بەپێی دوا راگەیەنراوی وەزارەتی كارەبای کوردستان، نزیكەی 600 هەزار هاووڵاتی هەرێمەکە ئێستە كارەبای 24 سەعاتییان پێگەیشتووە و 750 مۆلیدەی گەڕەک كوژێنراونەتەوە، سوودی ئەمە بۆ ژینگە یەکسانە بە وەستانی 126 هەزار ئۆتۆمبێل لە كار.
لە دوا سەرژمێری 2024دا، دانیشتووانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە شەش ملیۆن و 400 هەزار کەس بوو، بەو پێیە بە نزیكەیی كەمتر لە %10ی هاووڵاتییان ئێستە سوودمەندی كارەبای 24 سەعاتین و بە جێبەجێکردنی %100ی پڕۆژەكە، رێژەی سوودە ژینگەییەکەیشی بۆ 10 بەرانبەر بەرز دەبێتەوە.
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو رۆژ لەمەوبەر رای گەیاند، ئێستە 600 هەزار هاووڵاتی هەرێم سوودمەندی پڕۆژەی رووناكین و بەهۆیەوە 750 مۆلیدە كوژێنراوەتەوە. ئاماژەی دا "سوودە ژینگەییەكانی پڕۆژەی رووناكی بریتییە لە وەستان و كوژانەوەی 126 هەزار ئۆتۆمبێل. مەبەست لەو گازە هەژراوییەیە کە مۆلیدە و ئۆتۆمبیل دەریدەدەن.
لەلایەکی ترەوە، بەپێی ئامارێکی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، تا كۆتایی ساڵی 2022، دوو ملیۆن و 41 هەزار ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەكانییەوە "تایبەت، بارهەڵگر، كرێ، كشتوكاڵی، بیناسازی و حكوومی" لە هەرێم تۆمار كرابوون.
لەم دوو ملیۆن و 41 هەزار ئۆتۆمبێلە، یەك ملیۆن و 251 هەزار و 484 ئۆتۆمبێل لە جۆری تایبەت، بە دوایدا 448 هەزار و 504 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرن لە رووی زۆریی ژمارەوە و كەمترین جۆری تۆماركراویش ئۆتۆمبێلی حكوومی بوون كە 30 هەزار و 676 ئۆتۆمبێلی لێ تۆمار كراوە.
هاوكێشە بیركارییەكان چیمان پێ دەڵێن؟
سوودمەندبوونی تەنیا 600 هەزار هاووڵاتی هەرێمی كوردستان لە کارەبای بەردەوام، یەكسانە بە %10ی تەواوی دانیشتووانی هەرێم، سوودەكەی بە كوژاندنەوەی 126 هەزار ئۆتۆمبێل بۆ ژینگە كۆتایی هاتووە، بەم پێیە بە تەواوبوونی پڕۆژەی رووناكی، رێك بە قەدەر نەمانی ئۆتۆمبێلە تایبەتە تۆماركراوەكان ژینگە پاك دەبێتەوە و بە مانایەكی تر كارەبای 24 سەعاتی یەكسانە بە نەمانی زیانی ژینگەیی كاركردنی ملیۆنێك و 260 هەزار ئۆتۆمبێل كە بڕیارە تا كۆتایی 2026 تەواوی كوردستان ببێتە خاوەن كارەبای 24 سەعاتی.
جێی ئاماژەیە، لە ساڵی 2024 یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین پڕۆژە ستراتیجییەكانی كابینەی نۆی حکوومەتی هەرێم، راگەیاندنی پڕۆژەی رووناکی بوو، ئەم پڕۆژە سەرەتای هەنگاونانە بەرەو کارەبای 24 سەعاتی و بڕیاریشە تا کۆتایی ساڵی 2026، سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی پڕۆژەكەوە ببنە خاوەنی کارەبای بەردەوام.