لە سلێمانی كێشە بۆ سەرچاوەی ئاوی سەرچنار دروست دەبێت و پارێزگا بێدەنگە

:: PM:10:10:12/05/2025 ‌

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، ئاوی سەرچنار كە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دەیان هەزار هاووڵاتیی سنوورەكەیە، گرفتی بۆ دروست بووە، لە لایەك دابەزین و كەمبوونەوەی ئاوەكە و لە لایەكی تر بەهۆی بوونی بەنزینخانەیەك لە نزیك سەرچاوەی ئاوەكە، ئەوەش گرفتی گەورەیە و بە گوتەی ئەندامێكی كەمپینی گۆیژە بپارێزە، پاشماوەی بەنزینخانەكە تێكەڵی ئاوی سەرچنار بووە و مەترسیی دروست كردووە.

ئاوی سەرچنار سێ سەرچاوەی هەیە، یەكێك لە سەرچاوەكانی لە نزیك ئەو بەنزینخانەیە كە پێش چەند ساڵێك لە لایەن هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی مۆڵەتی كردنەوەی پێ دراوە، هەرچەندە ئەوكات راگەیەندرا ئەگەر مەترسیی لەسەر ئاوی سەرچنار دروست كرد پێویستە بەنزینخانەكە لاببرێت، بەڵام لە ئێستە مەترسیی دروست كردووە و لە شوێنی خۆیەتی و لانەبراوە.

ئومێد محەمەد ئەندامی كەمپینی گۆیژە بپارێزە بە "وشە"ی راگەیاند، كۆمپانیایەك خەریكی دروستكردنی پڕۆژەیەكی گەشتیاری بوو لە نزیك دوو سەرچاوەی ئاوی سلێمانی، پڕۆژەكە بە تەواوی مەترسیی لەسەر سەرچاوەی ئاوی سەرچنار هەبوو، بەڵام ئێستە داواكاری گشتی ئەو پڕۆژەی راگرتووە كە هی "كاسۆ كار" بوو، پڕۆژەكە خۆی لە گەشتیاری و نیشتەجێبوون دەبینییەوە، گرفتەكە ئەوەیە ئەو سێ كونەی كە ئاوی سەرچناریان لێ دێتە دەرەوە، یەكێكیان لە ژێر بەنزینخانەكەیە، دوانیان دەكەونە ژێر ئەو كارگەی پڕۆژەكەی دەكەوێتە سەر، بە كردنەوەی ئەو پڕۆژەیە لە هەر كاتێكدا، ئەو دوو كونە یان سەرچاوەیەی ئاوی سەرچنار وشك دەكا و گرفت و مەترسیی گەورە دروست دەبێت.

روونی كردەوە، بەنزینخانەكە، كە یەكێك لە سەرچاوەكانی ئاوی سەرچناری لە ژێرە و كاتی خۆی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی رەزامەندیی لەسەر دا بۆ كردنەوەی، دواتر گوتیان ئەگەر گرفت و كێشەی بۆ ئاوی سەرچنار دروست كرد دەبێت لاببرێت، ئێستە گرفتی دروست كردووە و لانەبراوە، ئەگەرچی ئاوی ژێر زەویی سلێمانی داوای لابردنی كردووە، بەڵام پاشماوەی بەنزینخانەكە تێكەڵ بە ئاوی سەرچنار بووە، كە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی بەشێكی سلێمانییە و پاشماوەكەش بە رێژەیەكی زۆرە نەك كەم.

ئەو ئەندامەی كەمپینی گۆیژە بپارێزە باسی لەوەش كرد، پاشماوەكە زۆر بە خراپی تێكەڵ بووە، پارێزگاریش ئاگەدار كراوەتەوە كە خۆی بڕیاری گواستنەوەی داوە، كاتی خۆی كۆمەڵێك خاڵ بۆ ئەو بەنزینخانەیە دانرا، لە خاڵی شەشەم باس لەوە دەكات، ئەگەر زانرا گرفتی بۆ دروست دەبێت، دەبێت لاببرێت، بەڵام هەڤاڵ ئەبوبەكر بە قسەی بڕیارەكانی خۆشی ناكات، ئەمە پێویستە هەرچی زووە لایەنی پێوەندیدار لەسەر ئەو بابەتە بێنە دەنگ و بێدەنگ نەبن، چونكە ئەوە مەترسییە لەسەر ئاوی سەرچنار و گرفتی گەورەشە، خۆ ئەگەر پڕۆژەكەش بكەوێتە كار، ئاوی سەرچنار وشك دەكا یان زۆر كەم دەكات.

لای خۆیەوە تەحسین محەمەد چالاكێكی سلێمانی بە "وشە"ی گوت، ئاوی سەرچنار یەكێكە لە سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی كە ئاوی دانیشتوانی دەوروبەری سەرچنار دەدات، لە وەرزی زستان دەبوژێتەوە و بە هاوین كەم دەكات، بەڵام لەگەڵ كەمبوونەوەی گرفتیشی بۆ دروست دەبێت، بەهۆی ئەو بەنزینخانەیەی لە نزیكیەوە هەیە و ئەوە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان نییە، بۆیە دەبێت دەستبەجێ هەستن بە لابردنی ئەو بەنزینخانەیە.

لە ماوەی رابردوو چەندان پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەسەر موڵكی گشتیی و جوانییەكانی سلێمانی دروست كراوە، لەوانە پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەسەر شاخی گۆیژە، كۆمپانیایەك شاخی گۆیژەی هەڵدڕی و كردی بە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، كەچی لە كارەكانی بەردەوامە و هیچ حیسابێك بۆ رای خەڵكی شارەكە ناكات، كە دژی داگیركاریی موڵكی گشتی و تێكدانی جوانییەكانی سلێمانی بوون.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت