رۆژنامه‌ى ئێندپێندنت له راپۆرتێكدا ئاشكراى ده‌كات، ئیسرائیل ستراتیجیی لێدانى حزبوڵاى لبنانى گۆرِیوه، بۆیه توانیویه‌تى ئه‌و حزبه لاواز بكات، ئه‌و ستراتیجییه نوێیه‌ى ئیسرائیل هیچ به‌ره‌یه‌كى جه‌نگى نییه، هیچ بازوو و تفه‌نگێكى ناوێ، هیچ پێوه‌ندییه‌كیشى به‌وه نییه باى سیاسه‌ت چۆن هه‌ڵ ده‌كات و ئاراسته‌ى گفتوگۆكان به‌ره‌و كوێ ده‌چن، ته‌نانه‌ت ئه‌و جه‌نگه نوێیه‌ى كه ئیسرائیل به‌ڕێوه‌ى ده‌بات؛ بڕیاره‌كه‌ى به ده‌ستى دامه‌زراوه هه‌واڵگرى و ته‌ناهییه‌كانه، نه‌وه‌ك دیپلۆماتكاران و سیاسه‌تمه‌داران.
رۆژنامه‌ى
ئێندپێندت له راپۆرتێكدا كه له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووس (سه‌وسه‌ن مێهنا) نووسراوه، باس له‌وه ده‌كات، ئیسرائیل ئێسته به‌شێك نییه، له یاریى دانبه‌خۆگرتن وه‌ك ئه‌وه‌ى وڵاتانى رۆژئاوا بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو به ئاراسته‌یه‌كى هاوته‌ریب ده‌ڕوات، به شێوه‌یه‌ك بڕیار به ده‌ستى دامه‌زراوه ته‌ناهى و سه‌ربازییه‌كانه نه‌وه‌ك به ده‌ستى دیپلۆماتكاران بێت. له‌م ئۆپەراسیۆنه‌ش ئیسرائیل په‌یامێك به حزبوڵا ده‌دات و پێى ده‌ڵێ، "ئێمه تۆڕه‌كانتان هاك ده‌كه‌ین، به جووڵه‌تان ده‌زانین، سه‌رپشكین له كوشتنتان".
له سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه‌ى ئێندپێندنت هاتووه، "وه‌رچه‌رخانه‌كه له سروشتى (بانكى ئامانجه‌كانه)، كه ئه‌مه باوه‌ڕێكى ئیسرائیلى و هۆشیارییه‌كى هه‌واڵگرییه، بۆ هه‌قیقه‌تى سه‌ركه‌وتنه‌كان، كه به لاوازكردنى ژێرخانى هزری و رێكخستنى حزبوڵاوه ده‌ست پێ ده‌كات، نه‌وه‌ك بێده‌نگكردنى تفه‌نگه‌كان. هه‌روه‌ها جه‌نگى داهاتوو له سه‌نگه‌ر و به‌ره‌كانى پێشەوه نابێت، به‌ڵكو له ژوورى كۆنترۆڵ ده‌بێت، له رێگه‌ى جه‌نگى ژیریى ده‌ستكرد، و درۆن و جه‌نگى ئه‌لیكترۆنى ده‌بێت. واته شكاندنى هاوسه‌نگى سه‌ربازى له‌گه‌ڵ حزبوڵا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى شانه ده‌مارییه‌كانه‌وه ده‌بێت نه‌وه‌ك ماسولكه شانه‌كانه‌وه".
هه‌فته‌ى رابردوو سوپاى ئیسرائیل رای گه‌یاند، له ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك نۆ له ئه‌ندامانى حزبوڵاى كوشتووه و 40 یه‌كه‌ى ژێرخانى ئه‌و حزبه‌ى به‌ئامانج گرتووه. سوپاكه دووپاتى ده‌كاته‌وه، به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ كاركردن له "رێگریى دووباره بنیاتنانه‌وه‌ى حزبوڵا" سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش ده‌ڵێ، له‌وه‌ته‌ى رێككه‌وتنى ئاگربه‌ست له نێوان ئیسرائیل و لبنان له تشرینى دووه‌مى 2024 خراوه‌ته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه، "زیاتر له 140 تێكه‌ده‌ر كوژراون، كه له سه‌رانسه‌ری لبنانه‌وه هه‌ڕه‌شه بوون بۆ ئیسرائیل".
راپۆرته‌كه‌ى ئێندپێندنت باس له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ئه‌و جه‌نگه نوێیه‌ى ئیسرائیل ده‌كات، له‌وانه: چاوه‌ڕوانى جه‌نگ ناكات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى هه‌بێت، به‌ڵكو ستراتیجیى كوشتن بۆ خۆپاراستن په‌یڕه‌و ده‌كات، چیتر ئه‌ندامه مه‌یدانی و سه‌ركرده ئاساییه‌كانى حزبوڵا ناكاته ئامانجى سه‌ره‌كى، به‌ڵكو ئه‌ندامانى حزبوڵا له بوارى ته‌كنه‌لۆجیا و لۆجیستى ده‌كوژێت. شه‌ڕه‌كانى ئیسرائیل وه‌ك پێشتر هه‌ڕه‌مه‌كى و تۆڵه‌كردنه‌وه نییه، به‌ڵكو پشت به "بانكى ئامانجه‌كان" ده‌به‌ستێ. سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئیسرائیل له‌و جۆره ئۆپەراسیۆنانه چاوه‌ڕوانى هیچ رێككه‌وتنێكى سیاسى ناكات، ته‌نیا مه‌به‌ستى حزبوڵاش نییه، به‌ڵكو په‌یامێكیشە بۆ ئێران.
راپۆرته‌كه‌ى ئێندپێندنت ده‌ڵێ، "ئیسرائیل ته‌نیا به‌وه واز ناهێنێ تواناى ته‌قه‌كردنى حزبوڵا بوه‌ستێنێ، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ زه‌برێك له‌و میكانیزمه‌ش بدات، كه ئه‌و توانایه به‌رهه‌م ده‌هێنێ". هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، "كادره‌كانى حزبوڵا ئه‌وانه‌ى له بوارى ته‌كنه‌لۆجى و لۆجیستى كار ده‌كه‌ن، له سنووره‌كانى لبنان و ئیسرائیل نین، به‌ڵكو له ناوه‌وه‌ى لبنان، یان له سووریا و ئێرانن". خاڵى گرنگ له‌و جه‌نگه‌دا كه ئیسرائیل مه‌به‌ستیه‌تى كوشتنى ئه‌و كادرانه‌ى حزبوڵایه كه میلیشیاكه به ئاسانى ناتوانێ قه‌ره‌بووى بكاته‌وه و جارێكى تر زوو دروستى بكاته‌وه.
راپۆرته‌كه بۆ روونكردنه‌وه‌ى گۆڕ‌انى بیروباوه‌ڕى ئیسرائیل له چۆنیه‌تى شه‌ڕكردن، نموونه‌ى لێدانى یه‌كه‌یه‌كى حزبوڵا ده‌هێنێته‌وه، كه به ناوى یه‌كه‌ى 4400 ناسراوه.
یه‌كه‌ى 4400 یه‌كه‌یه‌كى نهێنیه، له‌ناو حزبوڵا به یه‌كه‌ى 108یش ده‌ناسرێت، یاخود بڕواى ئه‌وه هه‌یه یه‌كه‌ى 4400 لقێك بێت له یه‌كه‌ى 108 كه له سووریا كار ده‌كات، ئه‌ركى سه‌ره‌كى دروستكردن و دابینكردنى رێگه‌ى گواستنه‌وه‌ى چه‌ك بوو له ئێرانه‌وه به‌ره‌و میلیشیاكان له‌ناو لبنان. باره‌گه‌ى سه‌ره‌كى له دیمه‌شق بوو، ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كه‌ى گواستنه‌وه‌ى چه‌ك بوو له نێوان ئێران، عێراق، سووریا و لبنان. به‌ڵام له چه‌ندان بوارى تریش كاریان ده‌كرد وه‌ك قاچاخچێتى و گه‌یاندنى لۆجیستى و پێشخستنى درۆن و به‌كارخستنى سیستمه‌كانى پێوه‌ندیكردن و دروستكردنى هاوئاهه‌نگى ته‌كنیكى له‌گه‌ڵ ئێران. كاتێك حزبوڵا چووه شه‌ڕى سووریاوه ئه‌ركى یه‌كه‌ى 4400 زیاد بوو، له‌وانه هه‌ڵگرتنى چه‌ك له‌ناو كۆگه‌كانى سووریا. بۆیه له ساڵى 2018وه چالاكییه‌كى ئه‌و یه‌كه‌یه له‌لایه‌ن ئیسرائیلەوە ئاشكرا ده‌بێت، هه‌رچه‌نده پێشتر ماوه‌ى چه‌ندان ساڵ بوو چاودێریى گرووپه‌كه‌ى كردووه.
ئیسرائیل ئه‌ندامانى ئه‌و گرووپه‌ى كردووه‌ته ئامانج، ئه‌مه‌ش كۆششێكه بۆ له‌ناوبردنى ژێرخانى ته‌كنیكیى حزبوڵا، واته په‌كخستنى عه‌قڵى ته‌كنه‌لۆجى كه پشتیوانى له سیستمه سه‌ربازییه‌كانى حزبوڵای ده‌كرد. جیا له‌مه هۆكارێكى تر ئه‌وه‌یه ئه‌و كادرانه‌ى حزبوڵا له‌و جۆره‌ن كه به ئاسانى دووباره نابنه‌وه، به‌ڵكو پێویستیان به ساڵانێك له مه‌شق و متمانه هه‌یه، چونكه زانیاری‌یان هه‌یه و سه‌رپه‌رشتى تۆڕه‌كانى پێوه‌ندییه هه‌ستیاره‌كان ده‌كه‌ن كه له به‌یرووته‌وه درێژ ده‌بێته‌وه به‌ره‌و تاران. واته یه‌كه‌ى 4400 بڕبڕه نه‌بینراوه‌كه‌ى پشتى حزبوڵایه.
هێنانه‌وه‌ى نموونه‌ى لێدانى یه‌كه‌ى 4400 بۆ ده‌رخستنى بیركردنه‌وه‌ى نوێى ئیسرائیله له هه‌واڵگرى و به‌رگرى و ته‌نانه‌ت له سیاسه‌تیش، جیا له‌مه‌ش رۆژنامه‌كه دووپات له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه ده‌كاته‌وه، كه ئیسرائیل ئه‌م ستراتیجییه‌ته ته‌نیا له‌گه‌ڵ حزبوڵا به‌كارناهێنێ، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ته‌واوى به‌ره‌ى ئێران به‌كارده‌هێنێت. ئێندپێندنت ده‌ڵێ، "ئیسرائیل چاوه‌ڕوانى دانوستانه‌كان ناكات، زۆر گوێ به‌وه نادات له پشت په‌رده‌ى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى چى ده‌گوزه‌رێ، به تایبه‌تى له‌نێوان واشنتن و تاران، به‌ڵكو به‌گوێره‌ى ئه‌جندایه‌كى ته‌واو تەناهیی سه‌ربه‌خۆ كار ده‌كات، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوه‌شاندنى زوو، ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ى بڕواى ئه‌وه‌ى هه‌ر خاوبوونه‌وه‌یه‌ك و گره‌وێك له‌سه‌ر تێگه‌یشتنه سیاسییه‌كان، دواتر وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ى راسته‌وخۆ له‌سه‌ر سنووره‌كانى ده‌رده‌كه‌وێت. لێره‌وه ئیسرائیل به‌شێك نییه له یاریى ئارامگرتن وه‌ك پایته‌خته‌كانى رۆژئاوا باسى ده‌كه‌ن، به‌ڵكو به رێگایه‌كى ته‌ریب ده‌ڕوات.
ئه‌م رێیازه ئیسرائیلییه بنه‌ماكانى پێكدادان داده‌ڕێژێته‌وه نه‌وه‌ك ته‌نیا له‌گه‌ڵ حزبوڵا، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ته‌واوى به‌ره‌ى ئێرانى له ناوچه‌كه. واقیعێكى نوێ به‌سه‌ر یاریكه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌سه‌پێنێ، كه ناوه‌ڕۆه‌كه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه: "ته‌لئه‌بیب له هێرشه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت، به چاوپۆشین له‌وه‌ى باى سیاسه‌ت له‌كوێ هه‌ڵ ده‌كات".