بەغدا بە بەردەوام لە كاتی لاوازی و تەنگژە سیاسییەكاندا پەنای بۆ سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان و هەولێر هێناوە، كەچی لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێم، سیاسەتی شۆڤینی و خراپ و ناڕەوا پێڕەو دەكات، تەنانەت باكیان بە دەستبردن بۆ قووتی خەڵكی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران و برسیكردنیان نییە، تا ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی وەك سەركردە و كارێزما هاتە دەنگ و بەغدای لە بەردەوامبوون لەو سیاسەتە وریا كردەوە.
ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی وەك هۆشدارییەك بەرانبەر بەو سیاسەتە چەوتەی بەغدا رای گەیاند كە چیتر قبووڵی ناكەین بەغدا بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكا و مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان دوا بخات، وەك چۆن لە ماوەی رابردوو مانگانە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی دوا خستووە، سیاسەتوان و شارەزایان باس لەوە دەكەن كە سەرۆك بارزانی هەموو كات پێداگری لە ماف و دەستكەوت و قووتی خەڵكی كوردستان كردووە.
د. عومەر ئەحمەد مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، سەرۆك بارزانی هەمیشە خوێندنەوەی ورد بۆ هەموو پرسەكان دەكات، هەركات بابەتێك پێوەندیی بە كوردەوە هەبێت، هەمیشە ئامادە بووە و لە رابردووش ئەوەی نیشان داوە، بۆیە كورد بۆ سەرۆك بارزانی زۆر گرنگە، خۆ ئەگەر بابەتەكە پێوەندیی بە قووت و ژیانی خەڵكی كوردستانەوە هەبێت، ئەوە زیاتر پێداگری دەكات لەسەر ئەوەی كە مافی خەڵكی كوردستان نابێت بەو جۆرە یاری بەسەرەوە بكرێت و بە سیاسی بكرێت و دابینكردنی قووتی خەڵك دوا بخرێت، هیچكات ستەم لە كورد قبووڵ ناكا و هەمووكات بەرپرسیارانە بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان مامەڵە دەكات.
ئەو باسی لەوەش كرد، سەرۆك بارزانی هەمووكات وابووە، ئەو قسەیە لەم كاتەدا زۆر گرنگ بوو، پەیامەكەی لە هەمان كاتدا ئاگەداركردنەوەیەك بوو بۆ بەرپرسانی ئێستەی عێراق، ئەوەی بە گوێی هەمووان دا كە كورد هی ئەوە نییە لە بەرانبەر پارە و مووچە بەو شێوەیە مافی زەوت بكرێت، بە هەمووانی گوت كە چیتر پارەی خەڵكی كوردستان بە سیاسی مەكەن و رایمەگرن، ئەمەش خەمخۆرییە و هاتنە دەنگە لە بەرانبەر بەغدا، كە مانگ لە دوای مانگ و لە ماوی چەند ساڵی رابردوو بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ كوردستان كردووە، هەر ئەوەندی پارە و مووچە لە ژێر دەستی ئەواندایە، مانای ئەوە نییە كە چۆنیان بوێت ئاوا دەكەن.
لای خۆیەوە نەژاد ساڵح نووسەر و رۆشنبیر لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، ئەمەی سەرۆك بارزانی دراوە بە گوێی بەغدا و حكوومەتی عێراق، ئەمە بە واتای وەستانی بەغدایە لە بەرانبەر ئەو مامەڵەی كە لەگەڵ كوردستان دەیكەن و هەموو هێزەكەشیان بەكارهێنانی مووچەیە، ئەوەتا نموونەی مووچەی مانگی چوار كە بەغدا چەندین رۆژ ناردنی پارەی بۆ هەرێمی كوردستان دوا خست، لەكاتێكدا لیستی مووچە گرفتی نەبوو، وردبینی كرابوو.
روونی كردەوە، بەغدا مووچەی دوا خست و لەكاتی خۆی نەینارد، ئەمە بیانووە و گوشاركردنە لە هەرێم تا بەغدا خۆی چۆن بیەوێت ئاوا مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات، بەغدا دەبێت بزانێت ناتوانێ ئەوەی دەیەوێ بیكات و بەسەر كورد بیسەپێنێت، بەرپرسانی بەغدا چیان لە كورد دەوێت، خۆیان بەردەوام لە ناو كێشەدان و بۆ چارەسەر دێنە لای سەرۆك بارزانی و رێی هەرێم بەرنادەن.
پێوەست بە هەڵوێستەكەی ئەمڕۆی سەرۆك بارزانی نەجوا كاكەیی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، سەرۆك بارزانی هەمووكات خەمخۆری خەڵكی كوردستان بووە و هەمووكات خۆی بە خەمخۆر و بەرپرسیار زانیوە، ئەوەش ئاگەداركردنەوەیەی بەغدایە كە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران كردوویەتی، سەرۆك هەمووكات هەموو شتێك لە پێناو میللەتی خۆی دەكات.
سەرۆك بارزانی لە قسەكانیدا باسی لەوە كرد كە ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران دەیكات، قبووڵكراو نییە و چیتر قبووڵی ناكەن وەك مانگەكانی رابردوو مووچەی فەرمانبەران بەو شێوەیە لە لایەن بەغداوە دوا بكەوێت.
وشە/ تایبەت