مسۆگەركردنی مافی كرێكاران كاری لە پێشینەی كابینەی نۆ بووە

:: AM:10:46:01/05/2025 ‌
كرێكاران داینەمۆی بەرهەمهێنان لە بوارە جیاوازەكانی ئابووری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانن، لەو سۆنگەیەوە كابینەی نۆ بەردەوام لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلی كار و پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەكان، هەوڵی داوە مافی كرێكاران بەگوێرەی یاسای كاری ژمارەی (71)ـی ساڵی 1987 بپارێزێت و بە یەكسانی هەلی كار بۆ هێزی كاری ناوخۆیی بڕەخسێنێت.

لە كابینەی نۆدا هەوڵێكی زۆر بۆ دەستەبەركردنی كرێكاران دراوە، بە جۆرێك بەر لە كابینەی نۆ، نزیكەی 83 هەزار كرێكار لە هەرێمی كوردستان دەستەبەر كرابوون، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم و پێداگریی سەرۆك وەزیران بۆ دەستەبەركردن و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان، ئێستە ژمارەی كرێكارانی دەستەبەركراو گەیشتووەتە 193 هەزار و 768 كرێكار. لەو ژمارەیە 165 هەزار و 464یان كرێكاری ناوخۆیین و 28 هەزار و 300ـی تریش كرێكاری بیانین و سەرجەمیان دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ كراوە.

بەپێی یاسای هەمواركراوی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران، ژمارە (39)ـی ساڵی 1971، دەبێت هەموو خاوەنكارێك لە ڕۆژی دەستبەكاربوونی كرێكار لە پڕۆژەكەی، دەستەبەری بكات و ناوی كرێكارەكە لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران تۆمار بكات. هەروەها دەبێت خاوەنكار دوای تەواوبوونی هەر مانگێك لە كاركردنی كرێكار، (17٪)ـی مووچەكەی لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران دابنێت، بە جۆرێك 5٪ لە مووچەی كرێكار دەبڕێت و (12٪)یش لە ئەستۆی خاوەنكارەكە دەبێت. دەستەبەركردنی كرێكاران لە دەستەبەری تەندروستی و دەستەبەری پێكانی كار و دەستەبەری خانەنشینی و خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكان پێك دێت.

تا كۆتایی وەرزی یەكەمی (2025)، 55 هەزار و 456 پڕۆژە دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ كرێكارانیان كردووە، بە جۆرێك لە پارێزگای هەولێر 25 هەزار و 749 پڕۆژە، لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 18 هەزار و 855 پڕۆژە، لە پارێزگای دهۆكیش نۆ هەزار و 670 پڕۆژە كرێكارەكانیان دەستەبەر كراون.

جگە لە پێداگریی حكوومەت بۆ ناچاركردنی پڕۆژەكان بۆ دەستەبەركردنی كرێكارەكانیان، لە ساڵی 2022 بڕیاری ژمارە 172ـی تایبەت بە مسۆگەركردنی مافی كار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی دەرچووە و بەگوێرەی بڕیارەكە، سەرجەم پڕۆژەكان ناچار كراون (75٪)ـی كرێكارەكانیان دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بن و نابێت لە هیچ حاڵەتێكدا ڕێژەی كرێكاری بیانی لە هیچ پڕۆژەیەك لە (25٪)ـی كۆی كرێكارەكان زیاتر بێت.

لە سۆنگەی ئەو بڕیارەوە، (90٪)ـی پڕۆژەكان دوای ئاگاداركردنەوەیان، پابەندی بڕیارەكە بوونە و 40 پڕۆژەش بەهۆی پابەندنەبوونیان و سەرپێچیكردنی بڕیاری ژمارەی 172، پەڕاویان بۆ كراوەتەوە بۆ ئەوەی ڕەوانەی دادگا بكرێن، هاوكات 20 پڕۆژەی تریش بە هۆی سەرپێچییان، دۆسیەكەیان ڕەوانەی دادگا كراون و ڕێكاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر. دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە نزیكەی 400 پڕۆژە داواكارییان بۆ دابینكردنی كرێكاری خۆماڵی بۆ پڕۆژەكان پێشكەش كردووە. هەر بە هۆی ئەو بڕیارەوە هەزار و 400 كرێكاری خۆماڵی لە شوێنی كرێكارە بیانییەكان هەلی كاریان بۆ ڕەخسێنراوە.

یەكێك لە سوودە گرنگەكانی دەستەبەركردنی كرێكارانی كەرتی تایبەت، دابینكردن و دەستەبەركردنی مافی خانەنشینبوونە؛ بە گوێرەی یاسای كار، هەر كرێكارێك ئەگەر دەستەبەر بكرێت، دەتوانێت وەك فەرمانبەرانی حكوومی خانەنشین بێت. ئێستە لە هەرێمی كوردستان 958 كرێكار دوای دەستەبەركردنیان لە پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت خانەنشین بوونە و مانگانە بەبێ دواكەوتن مووچەكانیان وەردەگرن. بەشێكی زۆری كرێكاران دوای دەستەبەركردنیان و دەست لەكاركێشانەوە لە كارەكانیان، پاداشتی كۆتایی خزمەتیان وەرگرتووە، تەنیا لە ساڵی 2024دا هەزار و 49 كرێكار نزیكەی 34.5 ملیار دیناریان وەك پاداشتی كۆتایی خزمەت وەرگرتووە.

حكوومەتی هەرێم بە گوێرەی یاسای كار، سندووقێكی تایبەتی بۆ دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران داناوە، كە پاداشتی خزمەتی كرێكاران و مووچەی خانەنشینیان لە ڕێگەی ئەو سندووقەوە پێ دەدرێت و ئێستە سەرمایەی ئەو سندووقە 1.341 تریلیۆن دینارە.

بۆ پاراستنی مافی كرێكاران، هێڵێكی گەرمی تایبەت بە كرێكاران لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دانراوە كە هەموو كرێكارێك لە كاتی بوونی نادادپەروەری لەلایەن خاوەنكار و وەرنەگرتنی مافی خۆی، دەتوانێت لە ڕێگەی هێڵی گەرمی (5500) پێوەندی بكات و سكاڵا لە دژی خاوەنكارەكەی تۆمار بكات و مافەكانی وەربگرێتەوە؛ لایەنی جێبەجێكار ڕەچاوی دۆخی كرێكار دەكات و پاراستنی زانیارییەكانی لەبەرچاو دەگرێت.

 لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تا كۆتایی وەرزی یەكەمی 2025 لە ڕێگەی هێڵی گەرمی (5500)ـەوە، 230 سكاڵا لەلایەن كرێكارانەوە دژی خاوەنكارەكانیان تۆمار كراون و سەرجەم كێشەكانیش بە تەواوەتی چارەسەر كراون.

حكوومەتی هەرێم بەردەوام لە ڕێگەی پێدانی مۆڵەت و هاوكاریكردنی سەرمایەداران و خاوەن بیرۆكەكان بۆ دامەزراندن و جێبەجێكردنی پڕۆژە گەورە و مامناوەند و بچووكەكان، هەوڵی زۆری بۆ ڕەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان داوە، تەنیا لە كەرتی وەبەرهێنان لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا، زیاتر لە 120 هەزار هەلی كار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان ڕەخسێنراوە، لە ماوەی ڕابردووش لە ڕێگەی دامەزراندنی پرۆتاڵی كار (https://kar.molsa.gov.krd) دەیان هەلی كار ڕەخسێنراوە، بە جۆرێك لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا كە پۆرتاڵی كار بە فەرمی ڕاگەیەنراوە، تا ئێستە 6531 كارخواز ناوی خۆیان لەو پۆرتاڵە تۆمار كردووە، هەزار كارخوازیش فۆڕمی داواكردنی كاریان پڕ كردووەتەوە و 100 كارخوازیش لە ڕێگەی ئەم پۆرتاڵەوە هەلی كاریان دەست كەوتووە و ئێستە لە پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت كار دەكەن.

هەندێك لە مافەكانی كرێكاران بە گوێرەی یاسای كار ژمارەی (71)ی ساڵی (1987)ـی هەمواركراو و یاسای خانەنشینی، دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران ژمارە (39)ـی ساڵی (1971)ـی هەمواركراو:

دەبێت گرێبەستی كاركردن لە نێوان خاوەنكار و كرێكار بكرێت، بۆ ئەوەی ئەرك و مافی هەردوولا پارێزراو بێت.

كاتەكانی كاركردن هەشت سەعاتە و ئەگەر لەو كاتە كاری زیاتر بە كرێكار بكرێت، دەبێت كرێی سەرباری پێ بدرێت.

هەر كرێكارێك لە هەفتەیەكدا، ڕۆژێك بە كرێی تەواو مافی پشووی هەیە.

كرێكار مافی وەرگرتنی مۆڵەتی بە مووچەوە بۆ ماوەی 20 ڕۆژ لە ساڵێكدا هەیە.

هەر كاتێك كرێكار بیەوێت، دەتوانێ داوای مۆڵەت لە خاوەنكارەكەی بكات.

كرێكار مافی وەرگرتنی مۆڵەتی نەخۆشیی بۆ ماوەی 30 ڕۆژ لە ساڵێكدا هەیە و دەكرێت مۆڵەتەكەش بۆ 180 ڕۆژ درێژ بكرێتەوە.

نابێت كرێكار لە ماوەی نەخۆشیدا كار بكات.

لە پێناو پاراستنی تەندروستیی ئافرەتی دووگیان، نابێت كاری قورسی پێ بكرێت.

دەبێت خاوەنكار ئەم ئاسانكارییانە بۆ كرێكار بكات:
* ئاسانكاری بۆ كرێكار بۆ ڕاپەراندنی كارەكەی.

* دابینكردنی بارودۆخێكی تەندروست لە شوێنی كارەكە و  گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی كرێكار.

* دابینكردنی دەرفەت بۆ كرێكار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و هونەری.




وشە - رامیار جەواد