ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەلێدوانێكی كتوپڕ وەستانی هێرشە ئاسمانییەكانی لە دژی حوسییەكانی یەمەن راگەیاند، دووپاتی كردەوە ئەوان خۆیان رادەست كردووە و داوایان كردووە چیتر هێرشیان نەكرێتە سەر، چیتر هێرش ناكەنە سەر رێڕەوی بازرگانی لە ناوچەكە، بەڵام بۆچی هێرشەكەی وەستاند؟
ترەمپ لەبارەی وەستانی هێرشەكانی ئەمەریكا گوتی، حوسییەكان دەڵێن چیتر شەڕیان ناوێت، بۆیە دەستپێشخەریی ئەوان قبووڵ دەكەین و لە هێرشەكانمان بۆ سەر یەمەن دەوەستین، شەوی رابردوو هەواڵی باشمان پێ گەیشت كە حوسییەكان چیتر شەڕیان ناوێت، ئێمە رێز لەو راگەیاندنەیان دەگرین و هێرشەكانمان رادەگرین و ئەوان خۆیان رادەست كرد، لەوەش گرنگتر ئێمە باوەڕ بە قسەكەیان دەكەین كە چیتر هێرش ناكەنە سەر كەشتییەكان، ئەوەش ئامانجی ئێمە بوو لە هێرشەكانمان، ئێمە رێككەوتنمان لەگەڵ نەكردوون، بگرە ئەوان دووپاتیان كردووەتەوە كە چیتر هێرش ناكەنە سەر كەشتییەكان و شەڕیان ناوێت.
راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن ئەو لایەنەی میانگیریی لە نێوان ئەمەریكا و حوسییەكان كردووە عومانە، كاتێك ئەو وڵاتە رای گەیاند كە هەوڵەكانی بۆ میانگیری سەركەوتوو بوو لە دوای پێوەندیكردنی بە هەردوولا بە مەبەستی هێوركردنەوەی دۆخەكە، بۆیە هەوڵەكان گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر ئاگربەست لە نێوان هەردوولا بەوەی ئازادی بۆ رێڕەوی بازرگانیی دەریایی لە ناوچەكە بگەڕێتەوە.
لەوكاتەی بەرپرسێكی سەربازیی حوسییەكان رەتی دەكاتەوە كە خۆیان رادەست كردبێت و هێرشیان بۆ سەر كەشتییەكان وەستاندبێت، لێدوانەكانی ترەمپیش لەوبارەوە راست نییە و هیچ گفتوگۆیەكمان لەگەڵ ئەمەریكا نەكردووە، بۆیە ئەو قسانەی باسی ئەوە دەكەن بە ئەمەریكامان راگەیاندووە دەمانەوێ شەڕ بوەستێت درۆیە و ترەمپ دەیەوێ لە توانای سەربازیی ئێمە كەم بكاتەوە و هێرشی ئەوان و ئیسرائیل ئێمە ترساندووە، بۆیە وەڵامێكی گونجاومان بۆ ترەمپ و ئیسرائیل دەبێت.
لەو كاتەی ترەمپ هۆكاری وەستانی هێرشەكانی بۆ سەر یەمەن روون نەكردەوە، كە تا ئێستە 800 ئامانجی گرنگی ئەوانی پێكاوە و 650 چەكداری كوشتوون لە نێوانیان دەیان بەرپرسی سەربازی هەن، جیا لە وێرانكردنی جبەخانە و ژێرخان و توانای سەربازی و مووشەكی و درۆنی ئەوان، بەڵام بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانی سعوودیە و قەتەڕ و ئیمارات بكات، لە ریاز لەگەڵ سەركردەی وڵاتانی كەنداو كۆ ببێتەوە، بۆیە شارەزایان پێیان وا نییە رازیبوونی ترەمپ بە ئاگربەست بەهۆی داوای حوسییەكان بێت، بگرە ئامادەسازییە بۆ سەردانەكەی بۆ ناوچەكە.
ئەو هێوربوونەوەی دۆخەكە زیاتر تەكتیكییە و ترەمپ دەیەوێ پەرەسەندن لە ناوچەكە لە كاتی سەردانەكەی نەمێنێت، جیا لەوە پەیامێكیشە بەوەی لەگەڵ پەرەسەندنی ئیسرائیل بۆ هێرشەكانی بۆ سەر یەمەن نییە و دەیەوێ وا خۆی پێشان بدات كە بە تەواوەتی لایەنگری لە ئیسرائیل ناكات، بۆیەش حكوومەتی ئیسرائیل لە دوای بڕیارەكەی ترەمپ رای گەیاند كە بۆ ئەوان كتوپڕ بووە و هاوئاهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ ئەوان نەكراوە، بڕیارەكەی ترەمپ بۆ ناوەندی سیاسی و سەربازیی ئیسرائیل مایەی شۆك بووە، بەتایبەتی بەهۆی بەردەوامیی هێرشی حوسییەكان بۆ سەر ئیسرائیل.
جیا لەوانەی باس كران بەم دواییە هێرشی حوسییەكان زۆر كەمی كردووە، بەتایبەتی بۆ سەر كەشتییەكان و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، ئەوەش پاساوی دایە واشنتن بۆ راگرتنی هەڵمەتە سەربازییەكەی، بێ ئەوەی وا لێك بدرێتەوە كە لە ژێر گوشار ئەو كارەی كردووە، جیا لەوە ئاماژەی ترەمپ بۆ راگەیاندنێكی گرنگ لە رۆژانی داهاتوو، رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ بوونی لێكگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە لە چوارچێوەی گرێبەستێكی فرەوانتر لە ناوچەكە، كە رەنگە ئێران و حوسییەكان و كەرتی غەزە بگرێتەوە.