شه‌وی رابردوو دوو ئاگركه‌وتنه‌وه، بوومه‌له‌رزه، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك، ره‌شه‌با و پچڕانی هێڵی گشتیی كاره‌با له كه‌ره‌ج روویان دا و زانیاریی جیاواز و هه‌ندێك جار دژ به یه‌ك له‌باره‌ی رووداوه‌كان بڵاو ده‌كرێنه‌وه. له ماوه‌ی هه‌شت ڕۆژی رابردوودا له ئێران چوار ته‌قینه‌وه و ئاگركه‌وتنه‌وه روویان داوه كه به‌هێزترینیان له به‌نده‌ر عه‌باس بووه.
شه‌وی رابردوو دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی دوو ئاگركه‌وتنه‌وه له كه‌ره‌ج، حوسێن عاشووری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی به‌رگریی شارستانیی فه‌ردیس رای گه‌یاند، شوێنی یه‌كێك له ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی كه‌ره‌ج نزیكه له وێستگه‌ی كاره‌بای قائیم له باشووری شاره‌كه، به‌ڵام هیچ زیانێك به‌ر وێستگه‌كه نه‌كه‌وتووه.
هاوكات قودره‌توڵا شه‌میرانی قایمقامی نه‌زه‌راباد بڵاوی كرده‌وه، له باشووری رۆژئاوای كه‌ره‌ج ئاگرێكی تر رووی داوه كه كه‌وتووه‌ته گه‌ڕه‌كی قوچ حه‌ساره‌وه. ئه‌و ئاماژه‌ی داوه له‌گه‌ڵ هه‌ڵكردنی ره‌شه‌با، كارگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی كارتۆن ئاگری گرت و دواتر ئاگره‌كه گه‌یشته ده‌وروبه‌ری كارگه‌كه.
ده‌گوترێ ئه‌و دوو ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ی كه‌ره‌ج 50 كیلۆمه‌تر له یه‌كتر دوور بوون. عاشووری له‌باره‌ی ئاگره‌كه‌ی نزیك وێستگه‌ی كاره‌با به میدیاكانی ئێرانی گوتووه، ئاگره‌كه سه‌ره‌تا له كانێكسێك رووی داوه كه نزیك بووه له زبڵدان و خێرا فه‌رمانبه‌رانی ئاگركوژێنه‌وه گه‌یشتوونه‌ته شوێنی رووداوه‌كه.
وه‌ك زیاتر خستیه روو به‌هۆی ره‌شه‌باوه، ئاگره‌كه تا مه‌ودای نزیكه‌ی دۆنمێك ته‌شه‌نه‌ی كرد، بۆیه‌ش ئۆتۆمبێلی تری ئاگركوژێنه‌وه‌یان ره‌وانه كرد. ئه‌و هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی بۆ كه‌مته‌رخه‌میی كرێكارێك گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی باس كرا قسه‌ی به‌رپرسانی ئێرانه، به‌ڵام زانیاریی جیاوازتر له‌وه‌ی هه‌یه بڵاو بووه‌ته‌وه و ژماره‌یه‌ك له هاووڵاتییانی كه‌ره‌ج له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، باسیان له‌وه كردووه كه گوێیان له ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره بووه و دواتر پچڕانی كاره‌بای لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
به‌ڵام به‌رپرسانی كاره‌بای شاره‌كه ئاماژه‌یان داوه، هۆكاری پچڕانی كاره‌با برووسك بووه و هیچ پێوه‌ندییه‌كی به ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه نه‌بووه.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئاژانسی مێهری ئێرانی بڵاوی كرده‌وه، ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی وێستگه‌ی كاره‌بای قائیم ته‌نیا ده‌نگۆیه و هیچ شتێك رووی نه‌داوه.
هه‌ر شه‌وی رابردوو له كه‌ره‌ج خه‌ڵك هه‌ستیان به بوومه‌له‌رزه كردووه كه سه‌ره‌تاكانی دیار نه‌بوو به‌هۆی ته‌قینه‌وه بووه یان به‌ڕاستی بوومه‌له‌رزه رووی داوه. دواتر ناوه‌ندی بوومه‌له‌رزه‌زانی زانكۆی تاران بڵاوی كرده‌وه، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به گوڕی چوار پله به پێوانه‌ی ریخته‌ر له شاری ماهده‌شتی پارێزگای ئه‌لبورز له قووڵایی هه‌شت كیلۆمه‌تریی زه‌وی رووی داوه.
دوای ئه‌م رووداوه به‌شێك له هاووڵاتییانی كه‌ره‌ج له ماڵه‌كانیان هاتنه ده‌ره‌وه له ترسی ئه‌وه‌ی بوومه‌له‌رزه‌ی به‌هێزتر روو بدات. بوومه‌له‌رزه، هه‌وره‌بروسكه، ره‌شه‌با، ئاگركه‌وتنه‌وه و ده‌نگی ته‌قینه‌وه، كۆمه‌ڵێك رووداو بوون كه شه‌وی رابردوو خه‌وی له خه‌ڵكی كه‌ره‌ج زڕاند، به‌ڵام كه‌س نییه راستییه‌كانیان پێ بڵێت.
گومان له‌وه ده‌كرێ ئه‌و ته‌قینه‌وه و ئاگركه‌وتنه‌وانه‌ی شه‌وی رابردوو و ته‌نانه‌ت ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی ئیسفه‌هان و ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌نده‌ر عه‌باس ده‌ستێكیان له پشت بێت، به‌ڵام كه‌س ناوێرێت ئاشكرای بكات، گومانی ئه‌وه له ئارادایه له ده‌ره‌وه پلانێك بۆ لێدان له ناوه‌ند ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران له ئارادا بێت.
شه‌مووی رابردوو به‌هۆی ته‌قینه‌وه له به‌نده‌ر عه‌باس لانی كه‌م 70 كه‌س كوژران و هه‌زار و 200ی تر بریندار بوون. به‌رپرسانی ئێران هێشتا خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ن له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ته‌قیوه‌ته‌وه چییه و بۆچی ته‌قینه‌وه‌كه رووی داوه.
میدیاكانی ده‌ره‌وه هه‌رزوو هۆكاری ته‌قینه‌وه و جۆری ئه‌و ماده‌یه‌شیان ئاشكرا كرد كه ئه‌وه‌ی ته‌قیوه‌ته‌وه، به سووته‌مه‌نیی مووشه‌ك هه‌ژمار ده‌كرێت و به گوته‌ی واشنتن پۆست و نیویۆرك تایمز، به‌هۆی هه‌ڵه گواستنه‌وه‌ی ماده‌كه ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه رووی داوه.
گومانی ئه‌وه هه‌یه ئیسرائیل له پشتی كۆی ئه‌و رووداوانه بێت. هه‌فته‌ی رابردوو دیپلۆماتكارێكی پێشووی ئێران زۆر به راشكاوی گوتی، ئه‌وه‌ی روو ده‌دات ئیسرائیلی له پشته و ته‌نانه‌ت گوتی ئه‌وه‌ی رووی داوه ده‌ستپێكی هێرش و خراپكارییه‌كانی ئیسرائیله و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكاش ناتوانێ بیوه‌ستێنێت.
حوسێن عه‌لیزاده كه ئێسته له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژی و بۆ چه‌ندان ساڵ دیپلۆماتكاری ئێران بووه، ئاماژه‌ی داوه كه ئیسرائیل تا ئه‌م ساته پێی وایه تاران مه‌ترسییه بۆ سه‌ری و تاران له هه‌وڵی له‌ناوبردنیدایه، بۆیه‌ش بۆ له‌ناوبردنی تواناكانی كۆماری ئیسلامی هه‌نگاو بۆ هه‌موو شتێك ده‌نێت.
ئه‌و جگه له‌وه‌ی كه رووداوی ته‌قینه‌وه‌ی به‌نده‌ر عه‌باس به كاری ئیسرائیل ده‌زانی، ده‌ڵێت ئیسرائیل ده‌ستی به پلانه‌كه‌ی كردووه و له داهاتوودا زۆر هێرشی كاره‌ساتبارتر روو ده‌ده‌ن. عه‌لیزاده ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه ئه‌و شوێنه‌ی له به‌نده‌ر عه‌باس ته‌قێنرایه‌وه، پێوه‌ندیی به پلانی ئه‌تۆمیی ئێرانه‌وه هه‌یه.
''ئیسرائیل ده‌ڵێت حكوومه‌تێك له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه ده‌یه‌وێت من له‌ناو ببات، بۆیه من ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كه‌م، هیچ كاتێك ئیسرائیل نه‌یگوتووه ئێران له‌ناو ده‌به‌م، به‌ڵام ئه‌و مافه به خۆی ده‌دات ده‌سه‌ڵاته‌كه له‌ناو ببات، به پێچه‌وانه‌ی ئێران كه ده‌ڵێ ئیسرائیل به ته‌واوی له ناو ده‌به‌م.'' عه‌لیزاده وای گوت.
وه‌ك زیاتر خستیه روو، ئیسرائیل توانای زۆره و ته‌نانه‌ت گوێ به ئه‌مه‌ریكاش نادات، بیانووشی بۆ ئه‌و كارانه‌ی هه‌یه و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌لاوه گرنگه و ته‌نانه‌ت ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌یكات به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی له ئه‌ستۆ ناگرێت، وه‌ك چۆن له هێرش بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئێران له دیمه‌شق و كوشتنی زاهیدی له فه‌رمانده باڵاكانی سوپای پاسداران، به‌رپرسیارێتی له ئه‌ستۆ نه‌گرت.