عێراق لە نێوان پێشوازیی لە لووتكەی عەرەبی و ئاڵنگارییە ناوخۆییەكانی

:: PM:04:09:03/05/2025 ‌
لەم رۆژانەدا بەغدای پایتەختی عێراق، خەریكی جوانكارییەكی فراوانە بۆ ئامادەكاریی پێشوازیی لە كۆبوونەوەی لووتكەی عەرەب كە بڕیارە لە عێراق بكرێت، بەڵام بۆ ئەوەیش ئەو وڵاتە پێویستی بە پارەیەكی زۆر هەیە بۆ سەركەوتنی لووتكەكە و پێشوازیی لە سەرۆكانی وڵاتەكان، بەڵام كاتێك ئەو لووتكەیە لەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت، لە ناوخۆدا یەك دنیا كێشەی دارایی و سیاسیی هەن كە ئەستەمە بتوانێ لووتكەیەكی سەركەوتوو ئەنجام بدات، بۆیە چاودێرانی سیاسی بەڕێوەچوونی لووتكەكە لەم كاتە و بێ چارەسەركردنی ئاڵنگارییە ناوخۆییەكان، بە ئەستەم دەزانن و بۆ ئەوەیش پێویستی بە كۆنگرەیەكی دیالۆگی هێزە سیاسییەكانی عێراق هەیە تا بتوانن كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر بكەن. 

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ شەموو سێی ئایار، راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە كە چاودێرانی سیاسی و ئابووری پێیان وایە، زۆر پێویستە عێراق پێگەی جوان و گرنگیی خۆی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەڕێنێتەوە تا بتوانێ لووتكەیەكی لەو شێوەیە بە سەركەوتوویی ئەنجام بدات، بتوانێ بەهێزێكی زۆرەوە بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی هەرێمی و جیهانی، چونكە ئەو وڵاتە بەحوكمی مێژووە گەورەكەی و پێگە ستراتیجییەكەی و بوونی نەوتێكی زۆر، دەبێ قورساییەكی زۆر گەورەی سیاسی و ئابووریی هەبێت، بەجۆرێك وەك یاریكەرێكی سەرەكی لە ناوچەكە و دنیا رۆڵی گەورە بگێڕێت، بۆیە ئەنجامدای كۆبوونەوەی لووتكەی عەرەب لە عێراق، هەنگاوێكی زۆر گرنگە، بەڵام بەر لەهەر شتێك، پێویستە كێشە ناوخۆییەكانی چارەسەر بكات تا لە لووتكەكە سەركەوتوو بێت.

بێگومان دنیا و بەتایبەتی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی گشتی، پێویستییان بەو جۆرە دیدارانە و گفتوگۆی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی دنیادا هەیە، كە ئەویش لە ژێر سێبەری ئاڵنگارییەكان دەكرێت. بەڵام دەبێ سەركردەكانی عێراق بەرلە ئەنجامدانی لووتكەكە، بیر لەوە بكەنەوە چۆن و بەچ شێوەیەك لە لووتكەكە دەردەچن و تا چەند سەركەوتوو دەبێت؟ هەروەها دەستكەوتی عێراق لەو لووتكەیە چی دەبێت؟ بەتایبەتی  ئەگەرێكی زۆر هەیە ژمارەیەك لە سەركردەكانی عەرەب بۆ ئەو لووتكەیە ئامادە نەبن، هۆكارەكانی سیاسی یان دادوەری یاخۆ تەناهی بێت.

پرسیارێكی جەوهەری دێتە پێشەوە و دەگوترێت، ئایا سەركردەكانی ناو عێراق توانیویانە كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر بكەن كە تێیاندایە كێشەی گەورە و درێژخایەنن و ئاستەگیان بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەكەیش دروست كردووە؟ بەجۆرێك چۆن دەتوانن بەو شێوەیە پێشوازیی لە كۆبوونەوەیەكی زۆر گەورە بكەن؟ بۆیە چاودێران دەڵێن بەرلە ئەنجامدانی لووتكەكە، پێویستە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان بكەن، بەتایبەتی ئەو كێشانە راستەخۆ كاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی عێراقدا هەیە.

لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانیش ئاماژە بەوە دراوە، ئەمڕۆ عێراق بە دەست كێشە ناوخۆییەكانی تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بووە كە پێویستیان بە چارەسەری خێرا و سەركەوتوو هەیە، یەك لەوانە ئاستەنگی نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایە، لە كاتێكدا وەستانی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە، كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی عێراقدا هەیە. هەروەها كێشەی دراو و سیستمی بانكی، بەهەمانشێوە لە كێشە رژدەكانن.

دراوی عێراق تووشی كشان و داكشان بووەتەوە، جیا لەو كێشانەی تووشی بانكەكان بووە و كاریگەریی نەرێنییان بۆ ئابووریی وڵاتەكە و هاووڵاتییان بازرگانان دروست كردووە. مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش كێشەیەكی درێژخایەنە و تا ئێستە چارەسەری بنچینەیی بۆ نەكراوە، هەموو ئەوانە كاریگەرییان لەسەر هەزاران خێزانی عێراقیدا هەیە.

لەگەڵ هەموو ئەوانە ئاستەنگی كارەبا كە تا ئێستە حكوومەتی عێراق بەهۆیەوە دەناڵێنێت، لە كاتێكدا وڵاتەكە لە ناوچەكەدا بە دەوڵەمەندترین وڵات لەڕووی سەرچاوەی سروشتی هەژمار دەكرێت، كەچی لەڕووی كارەباوە گەورەترین كێشەی هەیە و چارەسەر نەكراوە، لە كاتێكدا وڵاتەكە خۆی سەرچاوەیەكی باشی لەڕووی غازی سروشتیی هەیە، كەچی بەرهەمی ناهێنێ و پشتی بە وڵاتانی تر بەستووە بۆ كارەباكەی غازیان لێ بكڕێت، غازەكەی خۆیشی دەسووتێت.

عێراق بۆ جووڵانەوەیەكی سەركەوتوو لە دەرەوە، پێویستی بە پێكهاتن و یەكگرتوویی لە ناوخۆدا هەیە، دەبێ بزانرێ عێراق چۆن خۆی لە مەترسییەكان دەپارێزێت، ئەوەیش لە ژێر سێبەری دابەشبوونێكی قووڵی رژد. بۆیە هێزی راستەقینە لە یەكگرتوویی هێزە جیاجیاكانی وڵاتەكەیە تا بتوانن ببنە خاوەنی بڕیارێكی دروستی سیاسی و ستراتیجی و ئابووری.

دواتریش چاودێران دووپاتی دەكەنەوە كە زۆر گرنگە عێراق بەرلەوەی پێشوازی لە كۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەب بكات و لووتكەكە لە وڵاتەكەی بە سەركەوتووی بەڕێوە ببات، پێویستە كۆنگرەیەكی دیالۆگی نیشتمانیی فراوان لە ناوخۆدا ساز بكات، تەواوی هێزە سیاسییەكانی ناو وڵات بەشداریی تێدا بكەن و هەوڵ بدرێ كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر بكرێن، چونكە سەركەوتنی لووتكەكە، بە سەركەوتنی ئەو دیالۆگە بەستراوە.

 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د