە تواناییەكی زمانەوانیی پێ دەدات بۆ خزمەتكردنی جەماوەری جیهانی.
ئاندێرس ئاربۆرێلیوس
ئاندێرس ئاربۆرێلیوس لە ستۆكهۆڵم ٧٥ ساڵە، یەكەمین كاردیناڵی كاتۆلیكی سویدە. ئەگەرچی سوید پێشتر لوسەری بووە و ئێستە تا ئاستێك عەلمانییە، یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەوروپا كە كەنیسەی كاتۆلیكی ڕۆمانی لە ساڵانی دوایی تێیدا گەشەی كردووە. بەرزكردنەوەی كاردیناڵەكە لەلایەن فرانسیسەوە لە ساڵی ٢٠١٧، وەك هەوڵێكی تر بینرا بۆ پێوەندیكردن بە وڵاتانێك كە كاتۆلیكەكان تێیاندا كەمینەن.
لە چاوپێكەوتنێكی دواییدا، كاردیناڵ ئاربۆرێلیوس گوتی، گەورەترین ئاڵنگارییەكانی بەردەم كەنیسە، بریتی بوون لە بنیاتنانی پرد لە دنیایەكی جەمسەرگیر و پێدانی كاریگەریی زیاتر بە ژنان لەناو كەنیسەدا، یارمەتیدانی خێزانەكان بۆ گواستنەوەی باوەڕەكە. هەروەها هۆشداریی دا لە ڕەوتە سیاسییەكان كە لەوانەیە كەنیسەكە دابەش بكەن. "دەتوانێت مەترسییەك بێت لە هەندێك بەشی كەنیسەدا كە لەسەر بابەتی جیاواز دابەش ببیت". گوتی "نابێت پارت دروست بكەین لەناو كەنیسەی كاتۆلیكیدا."
نیویۆرك تایمز
وشە