پلانەکان بۆ گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان لە ماوەی سێ هەفتەدا هیوای پێکهێنانی ڕێککەوتنێکی ناوکی لەگەڵ ئێران زیاد کردووە، کە دەکرێت پێش بە ململانێیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێت. ترەمپ گوتی کە باوەڕی وایە ڕێککەوتنێک لە بەردەستدایە.
گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە چالاکییە ناوکییەکانی تاران بۆ ئەمڕۆ شەممە بەرنامەی بۆ دانراوە، کە هیوای پێکهێنانی ڕێککەوتنێکی نوێی بەرز کردووەتەوە کە دەکرێت پێش بە ململانێیەکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت.
" ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایم کە ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە گوتی پێم وایە ئێمە دەتوانین ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەین. هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت ئەوە بکات". ترەمپ ڕێککەوتنێکی ناوکیی پێشتری لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2018 لە ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتی خۆیدا هەڵوەشاندەوە و گوتی ئەوە ڕێککەوتنێکی ناتەواو بوو.
گفتوگۆکان ئەگەری داڕشتنەوەی ئاسایشی هەرێمی و جیهانییان هەیە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ئەگەری هێرشێکی ئیسرائیلی بە پشتگیریی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران و ڕێگریکردن لە ئێران لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی. ڕێککەوتنێک کە دەتوانێت چوارچێوەی ئابووری و سیاسی ئێران بگۆڕێت لە ڕێگەی کەمکردنەوەی سزاکانی ئەمەریکا و کردنەوەی وڵات بەڕووی وەبەرهێنەرانی بیانی.
ئەمە ئەوەیە کە پێویستە بیزانیت:
•ئەمڕۆ شەممە ڕوودەدات؟
•چی لەمەحەک دەدرێت؟
•چی لە گفتوگۆکانی پێشوودا ڕوویدا؟
•خاڵە ناکۆکەکان چین؟
•چۆن گەیشتینە ئێرە؟
•دواتر چی دێت؟
ئەمڕۆ شەممە چی ڕوودەدات؟
ستیڤ ویتکاف، نێردراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ترەمپ؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و تیمەکانی پسپۆڕی تەکنیکی لە هەر دوو لایەن لە عومان کۆ دەبنەوە، کە نێوەندگیریی گفتوگۆکان دەکات.
ئەم گەڕە "گفتوگۆی پسپۆڕان" لەخۆ دەگرێت، کە تیمە ناوکی و داراییەکان لە هەر دوو لا کۆ دەکاتەوە بۆ باسکردنی وردەکارییە تەکنیکییەکان. ئەمانە دەکرێت بابەتەکانی وەک چاودێریکردنی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، ئاستەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و چی ڕوو دەدات سەبارەت بە کۆگەکانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی، لەگەڵ کەمکردنەوەی سزاکان.
ترەمپ خۆی ئامانجی دانوستانەکانی وەک ڕێگریکردن لە ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی پێناسە کردووە، بەڵام بەرپرسانی حکوومەتەکەی پەیامی تێکەڵاویان لەسەر ئەوە هەیە. گفتوگۆکانی ئەمڕۆ شەممە دەکرێت یارمەتیی ڕوونکردنەوەی چوارچێوەی ڕێککەوتنێک بدات.
چی لەمەحەک دەدرێت؟
ڕێککەوتنێکی ناوکی نوێ دەکرێت بە مەرجێک ململانێیەکی بەرفراوانتر لە نێوان ئێران و ئیسرائیل و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای نەخات یان پێشی پێ نەگرێت. ئیسرائیل و ئێران لەوەتەی شەڕی غەززە لە ساڵی 2023 دەستی پێ کردووە، هێرشی ڕاستەوخۆیان کردۆتە سەر یەک.
هەفتەی ڕابردوو، نیویۆرک تایمز ڕاپۆرتی دا کە ئیسرائیل پلانی هێرشکردنە سەر شوێنە ناوکییەکانی ئێرانی بۆ مانگی داهاتوو داناوە، بەڵام لە لایەن ترمپەوە ڕێگری لێ کرا، کە دەیویست لە جێگەی ئەوە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران بکات .ترەمپ، لە چاوپێکەوتنەکەی تایمدا، گوتی کە ڕێگری لە هێرشەکەی ئیسرائیل نەکردووە.
ئەو گوتی "بەڵام من ئەوم بۆ ئاسوودە نەکرد، چونکە پێم وایە دەتوانین ڕێککەوتنێک بکەین بەبێ هێرش. هیوادارم بتوانین، لەوانەیە پێویستیش بکات هێرش بکەین."
ئێران یۆرانیۆمی تا نزیکەی 60% پیتاندووە، کە کەمێک لە ئاستەکانی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەک کەمترە. بەپێی چاودێری ناوکیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، ئەوەندەی کۆکردووەتەوە کە بەسە بۆ دروستکردنی چەند بۆمبێک ئەگەر بیهەوێت چەکداری بکات بەرنامە ناوکییەکەی.
ئێران دەڵێت بەرنامە ناوکییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی گوتوویەتی کە نیشانەی چەکداریکردنی نەدۆزیوەتەوە.
ئێران گوتوویەتی ئەگەر هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی بە توندی وەڵام دەداتەوە و بیر لە دەرچوون لە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بڵاونەبوونەوەی چەکی ناوکی دەکاتەوە. هاوکات ئابووریی ئێران و داهاتووی دانیشتووانە 90 ملیۆن کەسەکەی لەسەر هێڵن.
ساڵانی سزاکان هەڵاوسانی بەردەوامی دروستکردووە - کە بە خراپ بەڕێوەبردنی ئابووری و گەندەڵی خراپتر بووە. ئێستە زۆرێک لە ئێرانییەکان دەڵێن هەست دەکەن لە خولی داکشاندا گیریان خواردووە و هیوادارن کە ڕێککەوتنێکی ئەمەریکا-ئێران یارمەتی بدات.
چی لە گفتوگۆکانی پێشوودا ڕوویدا؟
گەڕی یەکەمی گفتوگۆ ناوکییەکان دوو هەفتە لەمەوبەر لە عومان بوو، دوای ئەوە گەڕی دووەم هەفتەی ڕابردوو لە ڕۆما بەڕێوەچوو.
هەردوو لا گوتوویانە کە دانوستانەکان بنیاتنەر بوون و بەرەو ئاڕاستەی دروست چوون.
بەرپرسانی ئێران گوتوویانە کە ئامادەن ئاستەکانی پیتاندن بۆ ئەو ئاستانە کەم بکەنەوە کە لە ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی 2015 لەگەڵ حکومەتی ئۆباما دیاریکراون و رێژەکەی بریتییە لە 3.67% .
خاڵە ناکۆکەکان چین؟
پرسیاری ئەوەی کە ئایا ڕێگە بە ئێران بدرێت بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم، ڕاوێژکارەکانی ترەمپی دابەش کردووە.
ویتکاف باسی ڕێککەوتنێکی ئەگەرکراو کردووە کە ڕێگە بە ئێران دەدات یۆرانیۆم بە ئاستە نزمەکان بپیتێنێت کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بۆ وزە، لەگەڵ چاودێریکردن.
بەڵام لە چاوپێکەوتنێکی پۆدکاستدا ئەم هەفتەیە، وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیۆ پێشنیاری کرد کە ئێران دەتوانێت بەرنامەیەکی ناوکی شارستانی هەبێت بەبێ پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆدا ، لە ڕێگەی هاوردەکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو، وەک ئەوەی وڵاتانی تر دەیکەن.
مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، گوتوویەتی کە وڵاتە یەکگرتووەکان بەدوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامەی ناوکی ئێرانەوەیە، هەڵوێستێک بۆ ئێران قابیلی دانوستان نییە.
بەپێی گوتەی عێراقچی، وەزیری دەرەوە ئێران بانگهێشتی وڵاتە یەکگرتووەکانی کرد کە وەبەرهێنان لە بەرنامە ناوکییەکەیدا بکات و یارمەتی بدات بۆ دروستکردنی 19 وێستگەی ناوکیی زیاتر وەک ڕێوشوێنێکی زیادەی ئاسایش.
عێراقچی لە وتارێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردەوە گوتی دەرفەتی تریلیۆن-دۆلاری کە ئابوورییەکەمان پێشکەشی دەکات لەوانەیە بۆ کۆمپانیاکانی ئەمریکا کراوە بێت". "ئەمە ئەو کۆمپانیانە دەگرێتەوە کە دەتوانن یارمەتیمان بدەن کارەبای پاک لە سەرچاوەی نا-هایدرۆکاربۆنی بەرهەم بهێنین."
ڕەزامەندی لەسەر سنووردارکردنی ئەوەی کە ئێران چەند یۆرانیۆمی پیتێندراو دەتوانێت هەیبێت و تا چ ئاستێک دەتوانێت بیپیتێنێت، ترەمپ بەرەوڕووی ڕەخنە دەکاتەوە کە تەنیا لایەنە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی ناوکی سەردەمی ئۆباما دووبارە دەکاتەوە.
شرۆڤەکاران دەڵێن هەندێک ڕێوشوێن بۆ باشترکردنی ڕێککەوتنە کۆنەکە دەکرێت وەک چاودێریکردنێکی توندتری چالاکییە ناوکییەکانی ئێران، پڕۆژەی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوە ناوکییەکان و بەردەوامکردنی گەرەنتییەکانی ئێران.
چۆن گەیشتینە ئێرە؟
هەردوولا بە متمانەیەکی قووڵەوە هاتنە ناو دانوستانەکانەوە.
ڕێککەوتنەکەی پێشوو لە نێوان ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکان و هێزە جیهانییەکانی تر بە پلانی کاری هەمەلایەنەی هاوبەش ناودەبرا.
ڕێوشوێنەکانی خستە کار بۆ ڕێگریکردن لە ئێران لە چەکدارکردنی بەرنامە ناوکییەکەی لە ڕێگەی سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە 3.5%، گواستنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ ڕووسیا و ڕێگەدان بە کامێراکانی چاودێری و پشکنینەکان لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکییەوە.
کۆمپانیا ئەوروپییەکان لە ئێران کشانەوە و بانکەکان وازیان لە کارکردن لەگەڵ ئێران هێنا، لە ترسی سزاکانی ئەمریکا.
نزیکەی ساڵێک دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە، ئێران، کە هیچ سوودێکی دارایی نەبینی، لە پابەندبوونەکانی دوورکەوتەوە و ئاستەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاد کرد، بەرەبەرە گەیشتە 60%.
دواتر چی دێت؟
تا ئێستا وا دیارە ویستی سیاسی لە هەردوو لا هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ.
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران، کە لە ڕابردوودا ڕێگری لە دانوستان لەگەڵ ترەمپ کردبوو، ڕەزامەندی لەسەر گفتوگۆکان دا و گوتی تیمی دانوستانکار پشتگیری ئەوی هەیە.
بەڵام گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بەڕاستی ڕۆشن نییە.
گفتوگۆکان هێشتا دەکرێت لە ئاستی تەکنیکیدا تێکبشکێن، کە سەختترین بەشی دانوستانەکانی پێشوو بوو.
هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕێککەوتنێکی کاتی بکرێت بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم تا ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی دادەڕێژرێت.
سەرچاوە\نیویۆرک تایمز
وەرگێڕانی\وشە