دوای ئه‌و شه‌ڕه‌ی له نێوان سوپای ئه‌حمه‌د شه‌رع و درووزییه‌كان هاته كایه‌وه و دوای ئه‌و پشتیوانییه‌ی ئیسرائیل له درووزییه‌كانی كرد و چه‌ندان جار هێرشی ئاسمانیی كرده سه‌ر سووریا، ئه‌حمه‌د شه‌رع خۆی له وه‌لید جنبڵات له رێبه‌رانی درووزیی لبنان نزیك كردووه‌ته‌وه و باس له‌وه ده‌كرێ پێكه‌وه رێككه‌وتنێكیان بۆ پاراستنی درووزییه‌كان واژوو كردووه.
ماڵپه‌ڕی ''عه‌ره‌بیه'' له زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له حزبی سۆسیالیستی پێشكه‌وتنخوازی لبنان كه له‌لایه‌ن وه‌لید جنبڵاته‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێ، بڵاوی كرده‌وه جنبڵات له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆك كۆماری راگوزه‌ری سووریا، دیداری هه‌بووه و به كۆمه‌ڵێك ئه‌نجامی ئه‌رێنی گه‌یشتوون.
هه‌ردوو لایه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پارێزگای سوه‌یدا به ئامانجی كۆنترۆڵكردنی ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌مدواییه بپارێزن، داوا له درووزییه‌كان بكه‌ن له سووریای نوێ‌دا به‌شداری بكه‌ن، چونكه تاكه په‌ناگه‌ی ئارامه بۆیان.
پارتی سۆسیالیستی پێشكه‌وتنخواز رای گه‌یاندووه كه وه‌لید جنبڵات له دیمه‌شقی پایته‌ختی سووریا، دیداری له‌گه‌ڵ شه‌رعدا هه‌بووه و هه‌ردوو لایه‌ن نیگه‌رانیی خۆیان له قوربانییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی شه‌ڕ ده‌ربڕیوه.
جێی باسه حزبی سۆسیالیستی پێشكوتنخواز له‌و دیداره‌یدا سوپاسی ئه‌حمه‌د شه‌رعی كردووه له گرتنی ئیبراهیم حه‌وێجی هۆكاری تیرۆركردنی كه‌مال جنبڵاتی باوكی وه‌لید جنبڵات.
له رۆژانی سێشه‌م و چوارشه‌می رابردوو له گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌شره‌فیه‌ی سه‌حنایا و جرمانه‌ی دیمه‌شق كه زۆرینه‌ی دانیشتووانیان درووزین، شه‌ڕ و پێكدادانێكی قورس هه‌بوو و دوێنێ حكوومه‌تی سووریا رای گه‌یاند، كۆنترۆڵی گه‌ڕه‌كه‌كانیان كردووه.
سوپای سووریا به‌ره‌و گونده‌كانی درووزی پێشڕه‌وی كردبوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ وه‌ڵام و هێرشی ئیسرائیل به‌ره‌وڕوو بووبوو و ئیسرائیل چه‌ندان جار به فه‌رمی هه‌ڕه‌شه‌ی له سه‌رۆكی سووریا كردووه زیان به درووزییه‌كان نه‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌نگاوێكی هه‌ڵه بنێت، ئه‌وا له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه وه‌ڵام ده‌درێته‌وه.
ئیسرائیل شه‌وی رابردوو چه‌ندان هێرشی كرده سه‌ر دیمه‌شق و ده‌گوترێ ئه‌مڕۆكه‌ش سوپای ئیسرائیل بۆ یارمه‌تیدانی درووزییه‌كان پێشڕه‌وی هه‌بووه.
وا پێده‌چێت ئه‌حمه‌د شه‌رع بۆ رازیكردنی درووزییه‌كان و كۆكردنه‌وه‌یان له ده‌وری خۆی، هانای بۆ وه‌لید جنبڵات بردبێت كه پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ حزبوڵا هه‌بووه و دیار نییه درووزییه‌كان گوێڕایه‌ڵی رێبه‌رانی درووزی له به‌شی ئیسرائیل یان لبنان ده‌بن.
درووزییه‌كانیش له سووریای نوێ كه ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، ده‌ترسن و پێیان وایه مافه‌كانیان له چوارچێوه‌ی دیمه‌شقدا پارێزراو نابێت، بۆیه رێگه‌یان به سوپای سووریا نه‌داوه له ناوچه‌كانیان نزیك بكه‌ونه‌وه.
له هه‌شتی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی رابردووه‌وه كه ده‌سته‌ی ته‌حریر شام به فه‌رمانده‌یی ئه‌بو محه‌مه‌د جۆلانیی جاران و ئه‌حمه‌د شه‌رعی ئێسته، كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌د هێنا، چه‌ندان جار شه‌ڕ و پێكدادان له نێوان درووزییه‌كان و ئه‌و هێزانه رووی داوه.
ژماره‌ی درووزییه‌كان له دنیادا یه‌ك ملیۆن تا دوو ملیۆن كه‌س ده‌بێت و زۆربه‌یان له باكوری ئیسرائیل نیشته‌جێن، ئه‌وانی تریشیان به‌سه‌ر سووریا و لبنان و ئوردندا دابه‌ش بوون، له سووریا نزیكه‌ی 700 هه‌زار كه‌س و له لبنان ژماره‌یان ده‌گاته 400 هه‌زار كه‌س، له ئوردنیش نزیكه‌ی 32 هه‌زار كه‌سن.
ئه‌وان ئاینێكی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه و به درێژایی مێژوو هه‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردنیان له‌سه‌ر بووه، هاوشێوه‌ی كورد نه‌هامه‌تی و سته‌مێكی زۆریان لێ كراوه، گرووپه ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كان به كافریان ده‌زانن و رژاندنی خوێنیان حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن، بۆیه دوای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی گرووپه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كان له سووریای نوێ‌دا، زیاتر له جاران هه‌ست به مه‌ترسی ده‌كه‌ن و به‌پێی ئه‌و پێوه‌ندییه پته‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی درووزیی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئیسرائیلیان هه‌یه، چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌یان له ئیسرائیل هه‌بووه بیانپارێزێت.