بڕیاره سبه‌ی یه‌كشه‌م 11ی ئایار گه‌ڕی چواره‌می دانوستان له نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكادا به‌ڕێوه بچێت، له به‌ره‌به‌ری ده‌ستپێكردنی ئه‌و گه‌ڕه‌ی گفتوگۆكان، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا هێڵی سوور دیاری ده‌كه‌ن و زۆر راشكاوانه‌تر له‌سه‌ر ئامانجه‌كانیان ده‌دوێن.
ستیڤ ویتكاف نوێنه‌ری تایبه‌تیی دۆناڵد تره‌مپ بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رای گه‌یاند، پیتاندنی یۆرانیۆم لای ئه‌مه‌ریكا هێڵی سووره و هه‌موو ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی ئێران كه توانای پیتاندنی یۆرانیۆمیان هه‌یه، ده‌بێت له‌ناو ببرێن و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یشی كرد ئه‌گه‌ر دانوستانه‌كان ده‌ره‌نجامی ئه‌رێنییان نه‌بێت، ئه‌وا درێژه‌ی پێ ناده‌ن.
ئه‌و ئاماژه‌ی به دواین په‌یام و لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی ئێران كردوه كه گوتوویانه بۆمبیان ناوێت، بۆیه‌ش پێی گوتوون ئه‌گه‌ر بۆمبتان ناوێت، كه‌وایه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێویستیتان به دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمیی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم نییه.
ویتكاف ئاماژه‌ی دا كه متمانه‌یان به ئێران نییه و هه‌موو ئه‌و سووته‌مه‌نییه ئه‌تۆمییه‌ی هه‌یانه ده‌بێت بۆ شوێنێكی دووری بگوازنه‌وه. ته‌نانه‌ت پرسیاری ئه‌وه‌ی له ئێران كردووه بۆچی ته‌واوی دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانیان وه‌ك دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمیی بووشه‌هر لێ ناكه‌ن كه توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی نییه.
نوێنه‌ری تره‌مپ بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌نانه‌ت به ئێرانی گوتووه، چیتر تره‌مپ تاقی نه‌كه‌نه‌وه، چونكه كارێكی باش نییه و ئێران هیچ رێگه‌یه‌كی تری نییه جگه له‌وه‌ی كه داواكارییه‌كانی تره‌مپ قبووڵ بكات.
ئه‌و هه‌ڵوێسته نوێیه‌ی ویتكاف دوو رۆژ دوای ئه‌وه دێت دۆناڵد تره‌مپیش داوای كردبوو، ئێران به كرده‌وه سه‌رجه‌م سانتریفیووژه‌كانی له‌ناو ببات كه تایبه‌تن به پیتاندنی یۆرانیۆم. سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گوتبووی ''ئه‌وه‌ی له داهاتوودا پێویسته روو بدات، له‌ناوبردنی سه‌رجه‌م سانتریفیووژهكانه له ناوه‌نده ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران، جا ئه‌وه به ده‌ستی ئێرانه، حه‌ز ده‌كات له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتن و به هێمنی كۆتاییان پێ بهێنێت، یان خۆمان به هێرش و بۆردمان له‌ناویان ده‌به‌ین.''
دۆناڵد تره‌مپ جارێكی تر پێداگریی له‌وه كرد كه ئێران نابێت هه‌رگیز چه‌كی ئه‌تۆمی هه‌بێت، بۆیه نابێت ئێران رێگه‌یه‌كی هه‌ڵه هه‌ڵبژێرێت كه ئه‌مه‌ریكا ناچار به هه‌ندێك كاردانه‌وه بكات كه حه‌زی لێ ناكات.
له سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردووش‌دا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له چاوپێكه‌وتنێكدا كه ته‌له‌ڤزیۆنی ئێن بی سی له‌گه‌ڵیدا ساز كردبوو، زۆر به راشكاوی رای گه‌یاند، ته‌نیا به له‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كیی پلانی ئه‌تۆمیی ئێران رازی ده‌بێت، هه‌رچه‌نده حه‌زیش ده‌كات گوێی له دید و تێڕوانینی ئێران له‌باره‌ی لایه‌نه ناسه‌ربازییه‌كانی پلانی ئه‌تۆمی بێت.
تره‌مپ گوتبووی، ئێسته بۆچوونێكی نوێ له ئارادایه بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با به پشتبه‌ستن به پلانی ئه‌تۆمی، به‌ڵام ئێران ئه‌و هه‌موو نه‌وته‌ی هه‌یه، چ پێویستییه‌كی به پلانی ئه‌تۆمی هه‌یه تا له رێگه‌ی ئه‌وه‌وه كاره‌با به‌رهه‌م بهێنێت؟.
تێڕوانینه‌كانی تره‌مپ دوای گه‌ڕی سێیه‌می دانوستان توندتر بوون و پێشتر جۆرێك نه‌رمییان پێوه دیار بوو، ته‌نانه‌ت ئیسرائیلییه‌كانی نیگه‌ران كردبوو و پێیان وابوو تره‌مپ ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ی 2015 و مافی رێژه‌یه‌ك پیتاندنی یۆرانیۆم به ئێران ده‌دات.
بڕیاره دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له رۆژانی 13 تا 16ی ئه‌م مانگه سه‌ردانی وڵاتانی سعوودیه، ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی و قه‌ته‌ر بكات.
یه‌كێك له ناكۆكییه سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا له میانه‌ی سێ گه‌ڕی رابردووی دانوستانه‌كان ئه‌وه‌یه، ئێران ده‌خوازێت رێی پیتاندنی یۆرانیۆمی پێ بدرێت و به مافی خۆیشی ده‌زانێت درێژه به پلانه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی بدات. ئێران گوتوویه‌تی، ته‌نیا پلانی ناوكی بردووه‌ته سه‌ر مێز و پرسی پیتاندنیش به مافی ره‌وای خۆی ده‌زانێت و ده‌ڵێت، ته‌نیا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌كه‌ی ده‌كرێ دانوستان بكه‌ن.
دواین هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌یسه‌لمێنن له‌گه‌ڵ پیتاندندا نییه و ئه‌گه‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێیدا ئێران سازش له‌سه‌ر ئه‌و مافه نه‌كات، ئه‌وا پێشبینی ده‌كرێ دۆخه‌كه ئاڵۆزتر ببێت و ئه‌گه‌ریش سازش بكات، ئه‌وا دانوستانه‌كان درێژه‌یان پێ ده‌درێت.