بەغدا بە نەناردنی مووچە دەیەوێ گوشار بخاتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك پەرلەمانتاریش وەك دەمڕاست و چاوساغی بەغدا مامەڵە دەكەن و هێندەی تر دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكەن، ئەوەش بۆ ئەوەی ئاژاوە لە هەرێمی كوردستان دروست بێت، چاودێران پێیان وایە ئەوانەی بە شانوباڵی بەغدا هەڵدەدەن و پێیان وایە بەغدا راستە و برسیكردنی فەرمانبەران بە راست دەزانن، دەروونی خەڵكی هەرێم تێك دەدەن، بەڵام لەو مامەڵەیان هیچیان دەست ناكەوێت.
رێبوار كەلاری رۆشنبیری و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوانە هەر خۆیان گوتیان نەوت بدەنە بەغدا، بەغدا مووچە دەنێرێت و كێشە نامێنێت، بەڵام بەو جۆرە نەبوو، دواتر گوتیان با بەغدا راستەوخۆ مووچە بدا و ئەوەشیان بۆ نەچووە سەر، ئێستەش هاتوون لە نەدان و برسیكردنی فەرمانبەرانی هەرێم بە راست دەزانن و دەڵێن بەغدا راست دەكات كە مووچە نانێرێت، لەكاتێكدا هەرێم چەند هەفتەیەكە لیستی مووچەی ناردووە و لیستەكەش لە لایەن بەغداوە وردبینیی بۆ كراوە و هیچ گرفتی نەبووە، پابەند بووە و داهاتیشی ناردووە، بەڵام هەر پێیان وایە بەغدا راست دەكات و هەرێم ناڕاست بووە لەوەدا.
روونی كردەوە، ئەوانە زیاتر وەك پارێزەری بەغدا دژی فەرمانبەران و حكوومەتی هەرێمی كوردستان مامەڵە دەكەن، ئەوان با باش بزانن كە خەڵك لێیان بێزارە، چونكە هەموو هەوڵێكیان بۆ خۆیانە و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان كار دەكەن، ئەو پەرلەمانتارانە بوونەتە دژی ناوخۆ، بەغدا بەو كارانە دەیەوێ بەو جۆرە لە ناوخۆ دژایەتی و ئاژاوە بنێتەوە، بەڵام ئەوانە دركی پێناكەن و نایانەوێ لەوە تێبگەن.
لای خۆیەوە خەدیجە عومەر شارەزای یاسایی بە "وشە"ی گوت، لەكاتێكدا حكوومەتی هەرێم بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و كێشەی مووچەی چارەسەر بكات، كەسانێك دەیانەوێ دۆخەكە ئاڵۆز بكەن و خراپتری بكەن، بە دڵنیاییەوە ئەوە وەك پاڵشتییەك و هاندانێكی بەغدایە، بۆچی ناڵێن هەرێم لیستی بەبێ كێشە ناردووە، بەغدا وردبینیی كردووە و ئامادە نییە مووچە بنێرێت.
روونی كردەوە، بۆ ئەوە نابینن بەغدا دوو ساڵە ستەم لە فەرمانبەران دەكا پێیان وایە هێشتا بەغدا لەسەر حەقە نەك هەرێم، لانی كەم پشتیوانی بەغدا نەكەن لە بەرانبەر برسیكردنی فەرمانبەران و قووتی خەڵك، هەموو شتێك بە یاسا رێك خراوە لە نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵام بەغدا نایەوێ ئەوە بكا و هەردەم سەرپێچی دەكات.
تەحسین غەریب چالاكێكی سیاسییە بە "وشە"ی گوت، لە ماوەی ساڵانی رابردوو و لە سەردەمی دەسەڵاتی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، زۆر لە هێزە سیاسییە عێراقییەكان بەدوای ئەوەوە بوون كە هەرێمی كوردستان لاواز بكەن و دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێم سنووردار بكەن، بەڵام ئەوەیان بۆ نەچووە سەر، ئێستە كۆمەڵێك پەرلەمانتاری كورد هەمان كاری ئەو كەس و هێزە عێراقییانە دەكەن، بەڵام نە بۆ ئەوان و نە بۆ دژەكانی ناوخۆش دەچێتە سەر، بەڵكو حكوومەتی هەرێم بەهێز و بەهێزتر دەبێت.
ئەو باسی لەوەش كرد، كاری ئەوانە بووە بەوەی رۆژانە بچنە سەر مایك و چاوڕاستی بۆ بەغدا بكەن، بۆیە هەر رۆژە و بابەتێك دێننە بەر باس، ئەوەش بۆ زیاتر پێشاندانی دوژمنایەتیی ئەم هەرێمە، ئەوانە هەموو شتێك بۆ دژایەتی حكوومەت دەكەن.
وشە/ هۆشیار عەلی