كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە كابینەی پڕۆژە ستراتیجییەكان دەناسرێت، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن رای گەیاند، لەم كابینەیەدا 594 پڕۆژەی رێگەوبان تەواو كراون.
لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی بڕیاری لەسەر چەندان پڕۆژەی ستراتیجی دا، بەتایبەت لە بواری رێگەوبان كە شادەماری ئابووری هەر وڵاتێكن، لەگەڵ ئەوەشدا لە بوارەكانی تر چەندان پڕۆژەی گەورەی نیشتمانی دەست پێ كرا، ئەوە جگە لەوەی رۆتین كەم كرایەوە، گەندەڵی لاواز كرا، چاكسازی لە دامەزراوەكاندا جێبەجێ كرا.
ئاگرین عەبدوڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم لە بواری رێگەوبان كاری رژدی كرد، ئەو كارانەش بوونە هۆی گەشانەوەی كوردستان، چونكە بواری رێگەوبان هۆكاری گرنگی گەشەی ئابووری و بەرەوپێشڤەچوونی وڵاتەكەیە.
ئەو بەرپرسەی حكوومەتی هەرێم باسی لەوەش كرد، بەگشتی 594 پڕۆژەی رێگەوبان تەواو كراون و دوو هەزار و 189 كیلۆمەتر خراونەتە خزمەت هاووڵاتییان، كە ئەمە كارێكی گەورە بوو و توانرا جێبەجێ بكرێت، لە كاتێكدا حكوومەت دۆخی دارایی خراپ بوو.
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە باسی ژمارەیەك لەو پڕۆژانە كرد كە ئێستە كاریان تێدا دەكرێت و گوتی: بەشێكی زۆریان ئەمساڵ تەواو دەكرێن كە چەند پڕۆژەیەكیان شادەمارن و پڕۆژەی یەكلاكەرەوەن، شارەكان بەیەكترەوە دەبەستنەوە، ئەو پڕۆژانە بریتین لە دووسایدی دهۆك - باعەدرێ، بە تەواوبوونی ڕێگەی نێوان هەولێر بۆ دهۆك، 15 خولەك كورتتر دەكاتەوە. ڕێگەی كەڵەك- بەڕدەڕەش. دووسایدی ئاكرێ- قەندیل. ڕێگەی كەلار- گەرمیان ئەمساڵ تەواو دەكرێت. ڕێگەی كۆڕێ- شەقڵاوە. ڕێگەی هەولێر- كۆیە.
هاوكات لە بواری وزەدا كابینەی نۆیەم، توانی سەرەڕای سزاكانی بەغدا و فشاری وڵاتان، كارەبا و غازی زیاتر بەرهەم بهێنێت و ئێستە چاوەڕێ دەكرێت كارەبای 24 سەعاتی تا كۆتایی ئەمساڵ بگاتە تەواوی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەو كێشەیەی چەندان ساڵە هەموو كابینەكانی حكوومەت نەیانتوانی چارەسەری بكەن، لەم كابینەییدا بڕیاری لەسەر درا و دەست كرا بەجێبەجێكردنی.
لەمبارەیەوە وەزارەتی كارەبا رای گەیاند، ئەوەی لەم كابینەیەدا دەستی بۆ برا، لە هیچ كابینەیەكی پێشتردا بیریشی لێ نەكرابووەوە.
وەزارەتی كارەبا باسی لەوە كرد، پڕۆژەی رووناكی ستراتیجیترین پڕۆژەیە كە لە مێژوودا دەبێتە نموونەیترین پڕۆژە و جێی شانازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو پڕۆژەیە كێشەی كارەبا بەتەواوی چارەسەر دەكات، بەمەش كوردستان هەنگاوێكی گەورەی ئابووری دەچێتە پێشەوە و چەندان بواری تریش بەم پڕۆژەیە دەبووژێنێتەوە.
لە كابینەی نۆیەمدا بڕیاری پڕۆژەی بەدیجیتاڵكردنی دراو درا، ئەم پڕۆژەیە بە ئامانجی ئەوەی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی وڵاتانی تری دنیا، ببێت بە ناوەندێك كە تێیدا مامەڵە بە پارەی كاش نەمێنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە دەستی كردووە بە بەدیجیتاڵكردنی پرۆسەی پێدانی مووچە بۆ زیاتر لە ملیۆنێك فەرمانبەری كەرتی حكوومی.
زانیار سەعید كە شارەزایەكی دراوە دیجیتاڵییەكانە، لەمبارەیەوە بۆ "وشە" گوتی، ئامانج لەم دەستپێشخەرییە، رێكخستنی شێوازی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی كەرتی حكوومی و پەرەپێدانی ئاسایشی دارایی و دابینكردنی كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی بانكییە بۆ سوودمەندان، لەوانەش هەژماری پاشەكەوتكردن.
ئەو شارەزایە ئەوەشی گوت، ئەو كارتە بانكییەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە كاتی خۆتۆماركردن لە پڕۆژەی هەژماری من وەریدەگرن، لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و لە دەرەوەی وڵات بەكار دەهێنرێت.
باسی لەوەش كرد، سوودە سەرەكییەكانی ئەو پڕۆژەیە، پشتبەستنی فەرمانبەران بە پارەی كاش كەم دەكاتەوە، ئەمەش لە رێگەی پارەدان بەشێوازی دیجیتاڵی، بە سوودوەرگرتن لە كارتی بانكی و ئامێری POS كە ئامێرەكە تایبەتە بە گواستنەوەی پارە لە هەژماری كڕیارەوە بۆ فرۆشیار.
لەم كابینەیەدا ڕەزامەندیی لەسەر دروستكردنی 41 پۆند دراوە، هەندێكیان جێبەجێ كراون و هەندێكی تریشیان بڕیارە بەمزووانە دەست بە جێبەجێكردنیان بكرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رای گەیاندووە، وەك هەنگاوی یەكەم ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندی دا لەسەر دروستكردنی 23 پۆند بە 13 ملیار دینار لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، زۆربەیان لە پرۆسەی جێبەجێكردندان.
پۆندەكانی هەرێمی كوردستان كە لە گوندەكان بۆ كۆكردنەوەی ئاو بە مەبەستی كشتوكاڵی دروست كراون، بریتین لە 36 پۆند بۆ هەولێر كە چوار ملیۆن و 714 هەزار و 285 مەتر سێجا ئاو گل دەداتەوە. جگە لەوەی تا ئێستە 18 پۆند تەواو كراون و 17ی تریش لە جێبەجێكردندان.
هەروەها لە سلێمانی 12 پۆند دروست كراون كە ملیۆنێك و 677 هەزار مەتر سێجا ئاو گل دەدەنەوە، تێچوونی دروستكردنی پۆندەكان نۆ ملیار و 749 ملیۆن دینارە.
بەڵام پارێزگای دهۆك زۆرترین پۆندی تێدایە كە 58 پۆندن، 13 ملیۆن و 350 هەزار مەتر سێجا ئاو گل دەدەنەوە.