ئایا ترەمپ دەتوانێ ناوی كەنداوی فارس بگۆڕێت؟

:: PM:04:20:11/05/2025 ‌
سەرۆك ترەمپ پێشنیاری گۆڕینی ناوی كەنداوی فارسی بۆ كەنداوی عەرەبی كردووە، پێش گەشتێكی چاوەڕوانكراو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم زانیارییە ئێران و خەڵكەكەی تووڕە كردووە. بەڵام ترەمپ ڕۆژی چوارشەم لە ئۆفیسی كۆشكی سپی گوتی، "دەبێت بڕیار بدەم، ناشمەوێ هەستی كەس بریندار بكەم. بۆیە نازانم هەستی كەس بریندار دەبێت یان نا."

لەم هەفتەیەدا "ئەسۆشیەیتد پرێس" ئاشكرای كرد كە ترەمپ پلانی دابوو ناوگۆڕینی كەنداوەكە لە گەشتەكەیدا بۆ وڵاتانی عەرەبی ڕابگەیەنێت، ئەو وڵاتانە چەندان ساڵە لۆبی بۆ ئەم گۆڕانكارییە كردووە. بەپێی زانیارییە مێژووییەكان، ئەم ڕێڕەوە ئاوییە بە لایەنی كەمەوە ساڵی 550ی پێش زاین، ناوی كەنداوی فارس بووە، كاتێك كە بنەماڵەی "كۆروشی مەزن" ئیمپراتۆریەتێكی بەڕێوە دەبرد كە لە هیندەوە تا سنوورەكانی ڕۆژئاوای ئەوروپا دەسەڵاتی بەسەردا هەبوو. فارسی كۆن ئێستە بەشێكی ئێرانی مۆدێرنە و تەواوی كەناری باشووری وڵاتەكە درێژ دەبێتەوە بە سنوری كەنداوەكەدا.

حكوومەتەكانی ئێران لە سەردەمی پێش شۆڕش و پاشاییەوە، بە توندی بەرگرییان لە ناوی كەنداوی فارس كردووە، وەك تاكە ناو بۆ كەنداوەكە. هەروەها ئێرانییەكانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ناوەكە وەك بەشێكی سەرەكی لە ناسنامەی نەتەوەیی و كولتوورییان دەبینن. بۆیە بە پێشنیاری گۆڕینی ناوەكە، ترەمپ بە نیازی شتێكی مەحاڵە، ئەمە "یەكگرتنەوەی ئێرانییەكانی لە هەموو لایەنە سیاسی، ئایدۆلۆجی و ئاینییەكان" لێ كەوتووەتەوە و لە ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیادا قسەی لەبارەوە دەكەن و بیرۆكەكەی ترەمپ سەركۆنە دەكەن.

ئەوەی پێویستە بیزانن:
ئایا ترەمپ بە ڕاستی دەتوانێ ناوی كەنداوەكە بگۆڕێت؟
كاردانەوەی ئێرانییەكان چۆن بووە؟
مێژووی كەنداوی فارس چییە؟
ئایا ئەمە كاریگەریی لەسەر دانوستانەكانی ئێران - ئەمەریكا دەبێت؟

بە گشتیی، ترەمپ دەسەڵاتی هەیە فەرمانی گۆڕینی ناوی جیۆگرافی بدات وەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكان بەكار دەهێنرێت، بەڵام وڵاتانی تر دەتوانن ئەو گۆڕانكارییانە پەسند نەكەن.

ئەمساڵ فەرمانێكی جێبەجێكاری دەركرد بۆ نوێكردنەوەی سیستمی زانیاریی ناوە جیۆگرافییەكانی حكوومەت بۆ گۆڕینی هەموو ئاماژەكان لە كەنداوی مەكسیك بۆ كەنداوی ئەمەریكا. بەڵام ڕاستەوخۆ دوای ئەوە، (سەرۆك كلاودیا شینباوم گوتی، حكوومەتی مەكسیك سكاڵای لە دژی گووگڵ تۆمار كرد لەسەر بڕیارەكەی بۆ پابەندبوون بە فەرمانی ترەمپ)

بەڵام دەستەی ناوە جیۆگرافییەكانی ئەمەریكا فەرمانی بەكارهێنانی ناوی كەنداوی فارس یان عەرەبی دەدات بۆ كاروباری فەرمی ناو ئەمەریكا. هەرچەندە لەسەر ئاستی جیهانی، ڕێكخراوی "هایدرۆگرافی" كە كار بۆ ستانداردكردنی ناوی سنوورە دەریاییەكان دەكات، بە "نیویۆرك تایمز"ی ڕاگەیاندووە، "ئەمساڵ هیچ ڕێككەوتنێكی نێودەوڵەتی فەرمی یان پرۆتۆكۆلێك نییە، بۆ ناولێنانی ناوچە دەریاییەكان."

كاردانەوەی ئێرانییەكان چۆن بووە؟

بیرۆكەكەی ترەمپ ڕەخنەی بەشێكی بەرفرەوانی ئێرانییەكانی بەدوای خۆیدا هێنا كە زۆرجار لەسەر چەندان بابەت دابەش دەبن بۆ چەند بەرەكی بۆچوون جیاواز.

مێژووناس تووراج دەریایی بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی فارسیی لە زانكۆی كالیفۆرنیا، دەڵێ، ئەمە لە سیاسەت تێدەپەڕێت، لە دابەشبوونی ئاینی و ئایدۆلۆجیا ڕەت دەبێت، لە كاتێكدا ئەمە پێوەندیی بە نەتەوە و مێژووەكەیەوە هەیە. تووراج دەپرسێ، ئایا ترەمپ دەیەوێت لەگەڵ ئێران دانوستان بكات یان دەیەوێ ناسنامەی نەتەوەیی لێ بسەنێتەوە؟.

دەریایی باس لەوە دەكات كە لە سەردەمی كۆنەوە ئێرانییەكان ئاماژەیان بە نەتەوەكەیان كردووە و نموونە دەخاتە ڕوو وەك، "ئاب و خاك"، كە واتای "ئاو و زەوی" دەگەیەنێت. دوو سەرچاوەی ئاو كەنداوی فارس لە باشوور و دەریای خەزەر لە باكور، بە قووڵی لەگەڵ دەروونی خەڵكی ئێرانیدا تێكەڵ بوون و جۆرێكن لە هێمای نەتەوایەتی.

لای خۆیەوە ئەحمەد زەیدئابادی شرۆڤەكاری ناسراوی تاران، لە ئێكس نووسیویەتی، "تەنیا لەبەر ئارەزوو و هەوەسەكانی ترەمپ، كەنداوی مەكسیك نابێت بە كەنداوی ئەمەریكا، كەنەدا نابێتە بەشێك لە ویلایەتە یەكگرتووەكان، گرینلاند نابێتە موڵكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كەنداوی فارس ناوێكی ساختە وەرناگرێت."

بەدوای ئەوەدا، تیپی نیشتمانی تۆپی پێی ئێران بە نەخشەیەكی كەنداوی فارس و هاشتاگی باوی #ForeverPersianGulf  لە پەڕەی فەرمی ئینستاگرامی خۆی دەنگی دا. 

تەنانەت كەسایەتییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش ناڕەزایی خۆیان دەربڕی، بۆ نموونە ڕەزا پەهلەوی كوڕی شای لادراوی ئێران كە پشتگیریی ترەمپ دەكات و هانی داوە واز لە دیپلۆماسی لەگەڵ حكوومەتی تاران بهێنێت، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گوتی، "بڕیاری پێشنیازكراوی سەرۆك ترەمپ بۆ شێواندنی مێژوو، ئەگەر ڕاست بێت، سووكایەتییە بە گەلی ئێران و شارستانییەتە مەزنەكەمان."



مێژووی كەنداوی فارس چییە؟

ناوی كەنداوی فارس بەدرێژایی مێژوو بەكار هاتووە، لە نەخشە و بەڵگەنامە و دیپلۆماسیدا ڕەنگی داوەتەوە، لە سەردەمی فارسە كۆنەكانەوە كە ئیمپراتۆریەتەكەیان زاڵ بوو بەسەر ناوچەكەدا، تا یۆنانی و بەریتانییەكان. هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناوەكەی بۆ "كەنداوی عەرەبی" لە كۆتایی ساڵانی 1950 لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی پان-عەرەبی برەوی سەند.

نەتەوە یەكگرتووەكان زاراوەی كەنداوی فارس بەكار دێنێت. توێژینەوەیەكی ساڵی 2006ی گرووپێكی كاری نەتەوە یەكگرتووەكان، هاوڕاییەكی لە بەڵگەنامە مێژووییەكاندا لەبارەی زاراوەكە دۆزییەوە كە بەوە ڕای گەیاند، لە سەدەی پێنجەمی پێش زاینەوە لەلایەن شا داریوشی فارسەوە ناوەكە داهێنراوە.

ئایا ئەمە كاریگەریی لەسەر دانوستانەكانی ئێران - ئەمەریكا دەبێت؟

ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان سێ گەڕی دانوستانیان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی بە ناوەندگیری عومان هەبووە و بڕیارە ئەمڕۆ دووبارە كۆببنەوە. ئەمەریكا دەیەوێت ڕێگریی بكات لەوەی ئێران بەرنامە ناوكییەكەی بۆ مەبەستی سەربازیی بەكار بهێنێت، ئێرانیش دەیەوێت ئەو سزایانەی لەسەر لابچێ كە ئابوورییەكەیان تەنگەنەفەس كردووە.

سەید حوسێن مووسەویان دیپلۆماتێكی پێشووی پایەبەرزی ئێران و ئەندامی تیمی دانوستانكاری كۆماری ئیسلامی، ساڵی 2015، نایشارێتەوە، "ئەگەر ترەمپ ناوی كەنداوی فارس بگۆڕێت، گورزێك لە دانوستانەكان دەدات" بیانوویشی بۆ قسەكەی ئەوەیە كە ئەو ناوگۆڕینە "تەنیا بێمتمانەیی دروست دەكات و توندڕەوەكانی ئێران هان دەدات كە هەمیشە دەڵێن ناتوانی متمانە بە ئەمەریكا بكەیت".

سەرچاوە\نیویۆرک تایمز

وەرگێڕانی\وشە




وشە - وشه‌